83 عیراق

وەزیری نەوتی عێراق: "بەم زووانە ھەناردەکردنی نەوت لە ڕێگای بەندەری جەیھانەوە دەست پێ دەکاتەوە"

04:30 - 06/03/2025

زەمەن _ عێراقی

 

وەزیری نەوتی عێراق، حەیان عەبدولغەنی ڕایگەیاند کە بەم زووانە ھەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆری نەوتەوە بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا دەست پێ دەکاتەوە ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەری ھەیە لە ماوەکانی داھاتوودا ھەناردەکردنی نەوت لە نەوتی بەسرە لە رێگەی ئەو بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیھان، زیاد بکرێت.

وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، حەیان عەبدولغەنی لە بەغدا سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەیەکی کردووە کە تایبەت بووە بە گفتوگۆکردن لەسەر کارەکانی لیژنەی ھاوبەشی نێوان عێراق و تورکیا.

ڕاشیگەیاندووە لە کۆبوونەوەکەدا کە ئەندامانی لیژنەکە ئامادەبوون، وەزیری نەوتی عێراق جەختی کردووەتەوە لە لە گرنگی یەکلایی کردنەوەی ئەو دۆسیانەی کە پەیوەندییان بە کارەکانی لیژنەکەوە ھەیە، بەتایبەتی دۆسیەکانی ئاو و نەوت.

باسی لەوەشکردووە کە عەبدولغەنی لەبارەی دۆسیەی ئاو، بە پێویستی زانییوە لەوەی دۆسیەی ئاو چارەسەر بکرێت، بە شێوەیەک کە خزمەتی بەرژەوەندییەکانی عێراق بکات لە بەدەستھێنانی بەشێکی دادپەروەرانەی ئاو و ڕاشیگەیاندووە: "بەم زووانە ھەناردەکردنی نەوت بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا دەست پێ دەکاتەوە، ھەروەھا ئەگەری ھەیە لە ماوەکانی داھاتوودا ھەناردەکردنی نەوتی بەسرەش لە رێگەی ئەو بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیھان، زیاد بکرێت".

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لە بارەی ئەو پرسانەی کە تایبەتبوون بە لیژنە لاوەکییەکان لە بوارەکانی ئاو، وزە، نەوت، پەروەردە، دەروازە سنوورییەکان و پەیوەندییەکان، ئاڵوگۆڕی بازرگانی، دۆسیەی وەرزش و لاوان.

ئاماژەی بەوەشداوە کە لە کۆتایی کۆبوونەوەکە، جەخت کراوتەوە لە سەر ئەوەی ڕێکارە تەکنیکییەکانی لیژنەکان تەواو بکرێن، بۆ ئەوەی لیژنە ھاوبەشەکان لەگەڵ لایەنی تورکیا کارا بکرێن، بەشێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی وڵات بکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن