53 جیهان

ئەحمەد شەرع لیژنەیەکى بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانى سوریا پێکهێنا

08:10 - 09/03/2025

زەمەن - جیهانى

 

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆمارى کاتیى سوریا لیژنەیەکى لێکۆڵینەوەى پێکهێناوە کە لە حەوت دادوەر پێکهاتوون، کارى لیژنەکە لێکۆڵینەوە دەبێت لە ئەو رووداوانەى لە لازقییە و شارە کەناراوییەکانى سوریا روویاندا و شەرع بە لیژنەکەى گوتووە، دەبێ لە ماوەى مانگێکدا راپۆرتێک لەبارەیەوە بدەنە سەرۆکایەتیى کۆمار.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـى ئادارى 2025، ئەحمەد شەرع ئەو لیژنەیەى پێکهێناوە بۆ گەڕان بەدواى راستییەکان لەبارەى ئەو رووداوانەى لە شەشى ئادار لە شارە کەناراوەکانى ئەو وڵاتە روویانداوە.

6ـى ئادارى 2025، لە پارێزگاکانى لازقییە و تەڕتووس کە دوو پارێزگاى کەناراویی زۆرینە عەلەویى سووریان، پێکدادان لەنێوان ھێزە ئەمنییەکانى دەسەڵاتى نوێى سووریا و چەند گرووپێکی چەکداری دیکەى روویدا کە گوایە سەر بە سوپاى پێشووى رژێمى بەشار ئەسەد بوون. 


بەگوێرەى دەقى بڕیارەکە، ئەو لیژنەى لێکۆڵینەوەیە کار لەسەر هۆکار و وردەکارى و دۆخى ئەو رووداوە دەکات، لەگەڵ ئەو پێشێلکارییانەى لە دژى هاووڵاتییانی سڤیل و هێرشکردنەسەر دامەزراوە حکومییەکان و سوپا و هێزە ئەمنییەکان کراون، بۆ ئەوەى بەرپرسیارەکانیان دیاری بکرێن. 

لە بڕیارەکەدا هاتووە، دەبێت هەموولایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکان هاوکارى لیژنەکە بن، کە دەتوانێت هەر لایەنێکى پێ باش بێت پەناى بۆ ببات بۆ جێبەجێکردنى ئەرکەکەى و لانیکەم لە ماوەى 30 رۆژ لە دەرکردنى ئەو بڕیارە، راپۆرتێک بۆ سەرۆکایەتیى کۆمار بەرز بکەنەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن