سەرۆکى ئۆکرانیا تەسلیمى ترەمپ بوو داواى ئاشتى دەکات
08:37 - 04/03/2025
زەمەن - جیهانى
ڤۆڵۆدیمیر زێلێنسکى، سەرۆکى ئۆکرانیا ئامادەیى وڵاتەکەى بۆ ئاگربەست راگەیاند و داواى ئاشتى دەکات.
زێلێنسکى لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى ئێکس نووسیویەتى، هیچ یەکێک لە ئێمە خوازیاری جەنگێکی نەبڕاوە نین. ئۆکرانیا ئامادەیە بە زووترین کات بچێتە سەر مێزی دانوستاندن... کەس هێندەی ئۆکراینییەکان ئاشتیخواز نین، من و تیمەکەم ئامادەین لەژێر سەرکردایەتی بەهێزی سەرۆک ترەمپ کار بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی بەردەوام بکەین.
زیلینسکی لەبارەی قۆناغەکانى ئاگربەستەکە ئاماژە بەوە دەکات، دەکرێت وەکو قۆناغى سەرەتایی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکان، رووسیا بەندکراوە ئۆکرانییەکان ئازاد بکات و ئاگربەست لە ئاسمان رابگەیەنێت کە خۆی لە راگرتنی هێرشە مووشەکییەکان، هێرشە درۆنییەکان و بۆمبارانکردنی ژێرخانی وزە و شارستانی دەبینێتەوە.
سەرۆکی ئۆکراینا داواش دەکات، رووسیا ئاگربەستی دەریایی لەگەڵ ئۆکرانیا رابگەیەنێت و هێرشەکانی لە دەریاوە بۆ سەر ئەو وڵاتە رابگرێت.
سەرۆکی ئۆکرانیا سوپاسی ئەمریکا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات کە یارمەتییەکانیان بۆ سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا بەردەوام بووە.
زێلێنسکى لەبارەى کۆبوونەوەکەى لە کۆشکى سپى لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ گوتوویەتى، کۆبوونەوەکەمان لە کۆشکی سپی بەو ئاراستەیە نەڕۆیشت کە ئێمە دەمانویست، جێگەی داخە کە کۆبوونەوەکە ئەو ئاراستەیەی وەرگرت. ئێستا کاتی ئەوەیە شتەکان راست بکەینەوە. ئێمە چاومان لەوەیە هاوئاهەنگی و پەیوەندییەکانمان لە داهاتوودا بنیاتنەرانە بن.