81 کوردستان

سیاسیەكی خۆشەویستی كورد "جەڵتەی دڵ لێیداو شاخوێنبەری دڵی تەقیوە

03:08 - 16/04/2025

زەمەن - هەرێمی كوردستان


پارتی دەم رایگەیاند، شەوی سێشەممە، سڕی سوورەیا ئۆندەر، تووشی نەخۆشییەکی قورسی دڵ بووە و گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی ئیستانبوڵ.

 

 بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پارتی دەم، شاخوێنبەرى دڵی ئۆندەر تەقیوە و براوەتە هۆڵى نەشتەرگەرییەوە و رەوشی تەندروستیی ئۆندەر ناجێگیرە و بە وردی چاودێریی دەکرێت.

ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژى پارتى دەم بەیانیى ئەمڕۆ 16ی نیسان، رایگەیاند، ماوەى چەند کاتژمێرێکە نەشتەرگەرییەکەى ئۆندەر بەردەوامە.

گوتیشى، "زۆر خایاندنى نەشتەرگەرییەکەى واتاى خراپ تێپەڕینى نەشتەرگەرییەکە نییە".

هاوکات وەزارەتی تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، چارەسەرەکان بۆ ئۆندەر بەردەوامن.

لە شەوی رابردووەوە ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی، هاوسەرۆکان و بەرپرسانی پارتی دەم و پارتەکانی دیکەی تورکیا لەبەردەم ئەو نەخۆشخانەیەن، کە ئۆندەرى تێدایە.

تولای هاتیمئۆغوڵڵاری، هاوسەرۆکی پارتی دەم لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای تووشبوونی بە "جەڵتەی دڵ"، لە ماڵەکەیدا چارەسەری سەرەتایی بۆ کراوە و دواتر دەستبەجێ گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و نەشتەرگەریی بۆ کراوە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، شەوی رابردوو رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی بە وردی چاودێریی رەوشی ئۆندەریان کردووە و باخچەلیش لە رێگەی تەلەفۆنەوە زانیاری لە بەرپرسانی نەخۆشخانەکە وەرگرتووە.

جەودەت یڵماز، جێگری سەرۆککۆماری تورکیا، بەشێک لە وەزیرەکان و سەرۆک و بەرپرسانی پارتەکانی تورکیا، هیوای چاکبوونەوەیان بۆ ئۆندەر خواست.

سڕی سوورەیا ئۆندەر کێیە؟

ئۆندەر، یەکێکە لەو کەسانەی لە پرۆسەکانی چارەسەر و ئاشتی لە تورکیا رۆڵی گرنگ و سەرەکیی بینیوە و لە زۆربەی دیدارەکان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بەشداربووە  و سەردانی قەندیلیشی کردووە.

ئۆندەر لە حەوتی تەمموزی 1962 لە شاری سەمسوری باکووری کوردستان لەدایکبووە.

جگە لەوەی سیاسییەکی دیارە، هاوکات کاری دەرهێنەری، نووسینی سیناریۆ و بەرهەمهێنانی فیلمی کردووە و ئەکتەر و رۆژنامەوانێکی دیاریش بووە.

لە ساڵی 2011 وەک بەربژێریی سەربەخۆ بووە پەرلەمانتار.

ساڵی 2015 لەسەر لیستی هەدەپە بووەوە بە پەرلەمانتار.

ساڵی 2023 جارێکی دیکە بە پەرلەمانتار هەڵبژێردرایەوە و ئێستاش جێگری سەرۆکی پەرلەمانە.

پاش کودەتاکەی 12ـی ئەیلولی 1980 دەستگیرکرا و بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە زینداندا مایەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن