سۆران عومەر زانیاری لە بارەی مووچەی مانگی چوار ئاشکرادەکات
03:41 - 17/04/2025
زەمەن:-
سۆران عومەر ڕایگەیاند: مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە زامن کراوە و مەترسی لەسەر نییە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١٧ی نیسانی ٢٠٢٥، سۆران حومەر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئاشکرایکرد، هەرچەندە لە کۆتاییەکانی مانگی نیسان نزیک دەبینەوە، بەڵام تاوەکو ئیستا حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنها داهاتی ناوخۆی دوو مانگی ناردووە و ئەمەش ناڕەزایەتی عێراقی لێدەکەوێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە زامن کراوە و هیچ مەترسییەکی لەسەر نییە، هەربۆیە گۆڕانکاری لە بودجەدا کاریگەریی لەسەر دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دروستناکات.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو بڕە پارەیەی حکومەتی هەرێم رادەستی بەغدادی کردووە، بریتیبووە لە 51 ملیار و 48 ملیار دینار بۆ داهاتی دوو مانگ، هەرچەندە بڕەکە ناڕەزایەتی عێراقی لێدەکەوێتەوە بەڵام بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، ئەگەری هەیە چاوپۆشی لە هەندێک وردەکاری بکرێت.