وەزیرى نەوتى عێراق لە سلێمانییەوە کاتى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى راگەیاند
08:12 - 16/04/2025
زەمەن - کوردستانى
حەیان عەبدولغەنى وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، رۆژى شەممەى داهاتوو شاندێکى وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدا دەکات، گفتوگۆ لەبارەى دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردسان دەکەن.
حەیان عەبدولغەنى وەزیرى نەوتى عێراق لە دیدارى سلێمانى قسەى کرد و گوتى، سێ کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانى تەکنیکى وەزارەتى سامانە سروشتییەکانى هەرێمى کوردستان کردووە و لەسەر چارەسەرکردنى چەند تێبینییەک رێککەوتووین.
گوتیشى، کۆمپانیاکانى بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان داواى گرەنتییان کردووە و دەڵێن، چۆن پارەى بەرهەمهێنانى نەوتیان پێدەدرێت؟، وەزیرى نەوت دەڵێت، نووسراویان بە واژۆى وەزیرى دارایى کراوە، بەڵێنى خەرجکردنى ئەو پارانە دەدات کە کۆمپانیاکانى نەوت دەیانەوێت.
حەیان عەبدولغەنى راشیگەیاند، ئەگەر لە کۆبوونەوەى رۆژى شەممەى داهاتوو گفتوگۆکان ئەرێنى بن و گرفتە تەکنیکییەکان چارەسەر بکرێن، لە هەفتەى داهاتووەوە هەناردەى نەوتى هەرێم دەستپێدەکاتەوە.