93 عیراق

سەرۆکى بەرەى تورکمانى دەستى لەکارکێشایەوە و گوتەبێژەکەى کرا بە سەرۆکى بەرەکە

08:46 - 13/04/2025

زەمەن - کوردستانى

 

حەسەن تۆران لە پۆستى سەرۆکى بەرەى تورکمانى دەستى لەکارکێشایەوە، لە جێگەکەى محەمەد سەمعان ئاغا ئۆغڵو، بە سەرۆکی بەرەکە  هەڵبژێردرا.

 

ئەو گۆڕانكارییە كتوپڕە، دوای ئەوە هات كە بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 13ی نیسان، حەسەن تۆران لە راگەیەنراوێكدا كە ئاراستەی رای گشتی كردووە، دەستلەكاركێشانەوەی خۆی وەكو سەرۆكی بەرەی توركمای راگەیاند، بەرەى تورکمانى دەڵێت، مەکتەبى سیاسیی بەرەى تورکمانى، لە کۆبوونەوەیەکدا دەستلەکارکێشانەوەى حەسەن تۆران سەرۆکى بەرەکەى پەسەندکرد و بە کۆى دەنگ محەمەد سەمعان ئاغا ئۆغڵو، گوتەبێژی بەرەکەى بە سەرۆک هەڵبژارد.

 

دواى ئەوەى ئەمڕۆ حەسەن تۆران دەستلەکارکێشانەوەى پێشکەشکرد، کاتژمێرێکى نەخایاند مەكتەبی سیاسی بەرەی توركمانی كۆبووەوە دەستلەكاركێشانەوەكەی پەسەندكرد، هەروەها بە كۆی دەنگ محەمەد سەمعانى تەمەن (44ساڵ) کە گوتەبێژى بەرەکە و ئەندامی مەكتەبی سیاسی بەرەى تورکمانیى بوو، بە سەرۆكی بەرەی توركمانی هەڵبژێردرا، حەسەن تۆرانیش پاش دەستلەکارکێشانەوەی، پیرۆزبایی لە محەمەد سەمعان ئاغا ئۆغڵو کرد کە بووە بە سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراق.

 

حەسەن تۆران لە 28ى ئازارى 2021 لە شوێنى ئەرشەد ساڵحى بووەتە سەرۆکى بەرەى تورکمانى، لە 23ـى ئایارى 2022 لە کۆنگرەى دووەمى بەرەى تورکمانى، کە لە کەرکوک بەڕێوەچوو، بە سەرۆک هەڵبژێردراوەتەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن