2012وتار

رۆژئاڤا ئەزموونێک بۆ تێپەڕاندنی گرێی جیۆپۆلەتیکی

10/15/2019 10:37:00 AM
د. یوسف محەمەد


ئەمڕۆ ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری رۆژئاوای کوردستان لە جەنگدایه‌ دژ بە داگیرکاری سوپای تورک و گروپە توندڕەوە هاوپەیمانەکانی. بەمەش یەکێک لە سەرکەوتووترین ئەزموونەکانی خۆبەڕێوەبەری کە لە کارەساتی جەنگی چەند ساڵەی سوریادا بووە بە دورگەی سەقامگیری، له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ی جددیدایه.‌ تایبەت بەم ئەزموونە دوو خاڵی گرنگ هەن. یەکەم، کورد لە رۆژئاوای کوردستان پێکەوە گرێدراو نەبوو و خاوەنی زەوییەکی پێکەوە بەستراو نەبوو لە رووی جوگرافیەوە. دروستکردنی کیانێكی تری كوردستانی لەو ناوچە پەرتەوازەیە جێگەی ئومێدی گەورەیە. دووەم، رۆژئاوا دەرفەت بوو کە گرێی جیۆپۆلەتیکی کورد لە ناوچەکەدا لە نەبوونی سنور بە دەریاوە چارەسەر بکات. روئیای ئێمە وا بوو بە پشتیوانی کوردو بەتایبەت هەرێمی کوردستان ئەو خەونە دوور نەبوو لە بەدیهاتن. لەوەش زیاتر تۆلرانسی ئیتنی و دینی لە پێکەوە ژیانی عەرەب و کوردو تورکمان و ئاشوری و مەسیحی و ئێزیدی بەردەوام جێگەی بایەخ و سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە.
بەرگریکردنی موعجیزەئاسایی کورد لە کۆبانێ لە شەڕی دژی داعش و سەرکەوتنی کوردو ئەو گیانبەختی و پاڵەوانێتیەی کە شەڕڤانانی یەپەگەو یەپەژە بوو کە کوردی کرد بە کارەکتەری سەرەکی جەنگی رووبەڕووبوونەوەی داعش. شکستی داعش لە داستانی کۆبانی-وەو لەسەر دەستی کورد دەستی پێکرد. لەمەشدا هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەوری گرنگی هەبوو پاش ئەوەی بۆ یەکەمجار پەرلەمانی کوردستان بڕیاری ناردنی هێزی پێشمەرگەی بۆ پشتیوانی کۆبانی دەرکرد.
یەکێك لە تایبەتمەندییه‌كانی تری ئەزموونی رۆژئاوا کە دەگمەن و پڕبایەخ بوو بەشداری ژن بوو شان بە شانی پیاو لە جەنگ و حوکمڕانیدا. ئەمەش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەواو نوێ بوو. بەتایبەت کە لە ناوچەکەدا ژن لە رووی سیاسی و ئابوری و سەربازی و کلتورییەوە لە پەراوێزدان. بە شێوەیەک وێنەی شەڕڤانانی ژن بوو بە رەمزی رووبەڕووبونەوەی تیرۆر. 
ئێمە لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بەم روانین و سیاسەتەوە لە رۆژئاوامان دەڕوانی. بۆ پشتیوانی تەواوی رۆژئاوا هەموو هەنگاوێکمان نا. وەک نموونە، پەرلەمانی کوردستان  کانتۆنەکانی رۆژئاوای بە رەسمی ناساند، لە تەواوی گوتارو کۆبونەوە دیپلۆماسیەکان رۆژئاوا یەکێک بوو لە خەمە گەورەکانمان لەپێناو بەدەستهێنانی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی دژە تیرۆر بۆ گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە دوای جەنگ. بە رادەیەک هەمیشە ناوی کۆبانی و شەنگال و جەلەولاو ناوچەکانی دیکەی بەرەی جەنگ لەگەڵ داعش پێکەوە بوون و لە یەک رستەدا بوون. لەناو ئەم پشتیوانیانەدا رۆژی بڕیاردان بۆ ناردنی پێشمەرگە بۆ پشتیوانی لە کورد لە رۆژئاوا، بەتایبەت لە کۆبانی، یادەوەرییەکی لەیاد نه‌كراوه‌. هەستێکی هیوابەخش بوو چونکە بۆ یەکەمجار لە مێژووی کورددا بڕیارماندا هێزی پێشمەرگەی بەشێک لە کوردستان، هەرێمی کوردستان، بە ناو بەشێکی دیکە لە کوردستان، باکوری کوردستان، بنێرین بۆ یارمەتیدانی بەشێکی دیکە لە کوردستان، رۆژئاوای کوردستان. جاران هەمیشە دوژمنانی گەلی کورد گەلەکۆمەیان لەسەر کورد دەکرد. بەڵام بۆ ئەم جارە کورد توانی وەک نەتەوە بڕیار بدات دژ بە دوژمنانی گەلی کورد بەتایبەت داعش. ئەمەش لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەیی بوو نەك حزبی. 
بەهەمان شێوە پشتیوانی مرۆیی لە رۆژئاوای کوردستان کرا چ لە باکورو چ لە هەرێمی کوردستانەوە. هەروەها دەرگای پەرلەمانمان كرده‌وه‌ بە رووی هەموو هێزەکاندا لە هەر چوار پارچەی کوردستان و پەرلەمان بوو بە ماڵی هەموو کوردستانییان. ئەم هەڵوێستانەی پەرلەمانی کوردستان بێ باج نەبوون. بەڵکو هەندێ لە دەوڵەتانی ناوچەکەی بێزارو نیگەران کرد بوو. بۆ یەکەمجار ئاشکرای دەکەم، کونسوڵی گشتی پێشووی تورکیا لە هەرێمی کوردستان راستەوخۆ پەیامی نیگەرانی تورکیای گەیاندە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان. بەڵگەنامەش هەیە پێش رێگری لێکردنیشمان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ هه‌ولێر، ئه‌م کاری بۆ گۆڕینی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان کردووە. ئەڵبەت هیچ ئەم رێکارانە رێگر نەبوون لەوەی پەرلەمان بەردەوام بێت لە نوێنەرایەتی کردنی گەلی کوردستان تەنانەت پارچەکانی دیکەش.
ئەمڕۆ رۆژئاوای کوردستان دیسان لە جەنگدایەو لەژێر هێرشی داگیرکاری تورکیادایە. پاش خیانەتی دۆناڵد ترەمپ بە بڕیاری لە ناکاوی بۆ کشاندنەوەی سەربازەکانی ئەمریکا لە سنوری باكوری رۆژهەڵاتی روباری فورات و هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ هێرشی سوپای تورکیاو گروپە توندڕەوەکانی نزیک لە تورکیا بۆ سەر رۆژئاوا. جێگەی خۆیەتی له‌ چه‌ند خاڵێكدا بە کورتی باس لە رۆڵی ئەمریکا بکەین لە رۆژئاوا.
١. دوای ئەزموونێکی شکست خواردووی تاڵ لەنێوان کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئەمریکا، لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی دژ بە ڕژێمی بەشار ئەسەد، له‌ یارمەتیی سەربازو پڕچەک کردن هیچ ئەنجامی نەبوو، به‌ڵكو چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌كانی ئه‌مریكا له‌ڕێی ئه‌م گروپانه‌وه‌ ده‌گه‌یشته‌ ده‌ست گروپه‌ تیرۆریستییه‌كانی وه‌ك داعش و به‌ره‌ی نوسره‌. بۆ نموونە، سوپای سوریا ئازاد کە بە بەڵگە سەلمێنرا هاوکارییەکانیان کەوتە دەست گروپە تیرۆریستیەکان. ئه‌وه‌ تەنیا شەڕڤانان بوون توانیان بە پاڵەوانێتی بێوێنە لە بەرەکانی جەنگدا یارمەتی نێودەوڵەتی بە ئامانجی شەڕی دژ بە تیرۆر بەکاربهێنن و نەگاتە دەست تیرۆریستان. بە پێچەوانەی گروپەکانی دیکە. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش ئەمریکا بژاردەی نەماو ناچار بوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تەنیا مامەڵە لەگەڵ یەپەگەو یەپەژەو دواتر هێزەکانی سوریای دیموکرات بکات.
٢. لە پێنج ساڵی رابردوودا هێزە شەڕکەرانی رۆژئاوای کوردستان تەنیا لە ناوچە کوردنشینەکان رووبەڕووی تیرۆر نەبوونەوە بەڵکو بوونە هێزی زەمینی هاوپەیمانی نیودەوڵەتی بۆ شکستهێان بە داعش و دواجار تاکو رزگار کردنی پایتەختی داعش، رەققە، بەردەوام بوون. گیانفیدای هێزەکانی سوریای دیموکرات و ‌هێزی پێشمەرگەو شە‌هید بوون و بریندار بوونی دەیان هەزار کەس بووە بەهۆی ئەوەی داعش لە هێزێکەوە کە لە بۆستن لە ئەمریکاو پاریس و لەندەن و برۆکسل و بەرلین و ستۆکۆڵم کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدا، لەناو ماڵەکەی خۆیدا لەموسڵ و رەققەو دەوروبەری شکستی پێهێنرا. ئێستا جیهان و پایتەختەکانی دەوڵەتانی رۆژئاوا ئارامەو هاوڵاتیانی ئەو دەوڵەتانە لە ئارامیداو بێ ترس دەژین بەرهەمی قوربانی کوردە لە شەڕی دژ بە تیرۆردا. 
٣. لە دوو ساڵی رابردوودا چەندین جار دەرفەتی دانوستاندن لەنێوان ئیداره‌ی رۆژئاواو حکومەتی بەشار ئەسەد بە نێوەندگیری روسیاو ئێران و عێراق هەبوو بەڵام لەلایەن ئەمریکاوە شکستی پێهێنرا. ئەمریکا بەڵێنی ئەوەی دا رۆژئاوا دەپارێزێت لەکاتێکدا ئێستا ئەمریکا نەک ئەو ناوچانە ناپارێزێت لە داگیرکاری سوپای تورکیا بەڵکو دەرفەتی گفتوگۆی لە پێگەی هێزەوە بۆ ئیدارەی رۆژئاوا لەگەڵ لایەنەکانی دیکە لەباربرد.
٤. ئەمریکا نەک خیانەتی لە کوردانی رۆژئاوا کرد بەڵکو لە ماوەی دوو مانگی رابردوو بە ناوی رێککەوتن لەگەڵ تورکیا بۆ دروستکردنی ناوچەی ئارام و رەواندنەوەی ترس و نیگەرانی تورکیا سەنگەرەکانی بەرگری هێزەکانی سوریای دیموکرات لەسەر سنوری رۆژئاوای کوردستان و تورکیا بە شەڕڤانان روخاند پێی چۆڵکردن. ئەمەش لەم کاتی جەنگەدا کاریگەری گەورەی هەیە لە سنورداکردنی توانای هێزەکانی هەسەدە لە بەرگری کردن لە خاك و خەڵکی رۆژئاوا. 
ئەم بڕیارەی ئەمریکا لە رۆژئاوای کوردستان زۆر قورس لەسەر پێگەو سیاسەتی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ده‌کەوێت. ترەمپ جارێکی دیکە ئەو روانینەی تۆخ کردەوە کە ئەمریکا بەرگری لە دۆستەکانی ناکات چونکە تەنیا بەرژەوەندی هەیە نەک هاوپەیمان. لەکاتێکدا بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بەتایبەت بەرژەوەندی ئەمنی تەواو پێکەوە گرێدراوە بە هاوکاری هاوپەیمانەکانی. 
کورد گەلێکی رەسەنی ئەم ناوچەیەو وەک چیاکانی کوردستان رەگی داکوتاوەو بۆ هیچ شوێنێک ناچێت. هەروەک خوازیاری پێکەوەژیان و ئاشتییه‌ له‌گه‌ڵ گه‌لانی تری ناوچه‌كه‌. نە بەم داگیرکارییەو نە هیچ هێرشێکی دیکە لەناو ناچێت. بەڵکو دەمێنێتەوە. ئەوەی پێویستە پێداچوونەوەی وردە بەشێوازی دروستکردن و بەڕێوەبەردنی هاوپەیمانێتییەکانی لە ناوچەکەدا، لە هەمووش گرنگتر بەهێزکردنی پایەکانی تواناکانێتی لە ناوخۆدا.
* ئەم وتارە تایبەت بۆ ڕۆژنامەی "زەمەن" نوسراوە

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن