564وتار

گۆڕانکاریی ناوخۆیی و رێکەوتن لەگەڵ بەغدا

1/2/2021 11:08:00 PM
د. یوسف محەمەد



هاونیشتیمانییانی خۆشەویست،
بە بۆنەی هاتنی سەری ساڵی نوێی زایینی گەرمترین پیرۆزباییتان ئاڕاستە ئەکەین. هەروەها بەبۆنەی جەژنەکانی لەدایک بونی حەزرەتی عیسای مەسیح (درودی خوای لێبێت)، گەرمترین پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی مەسیحی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەکەین. بەهیوای کۆتایی هاتنی سەختی و ناخۆشییەکانیان و شاد بونەوەیان بە زێدی خۆیان.
پێویستە دەستپێکی ساڵی 2021 بکرێتە دەرفەتێک بۆ هێنانەکایەی گۆڕانکاری لە بژێوی و ژیانی هاوڵاتیانی هەرێم. بەتایبەت کە دەستپێکی ساڵی نوێ ساتەوەختی گفتوگۆی گەرمی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق دەبێت کە بێگومان گفتوگۆکان لە نێوان هەرێم و بەغدا و، لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش ئێجگار سەخت و چارەنوسساز ئەبن.

گەیشتن بە چارەسەری هاوسەنگ لەگەڵ بەغدا، پێویستی بە هێنانەکایەی گۆڕانکاریی بنچینەیی هەیە لە دۆسییەکانی نەوت، دەروازە سنورییەکان، کۆکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکان و، نەهێشتنی گەندەڵی و هێنانەکایەی دادی کۆمەڵایەتی لە دابەشکردنی داهاتەکان. بە ئەنجامدانی چاکسازیی ناوخۆیی، ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا ئەبێتە دەرفەت بۆ بەهێزبونی هەرێمی کوردستان، بەپێچەوانەشەوە دەرفەتی رێکەوتن لەگەڵ بەغدا، مەحاڵە و هێندەی تر هەرێم لاواز ئەبێت.

کلیلی ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا بەتایبەت لە پەیوەست بە پڕۆژە یاسای بودجە و، موچەی هاوڵاتیان، ئامادەیی دەسەڵاتدارانی هەرێمە بۆ مامەڵەیەکی شەفاف لەگەڵ پڕۆسەی دەرهێنان و گواستنەوە و فرۆشتنی نەوت و، ڕادەست کردنی بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بۆ فرۆشتنی لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆوە کە لە قازانجی ئابوریی هەردو لایە و، دەرگا دەکاتەوە بۆ چارەسەری نەک تەنها کێشەی بودجە و موچە، بەڵکو ڕێکەوتن لەسەر ئەم پرسە ئەکرێت بکرێتە دەستپێک بۆ ڕێکەوتن لەسەر کێشەکانی تری نێوان هەرێم و بەغدا بەتایبەت کێشەی خاک کە ئێستا ڕۆژانە هاوڵاتیانی ناوچە جێناکۆکەکان روبەروی هەڕەشە و مەترسی ئەبنەوە لەسەر زەوییەکانیان. لانی کەم لە پانزە ساڵی رابردودا دەسەڵاتدارانی هەرێم کێشەی خاکیان کردۆتە قوربانیی تاڵانفرۆشیی نەوت، کاتیەتی هاوکێشەکە پێچەوانە بکرێتەوە و لەبەرامبەر بەدەستهێنانەوەی خاک نەرمی لە مەلەفی ناردنە دەرەوەی نەوت بنوێنرێت.

ئێمە چاوەڕێین دەسەڵاتدارانی هەرێم سودیان لە هەڵە کوشندەکانی رابردویان وەرگرتبێت و، خەڵکی هەرێم نەکەنە بارمتەی سەرکەشییە شکست خواردوەکانیان و شیعاراتی درۆیینەی بێناوەڕۆک. وەگەرنا هەمو هەوڵی خۆمان ئەدەین کە ژیان و بژێویی هاونیشتیمانیانمان نەکرێتە قوربانیی بەردەوامیی تاڵانیی نەوت و قاچاخچیەتیی دەسەڵاتدارانی هەرێم.
دوبارە ساڵی نوێ لە هەمو لایەکتان پیرۆز بێت. بەهیوای سەلامەتی و تەندروستی بۆ هەموان..

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن