631وتار

بەزۆرینەکردنی سیستمی حوکمڕانیی عێراق

1/31/2022 7:01:00 PM
د. یوسف محەمەد

لەم رۆژانە زیاتر لەھەر کاتێک ھەوڵ بۆ شکاندنی نەریتی باوی شێوازی حوکمڕانیی تەوافوقیی عێراق دەدرێ، بەتایبەت کە موقتەدا سەدری سەرکردەی رەوتی سەدر لە تویتەکانی ھەمیشە جەخت لە «حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی» دەکاتەوە. ھەڵبەتە کە دەچیتە ناوەڕۆکی بەرنامەکەی سەدر بۆ دروستکردنی حکومەتی داھاتوی عێراق، بۆت رون دەبێتەوە کە تەنھا ئامانجی بریتییە لە رێگری کردن لە بەشداریی نوری مالیکیی سەرکردەی حیزبی دەعوە لە دامەزراوەکانی حوکمڕانیی عێراق، وەگەرنا وەک لە وتارێکی تۆمارکراویشدا خۆی ئاماژەی پێدا، ھیچ کێشەی نییە لە بەشداریی لایەنە شیعەکانی تر و سەرجەم لایەنە کوردی و سوننییەکانی تر. لە ماوەی ١٧ ساڵی رابردوش زۆر جار هەندێک لە هێزە سیاسییەکانی ئەم پێکهاتە یان ئەویان لە حکومەتی ئیتیحادی بەشدار نەبون، بەڵام قەت ناوی لێنەنراوە حکومەتی زۆرینە.

ھاوکات لەگەڵ ئەمە بانگەشە بۆ ئەوە دەکرێ کە بۆ یەکەمجار ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بە ئامادەبونی زۆرینەی رەھای ئەندامانی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بەڕێوەبچێ ئەگەر نیسانی دو سێیەکی ئەندامان دەستەبەر نەبو. ئەمە لە کاتێکدایە کە دەستور (مادەی ٧٠/ یەکەم) داوای دەنگدانی دو سێیەکی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران دەکات بۆ پاڵێوراوی سەرکەوتو بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنەکەدا. ئاشکرایە کە بەپێی مادەی (٧٠/ دوەم)ی دەستور تا گەڕی یەکەمی ھەڵبژاردنەکە بەڕێوە نەچێ ناتوانرێ گەڕی دوەمی ئەنجام بدرێ.

دروستە کە بەپێی مادەی (٥٩/ یەکەم) نیسابی ھەر دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەران، زۆرینەی رەھایە، بەڵام بەڕێوەچونی ھەر بڕگەیەکی بەرنامەی کاری ئەنجومەنی نوێنەران کە پێویستی بە دەنگدانی دو سێیەک ھەبێ پێویستی بە ئامادەبونی دو سێیەکی ئەندامان ھەیە بۆ ئەوەی بڕگەکە بەڕێوەبچێت، وەگەرنا چۆن ئەتوانرێ دەنگی دو سێیەک دەستەبەر بکرێ کە هەر لە بنچینەوە دو سێیەکی ئەندامان ئامادە نین. خۆ مادەکە داوای دەنگی دو سێیەکی ئەندامانی ئامادەبوی نەکردوە، بەڵکو داوای دەنگی دو سێیەکی کۆی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی کردوە. رەوتی کارکردن لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانیش ھەر بەوشێوەیە بوە، ئەو بڕگانەی پێویستی بە زۆرینەی دو سێیەکی ئەندامانی ئەنجومەن هەبوبێ، ئەگەر نیسابی دو سێیەک نەبوبێ بڕگەکە دواخراوە. وەک تانەدان لە دروستیی ئەندامێتیی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران یان دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای دادگای فیدراڵی.

لە ھەمان کاتدا بە تێڕوانین لە ئاڕاستەی گفتوگۆکانی لیژنەی نوسینەوەی دەستور لە ساڵی ٢٠٠٥ بە ڕونی ئەوەمان بۆ دەرئەکەوێ کە ئاڕاستەی زاڵ بریتی بوە لە پێدانی دەسەڵاتی تەشریفاتی بۆ سەرۆکێک کە جێی ئیجماعی ھەموان بێ، ھەربۆیەش زۆرینەی دو سێیەک بۆ ھەڵبژاردنی دانراوە. تەنانەت هومام حەمودیی سەرۆکی لیژنەکە پشنیاری کردوە کە ئەگەر هیچ یەکێک لە پاڵێوراوانی سەرۆک کۆمار زۆرینەی دوسێیەکی دەنگی پەرلەمانی بەدەستنەهێنا، ماوەی ١٥ رۆژ چاوەڕێ بکرێت تا رێکكەوتن لەسەر کەسایەتییەک دەکرێ. (بڕوانە: محاضر إجتماعات لجنة کتابة الدستور العراقي ٢٠٠٥، المجلد الأول، ٢٠١٨، ص ص ٥٢٤- ٥٢٧).

لە لایەکی ترەوە بونی نیسابی دو سێیەک بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار تەنھا دەستەبەری مانەوەی ھاوسەنگیی پێکھاتەکانە لە حوکمڕانیی عێراق، چونکە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کلیلی راسپاردنی کاندیدی زۆرینەیە بۆ پێکھێنانی حکومەت. ئەگەر ئەم ھەنگاوە وەک خۆی نەمێنێ ئەوا ئیتر بۆ لەمەودوا زۆرینە ئەتوانێ ھەمو سەرۆکایەتییەکان بە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لەڕێی خەڵکی کارتۆنی کۆنترۆڵ بکات. ئەم هەنگاوە پاش دەسکاریکردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و گۆڕینی هاوسەنگیی کورسیی پێکهاتەکان لە پارێزگا جیاوازەکان لە ساڵی ٢٠٠٩، هەنگاوکی مەترسیداری تر ئەبێ بۆ زاڵکردنی پێکهاتەی زۆرینە (بێ بونی سەرژمێریی باوەڕپێکراو) لە حوکمڕانیی عێراق.

بیانوی ئاڕاستەی (حکومەتی زۆرینە)، شکستی حوکمڕانیی تەوافوقیی عێراقە کە بوەتە ھۆی ھێنانەکایەی بەشبەشێنەی حیزبی و گەندەڵی. ئەمە لەکاتێکدایە کە بانگەشەکارانی روکەشی «حکومەتی زۆرینەی نیشتیمانی» خۆیان لە رابردو کارەکتەری سەرەکیی ئەم بەشبەشێنەیە بون و بۆ داھاتوش ھەروا ئەمێننەوە. ھەروەک چۆن گرفتی حوکمڕانیی عێراق سیستمی فیدراڵی یان پەرلەمانی و حوکمی ناناوەندی نییە وەک هەندێک ئەیانەوێ وا وێنای بکەن، بە ھەمان شێوە گرفت لە عێراقدا حوکمی تەوافوقیش نییە، بۆ نمونە سویسرا لەڕێی حکومەتی تەوافوقییەوە بەڕێوە دەبرێ و گرفتیشی نییە، بەڵکو کێشەکە لە نەبونی چاودێریی کارای پەرلەمانی و دادوەری و دەزگاکانی تری چاودێرییە.

 

لە غیابی نەبونی ئەنجومەنی فیدراڵ، کوردو سوننە زەرەرمەندی سەرەکی دەبن لە بەزۆرینەکردنی سیستمی حوکمڕانیی عێراق ئەگەرچی هەر بۆ پڕوپاگەندەش بێت. هەرچەندە هێزە دەسەڵاتدارەکانی هەرێم لە رابردو و ئێستاش نەیانتوانیوە سود لە دەرفەتەکانی بەغدا وەربگرن لەپێناو چارەسەرکردنی کێشە لەمێژینەکانی کورد لەگەڵ بەغدا، بەڵکو زیاتر کاریان بۆ دەستکەوتی شەخسی و حیزبی و بەشەخسیکردنی کێشەکان کردوە، بەڵام دەستگرتن بە دەستکەوتە دەستورییەکان، گرەنتیی لاوازنەبونی زیاتری کوردە لەناو سیستمی حوکمڕانیی عێراق.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن