520وتار

بۆچی شۆک بون!؟ چاوەڕوانکراو بو..

2/16/2022 10:14:00 PM
د. یوسف محەمەد

لە دوای بڕیارەکەی دوێنێی دادگای باڵای فیدراڵی، دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان دوچاری جۆرێک لە شۆک و سەرگردانی و سەرسوڕمان بون کە ئەمە جێی تێڕامانە.

با جارێ لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەی دوێنێ و ئەوەی کە چەندە دەستوری بو بگەڕێین (لە دەرفەتێکدا باسی ئەکەین)، ھەروەھا با واز لە تەوقیتی دەرکردنی بڕیارەکەش بێنین کە دەبەسترێتەوە بە ھەوڵدانی بە زۆرینە کردنی سیستمی سیاسیی عێراق و پێکھێنانی ھاوپەیمانیی زۆرینە و، لە ھەمان کاتیش سەرکێشیی ھەوڵدان بۆ ھێنانەکایەی سەفقەیەکی ئیقلیمی سەبارەت بە گازی سروشتیی ھەرێم، بەڵام بە لامانەوە سەیرە دەسەڵاتدارانی ھەرێم توشی واقوڕمان بون لە دەرچونی بڕیارەکە.

فەرمون ببینن کە چۆن ئێمە پێش یازدە مانگ لە ١٦/ ٣/ ٢٠٢١، رێک ئەو رۆژەی یادی شەھیدانی ھەڵەبجەمان لەناو ئەنجومەنی نوێنەران کردەوە، لە دو چاوپێکەوتن لەگەڵ روداو و NRT، دەسەڵاتدارانی ھەرێممان ئاگادار کردەوە کە لە دوای دەستبەکاربونەوەی دادگای باڵای فیدراڵی، یەکێک لەو دۆسییانەی ئەولەوییەتی دەبێ بۆ یەکلاکردنەوەی، مەلەفی نەوتی ھەرێمە. ببینن چۆن داوایان لێدەکەین کە پێش ئەو کاتەی دادگا دژ بە مەلەفی نەوتی ھەرێم بڕیار دەردەکات، دەسەڵاتدارانی ھەرێمی کوردستان بگەنە رێکەوتنی گشتگیر و کۆتایی و ھاوسەنگ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ و کۆتایی بێنن بە فەزاحەتەکانی کەرتی نەوتی ھەرێم. ھەڵبەت ئەم بابەتەمان لە ھەمو کۆبونەوەکان لەگەڵ وەفدی ھەرێمیش باس کردوە. بەڵام گوێیان لێنەگرتین.

بڕیارەکەی دوێنێی دادگای باڵای فیدراڵی چاوەڕوان کراو بو، دوێنێش نەبوایە لە ماوەی مانگی داھاتو یان دوای پێکھێنانی حکومەتی داھاتوی عێراق ھەر دەردەچو و، ھەمو ھێزە سیاسییەکانی دیکەی عێراق بە شیعە و سوننەوە لەسەری کۆکن بەوانەی ھاوپەیمانیی سێقۆلیشەوە. بڕوانن کە تەنھا دو دادوەرە کوردەکە لەگەڵ بڕیارەکە نەبون.

دەسەڵاتدارانی ھەرێم کاتی زۆریان بەفیڕۆدا بۆ گەیشتن بە رێکەوتنی ھاوسەنگ لە مەلەفی نەوت و گاز لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ لە قازانجی ھاونیشتیمانیانی ھەرێمی کوردستان. ھەمو گفتوگۆکانی ئەم جارەشیان ھەر وەکو جارانی تر، کورت کردەوە بۆ ململانێ لەسەر پۆستەکان.
ئەوە دەرەنجامەکەیەتی.

    فەرمون لەگەڵ لینکی ھەر دو چاوپێەوتنەکە و کورتە ڤیدیۆی ئاگادارکردنەوەکەمان بۆ دەسەڵاتدارانی ھەرێم:

https://fb.watch/bcryLuLBK3/

 

https://fb.watch/bcs2n7cbMh/

 

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن