698وتار

له‌گه‌ڵ كاك نه‌وشیروان

5/18/2020 2:29:00 PM
د. یوسف محەمەد

ئه‌و نه‌ك هه‌ر كاره‌كته‌رێكی سه‌ره‌كیی نزیكه‌ی نیو سه‌ده‌ی ناو سیاسه‌تی كوردستان و عێراق بو, به‌ڵكو تا ئێستاش ڕێچكه‌ی هزر و بیر و بزاوتنی, ڕێچكه‌یه‌كی ئیلهام به‌خشه‌ بۆ هه‌مو ئه‌وانه‌ی خوازیاری جێهێشتنی ڕابردو و گۆڕینی دۆخی ڕزیوی ئێستا و بونیاتنانی دونیایه‌كی باشترن. 
ئه‌و دوا ساڵه‌كانی ژیانی ته‌رخان كرد بۆ ڕاستكردنه‌وه‌ی چه‌وتییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسیی هه‌رێم. ئه‌و به‌ توندی ململانێی ئه‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی ململانێ ئاسایی بكاته‌وه‌ و, ململانێیكان نه‌بنه‌ هۆی هه‌ڵگیرساندنه‌وه‌ی شه‌ڕ. ئه‌و بڕوای به ‌شه‌ڕ نه‌بو بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی ململانێ ناوخۆییه‌كان, بۆیه‌ زۆربه‌ی كات به‌ ڕه‌قی ململانێی ئاشتیانه‌ی ده‌سته‌بژێری ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌كرد. ئه‌و ئامانجه‌كانی ڕون بون, بۆ گه‌یشتن پێیان هه‌م ململانێی ئه‌كرد هه‌م گفتوگۆی جددیی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ بنچینه‌ییه‌‌كانی هه‌رێمی ره‌د نه‌ده‌كرده‌وه‌. ئه‌و له‌ ئاڵۆزیی دۆخی ناوخۆیی هه‌رێم و ناوچه‌كه‌ ئاگادار بو, هه‌ر بۆیه‌ش سه‌ره‌ڕای نه‌پچڕاندنی تاڵه‌ موه‌كه‌, به‌ڵام قه‌ت ‌ هه‌وساره‌كه‌ی زۆر شل نه‌ئه‌كرد. ئه‌و بڕوای وابو چاكسازی به‌ نییه‌ت پاكی ناكرێ, به‌ڵكو ئیراده‌ی چاكسازی به‌ فشاری به‌رده‌وام و نه‌سره‌وتن ئه‌سه‌پێنرێ.
ئه‌و تا ژیا هه‌ر له‌به‌ره‌ی خه‌ڵك بو, له‌ ده‌سه‌ڵاتیش هه‌ر له‌ پێناوی خه‌ڵك سیاسه‌تی كرد. هاوڵاتی لای ئه‌و سه‌نته‌ر بو نه‌ك ده‌سه‌ڵات. له‌و تایپه‌ی كاستی سیاسیی كورد نه‌بو كه‌ بون و مانه‌وه‌ و به‌رده‌وامیی خۆی به‌ مانه‌وه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدا ئه‌بینێته‌وه‌.
ئه‌و ده‌قی نه‌ده‌گرت به‌ تایپ و ڕیتم و ئایدۆلۆژیایه‌كی دیاریكراوه‌وه‌. هه‌میشه‌ ئاماده‌ بو بۆ  نوێ بونه‌وه‌. ئه‌و هه‌میشه‌ له‌ بزاوتنێكی به‌رده‌وام دا بو. سه‌رباری ئه‌وه‌ی قاڵبویه‌كی به‌ ئه‌زمون و ئه‌كادیمیی بواری سیاسه‌ت بو, به‌ڵام ئه‌و هه‌ر گه‌نج بو و موحافزكار نه‌بو. ئه‌و بویه‌ سه‌رمه‌شقی ڕه‌خساندنی هه‌ل و ده‌رفه‌ت بۆ نه‌وه‌ی نوێ و تێپه‌ڕاندنی شه‌رعییه‌تی شۆڕشگێڕی و شاخ.
گۆڕان دوای ئه‌و پێویستی به‌ به‌خۆداچونه‌وه‌ و خۆ نوێ كردنه‌وه‌ هه‌یه‌. پێویسته‌ بپرسین له‌كوێی ڕێچكه‌ی كاركردنی كاك نه‌وشیروانین؟ ئه‌گه‌ر خۆمان به‌ میراتگری كاك نه‌وشیروان بزانین, پێویسته‌ نه‌ك هه‌ر وه‌ك ئه‌و به‌رده‌وام بین, به‌ڵكو ئاماده‌ی نوێكاری و پێشوازیی خوێنی نوێ و, خۆده‌رباز  كردن له‌ چه‌قبه‌ستن و پیربونی پێشوه‌خته‌ و ناواده‌ بین. 
لای من‌ ڕۆژێك نییه‌ بۆ یادكردنه‌وه‌ی كاك نه‌وشیروان, به‌ڵكو ئه‌و هێشتا له‌گه‌ڵمانه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن