597وتار

كۆی پرۆسەكە سیاسی‌و ئەمنییە، نەك دادوەری‌و یاسایی

5/6/2021 10:46:00 PM
د. یوسف محەمەد


بڕیاری دادگای تەمییز سەبارەت بە چالاكوان‌و ڕۆژنامەنوسانی بادینان، چاوەڕوانكراو بو. هەر لە بنچینەوە كۆی پرۆسەی دادبینی لەم كەیسەدا شكڵی بو. وەك پێشوتریش رامانگەیاند، بڕیاری تاوانباركردنی ئەم جوامێرانە لەلایەن دادگاكانەوە بە (سیخوڕی بۆ وڵاتانی بیانی)و (هەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی باڵەخانەو پێگەی بیانییەكان لە هەرێم)و (هەوڵی كوشتن‌و رفاندن)، پێش دادگاكان، لەلایەن مەسرور بارزانییەوە لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەوانی لە ١٠/ ٢/ ٢٠٢١ ڕاگەیەندرا. داوەران لەم پڕۆسەیەدا بڕیاردەر نەبون، بەڵكو بە داخەوە ئەكتەری كۆمبارس بون.

با پرسی دەستوەردانی حیزبی لە كاروباری دادگاكان‌و نەبونی سەروەریی یاسا بمێنێت بۆ كاتێكی تر. بابەتی سەرەكی لە كەیسی سەپاندنی شەش ساڵ زیندانی بەسەر چالاكوانانی هەولێرو دهۆك، پرسی ئازادییە گشتی‌و ڕۆژنامەوانی‌و سیاسییەكانە لەم ناوچانە. ئەمە پەیامێكی مەترسیداری دەسەڵاتی باڵاداستی ناو پارتییە بەوەی كە ئەمە سەرەنجامی هەر كەسێكە كە بیەوێت لەم ناوچانە سەرهەڵبڕێ‌و بەشێوەی سەربەخۆ یان وەك ئەندامی لایەنەكانی تر چالاكیی سیاسی‌و مەدەنی‌و میدیایی بكات تەنانەت ئەگەر بە كۆمێنت‌و چات گروپیش بێت، یان بیەوێ خۆپیشاندان لەپێناوی مافەكانی بكات، یان پەیوەندی بە رێكخراوە جیهانییەكانی داكۆكی لە مافەكانی مرۆڤ‌و ئازادییە گشتییەكان‌و ئازادیی میدیایی بكات، یان سەردانی قونسوڵی وڵاتانی دۆستی وەك ئەمریكاو ئەڵمانیا بكات، ئەوا توندی زیندانەكان ئەكرێت. ئیتر ئەمە قۆناغێكی نوێی سەپاندنی دەسەڵاتی ئەمنی‌و هەواڵگرییە بەسەر هەرێمی كوردستان. ئیتر ئەمە پەیامەكەیە تەنانەت ئەگەر نێچیرڤان بارزانیش لێبوردن بۆ ئەم جوامێرانە دەربكات.

هەمو ئەمانە دوپات كردنەوەی ئەوەیە كە پرسی یەكگرتویی‌و یەكپارچەیی خاكی هەرێم‌و بونی دامەزراوەی نیشتیمانی‌و سەروحیزبی وەهمەو، ئەوانەی لە دەرەوەی پارتی بانگەشەی بۆ ئەكەن یان نەزان‌و كاڵفامن، یان بەزیو و خاوەن بەرژەوەندین. دەسەڵاتی باڵادەستی ناو پارتی جارێكی تر بە دەنگی بەرز بیری هەموان دەهێنێتەوە كە هاوكێشەی حوكمڕانیی هەرێم، هێشتا درێژكراوەی لاسەنگیی هێزی دوای ٣١ی ئابی ١٩٩٦ و ئاگربەستی شەڕی ناوخۆیەو، خۆی دەسەڵاتی ڕەهای ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتییەتی. هەر بەهۆی كۆنترۆڵ كردنی هەولێری پایتەختی هەرێمیش، كۆی بڕیارو دامەزراوەو دەسەڵاتەكانی هەرێمی قۆرخ كردوە.

پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە كە داخۆ تاكەی هێزەكانی دەرەوەی پارتی قەبوڵی دەسەڵاتی دیفاكتۆی پارتی بەسەر هەولێرو لەوێشەوە بەسەر كۆی هەرێمی كوردستانەوە دەكەن‌و، هەروا خۆیان لە هەولێر بە میوان دەزانن!؟ تاكەی لە بازنەیەكی بۆشدا دەسوڕێنەوەو بە پەراوێزی دەسەڵاتی دیفاكتۆی هەرێم رازی دەبن!؟

هەمو ئەو هێزانەی دەرەوەی پارتی كە لە كەیسی ئازادیخوازانی بادینان بێدەنگن‌و كارەكتەرەكانیان لە ناو دەسەڵاتی هەرێم بێ هەڵوێستن، بەشدارن لە تاوانی ڕفاندن‌و زیندانی كردن‌و راوەدونانی ئازادیخوازانی هەولێرو بادینان كە هەندێكیان ئەندام‌و هەڵسوڕاوی خۆشیانن، لە هەمان كاتدا بزانن یان نەزانن، چاڵی خۆشیان هەڵدەكەنن.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن