154وتار

داواکاریی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی کەرکوک

12/7/2023 10:02:00 PM
د. یوسف محەمەد

لە ماوەی رابردودا دو داوا بە ژمارەکانی ٢٥٦، ٢٦٤/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٣ لە دادگای باڵای فیدڕاڵی تۆمار کراون و لە لایەن دادگاکەوە یەکخران. ناوەڕۆکی هەر دو داواکە بریتییە لە پابەند کردنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دواخستنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک تا کۆتایی هاتنی پڕۆسەی وردبینییی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای کەرکوک بەپێی مادەی (١٣) لە قانونی هەمواری سێیەمی قانونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٢. واتە ناوەڕۆکی داواکان بریتین لە دواخستنی هەڵبژاردنی کەرکوک تا جێبەجێ کردنی تەواوی بەندی یەکەم لە مادەی (١٣) لە قانونی ناوبراو.

 

لەو بەندەدا داوا لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کراوە کە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتەکانی (ناوخۆ، تەندروستی، داد، بازرگانی، پلاندانان) و بە بەشداریی نوێنەری هەر یەکێک لە پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانی کەرکوک(کە پێویستە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران بن) لیژنەیەک پێکبهێنێت بۆ پێداچونەوە بە تۆماری دەنگدەرانی کەرکوک بەپێی سێ بنەما کە لە بەندەکەدا دیاری کراون.
ئەوەی جێی سەرنجە لەم بەندە قانونییەدا هیچ بنمیچێکی زەمەنی دیاری نەکراوە بۆ تەواو کردنی پڕۆسەی وردبینییەکە و، لە هەمان کاتیشدا تەواو کردنی پڕۆسەی وردبینییەکە نەکراوەتە مەرج بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یان ئەنجومەنی نوێنەران. بۆیە داواکردنی ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن لە کەرکوک بە بیانوی تەواو نەبونی پڕۆسەی وردبینییەکە، پاڵپشتی قانونیی نییە.

لە لایەکی ترەوە دەستوری بەرکاری عێراق رێوشوێنی ئاسایی کردنەوەی دۆخی سەرجەم ناوچە جێناکۆکەکان بە کەرکوکیشی دیاری کردوە کە خۆی لە رێوشوێنەکانی مادەی (١٤٠) و مادەی (٥٨)ی قانونی ئیدارەدانی دەوڵەت ئەبینێتەوە و، هەر رێکارێکی تر کە پێچەوانە بێ لەگەڵ ئەو دو مادەیە، هەر لە بنچینەوە نادەستوری ئەبێ. هەر لەم روانگەیەوە دادگای باڵای فیدڕاڵی لە بڕیاری ژمارە (١٠٣/ فیدڕاڵی/ ٢٠١٩) دا  مادەی (١٢)ی قانونی هەمواری یەکەمی قانونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە (١٤)ی ساڵی ٢٠١٩ی بە نادەستوری دانا کە تا ڕادەیەک هاوشێوەیە لەگەڵ مادەی (١٣) لە قانونە نوێیەکە و، پاساوی دادگاکە بۆ نادەستوری بونیشی پەیوەندیدارە بە رەچاو نەکردنی ئەو گۆڕانکارییە دیموگرافی و کارگێڕییانەی رژێمی پێشو لە پێش ساڵی ٢٠٠٣ لە کەرکوک و پارێزگاکانی تر ئەنجامی داون. هەر بۆیەش هەر رێوشوێنێک بۆ ئاسایی کردنەوەی دۆخی پارێزگای کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر ئەبێ لە چوارچێوەی مادەی (١٤٠)ی دەستور بێ نەک بکرێتە کەرەستەیەکی ململانێی هەڵبژاردنی نێوان لایەنە سیاسییە ناکۆکەکان.

سەرباری هەمو ئەمانەش بەندەکانی دوەم و چوارەمی مادەی (١٣) لە قانونی هەمواری سێیەمی قانونی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠٢٢، دەستەبەری ئەوەیان کردوە کە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانی داهاتوی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ناکرێتە بنەما بۆ هەر دۆخێکی قانونی و کارگێڕی بۆ دیاری کردنی داهاتوی پارێزگای کەرکوک و، پۆستەکانی دەسەڵاتی خۆجێیی پارێزگاکەش بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو پارێزگایە دابەش ئەکرێن نەک لەسەر بنەمای دەرەنجامی هەڵبژاردن. هەر بۆیەش هیچ مەترسییەک نییە لەوەی لە دەرەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە پێکهاتەیەک کۆنتڕۆڵی دۆخی پارێزگاکە بکات و ئەوانی تر بێبەش بکات.

لەبەر رۆشنایی ئەوەی لەسەرەوە باس کرا، داواکاریی دواخستنی ئەنجام دانی هەڵبژاردنە خۆجێییەکانی پارێزگای کەرکوک نەک هەر هیچ پاساوێکی قانونی و دەستوریی نییە، بەڵکو پەسەند کردنی ئەبێتە هۆی زیاتر ئاڵۆز کردنی دۆخی کەرکوک و رێگری کردن لە هێنانەکایەی دەسەڵاتێکی سەقامگیری هەڵبژێردراو کە نوێنەرایەتیی سەرجەم پێکهاتەکانی ناوچەکە لەخۆ بگرێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن