107وتار

١٢ی ئۆکتۆبەر

10/12/2023 1:07:00 PM
د. یوسف محەمەد

ھەشت ساڵ لەمەوبەر لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥، ھێزێکی زۆری چەکدار بە فەرمانی راستەوخۆی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، رێیان لێگرتین بۆ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان و، بۆ ماوەی دو ساڵ پەرلەمانیان داخست.

روداوی رێگری لێکردنمان بۆ ئێمە پێشبینی کراو بو، چونکە ئەو رۆژەی بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان ھەڵبژێردراین، بڕیارمان دابو نەچینە ژێر باری ھیچ کارێک کە رێی چونە ناو خەڵکمان لێبگرێ، ھەر بۆیەش ئاسایی بو بەلامانەو رێی چونە پەرلەمانمان لێبگرن چونکە ئەوان نەیانتوانی رێی چونە ناو خەڵکمان لێبگرن.

ئەوان رێی پەرلەمانیان لێگرتین چونکە ئێمە نەچوینە ژێر باری داواکارییە بەردەوامەکانی ئەوان بەوی پەرلەمان ھەر وەک جاران بکەینە دیوەخانی دەست بەرز کردنەوە بۆ خواستەکانی ئەوان. ئێمە ئەمانویست پەرلەمان دامەزراوەیەکی بەھێزی چاودێری بێ بۆ رێگری کردن لە گەندەڵی، جێبەجێ نەکردنی یاساکان و سەروەر نەبونی یاسا؛ ئێمە ئەمانویست پەرلەمان بە کردەیی مینبەری گەیاندنی خواست و داواکارییەکانی ھاونیشتیمانیان بێ و بیان کاتە پەیڕەوی حوکمڕانی؛ ئێمە ئەمانویست ھیچ ھێزێک لە سەرو پەرلەمانەوە نەبێ و ھەمو ھێزەکان لەژێر بنمیچی پەرلەمان لەڕێی پەرلەمانتارانیانەوە پێکەوە گفتوگۆ و بڕیار بدەن؛ ئێمە ئەمانویست پەرلەمان کراوە بێ بۆ ھاونیشتیمانیان، میدیا و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و چاودێر بن بەسەر کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاران؛ ئەمانویست ناوەندە ئەکادیمییەکان، دادگاکان و رێکخراو و کەسایەتییە تایبەتمەندەکان بەشدار بن لە داڕشتنی یاسا و بڕیارەکان ھەر یەکەو بەپێی پسپۆڕیی خۆی؛ خۆلاسە ئەمانویست لەڕێی پەرلەمانەوە حوکمڕانییەکی رەشیدی سەردەمیانەی خەڵک سالار بێنینە کایەوە، ئەمەش پێچەوانەی خواستی کاستی دەستڕۆشتوی ھەرێم بو، بۆیەش پەرلەمانیان داخست.

ئەوان بە ھێزی چەکدار رێی پەرلەمانیان لە ئێمە گرت، ئێمە بە ھاوکاریی رەوەندی کوردی لەڕێی ھەڵمەتێکی دیبلۆماسییەوە رێی ئەوروپامان لێگرتن و، دواجاریش لەڕێی داوایەکەوە لە دادگای باڵای فیدڕاڵی درێژکردنەوەی ناشەرعیی پەرلەمانمان لێھەڵوەشاندنەوە. ئەگەر داخستنی پەرلەمان لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥ داخستنی دەرگا بو بەڕوی ھەر جۆرە چاکسازییەک لە رژێمی حوکمڕانیی پاش راپەڕین، ئەوا داخستنی پەرلەمان بە بڕیارێک لە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣ بەمانای کۆتایی ھاتنی شەرعییەتی کۆی ئەو رژێمە حوکمڕانییە و پێوستیی ھێنانەکایەی سیستمێکی حوکمڕانیی دیموکراسی و سەردەمییانەیە.

ئەمڕۆ کە ئاوڕ لە دواوە ئەدەینەوە، سوپاسی خوا ئەکەین کە بە سەربەرزییەوە لە تاقیکردنەوەی پۆست و دەسەڵات ھاتینە دەرەوە، سوپاس بۆ ھەمو ئەوانەی لە ناوە یان لە دەرەوەی پەرلەمان  پێکەوە ھاوکار بوین بۆ ھێنانەکایەی ئەو ئامانجانە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن