بۆچی نەوت و گازی هەرێمیان بە بارمتە گرتوە؟
1/29/2023 7:59:00 PM
د. یوسف محەمەد
لە چەند رۆژی رابردودا جارێکی تر
دەرچونی بڕیارێکی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەسەڵاتدارانی هەرێمی توشی شۆک کرد و
بەدوای یەکدا چەند بەیاننامەیەکیان دەرکرد کە بەشی زۆری تانەدان بو لەو دادگایەی
ساڵی ٢٠٢١ بە موبارەکەی خۆیان و بە دانانی ئەندام لە لایەن خۆیانەوە پێکهاتەوە.
هەڵبەت لەوە تێئەگەم کە بەشێکی شۆک بونیان بە بڕیارەکەی دادگا پەیوەندیی بەوەوە
هەیە کە ئەمان جارێکی تر رێکەوتنێکی سیاسییان کردوە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکانی تر
(بە تایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی) کە هەر وەک جاران ئەمان نەوتی خۆیان بفرۆشن و
داهاتی خۆیان کۆ بکەنەوە و لە بەغداوە مانگانە (نزیکەی دوسەد ملیار دینار)یان بۆ
حەواڵە بکرێ. ئیتر وا تێگەیشتون کە مادەم رێکەوتیان لەگەڵ ئەو لایەنانە کردوە ئیتر
کاریان تەواوە و دادگا و دامەزراوەکانی تریش لە قازانجیان بڕیار ئەدەن. هەڵبەت
کێشەیەکی دیکەی دەسەڵاتدارانی هەرێم لەم کاتەدا ئەوەیە کە هەواڵی ئەوە هەیە کە
دادگای ناوبژیوانیی پاریسیش بڕیاری داوە لەسەر بە سکاڵایەکی عێراق دژ بە تورکیا
سەبارەت بە فرۆشتنی نەوتی هەرێم و، بڕیارەکە لە قازانجی دەسەڵاتدارانی هەرێم نییە.
دو رۆژ پێش ئێستاش (لە ٢٧- ١- ٢٠٢٣)
رێکخراوی (روونبین بۆ شەفافییەت لە پڕۆسەکانی نەوت) راپۆرتێکی بڵاوکردەوە سەبارەت
بە (داهاتی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٢) کە لە راپۆرتەکەدا ئاماژەی
بەوەداوە کە نەوتی هەندێ لە کێڵگەکانی هەرێم کە کواڵیتیشیان باشە بە تێکڕایی (١٧
بۆ ١٩) دۆلار لە خوار نرخی برێنتەوە فرۆشراوە(١)! بەم پێیەش سەدان ملیۆن دۆلاری
نەوتی هەرێم ساڵانە لە ئەنجامی "سەربەخۆ فرۆشتن"ی نەوتی هەرێم بەهەدەر
ئەدرێت.
پرسیاری سەرەکی لێرەدا ئەوەیە بۆچی
دەسەڵاتدارانی هەرێم ئامادە نین رێکەوتنی بنبڕ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ ئەنجام بدەن و
نەوت لەڕێی سۆمۆوە بفرۆشن و ئەم بە فیڕۆدانەی داهات و سامانی ژێر زەویی هەرێم کۆتایی
پێبهێنن کە بە هەزاران ساڵ دروست بوە و موڵکی نەوەکانی ئێستا و داهاتوشە!؟
ئایا بە هۆی سەربەخۆ فرۆشتنی
نەوتەوە داهاتیان بۆ خەڵکی کوردستان زیاد کردوە!؟
ئایا بە نەوت و گاز کارەبای ٢٤
کاتژمێرییان بەرهەم هێنا و سوتەمەنیی تەواویان بۆ خەڵک دەستەبەر کردوە و بەنزینیان
هەرزان کردوە!؟
ئایا پیشەسازیی پێترۆکیمیاییان پێ
سەرپێخستوە و پێداویستیی ناوخۆییان پێ پڕ کردۆتەوە!؟
ئایا ژێرخانی ئابورییان گەشەپێدا و
ئابورییەکی سەربەخۆ و بەهێزیان پێدروست کرد یان هێندەی تر وابەستەیی ئابورییان
هێنایە کایەوە!؟
ئایا سەربەخۆیی کوردستانیان بەرهەم
هێنا!؟
ئایا هەر بەڕاست نەوت بە سەربەخۆ
ئەفرۆشن یان بە مەرج و رێکەوتنی نهێنیی پەنجا ساڵە لەگەڵ تورکیا!؟ بۆچی هەر کات
هەر گۆڕانکارییەک لەبواری نەوت و گاز ئەبێ خێرا خۆیان ئەگەیەننە ئەنکەرە و
ئەستەنبوڵ(٢)!؟
باشە چ عاقڵێکی ئەم دنیایە
قەبوڵیەتی لە ساڵێکدا سەدان ملیۆن دۆلار زیان لە داھاتی گشتی بدرێ ھەر لەبەر ئەوەی
گوایا نەوت بە سەربەخۆ ئەفرۆشرێت!؟
دەسەڵاتدارانی هەرێم تاکەی بەتەمان
هیچ داهاتێکی هەرێم چ نەوتی و چ داهاتی ناوخۆ لەگەڵ عێراق بەش نەکەن و بە کەماڵی
ئیسراحەت پارەیان لە بەغداوە بۆ بێت!؟
ئایا هەر دەسەڵاتەکەی پارتی و ئەوەی
یەکێتی ئەوە لە یەک قەبوڵ ئەکەن!؟ ئەی مەگەر هەر ماوەیەک لەمەوبەر مەسرور بارزانی
بە بەیانێک نەیوت کێشەکە ئەوەیە داھاتی سلێمانی دیار نییە!؟ مەگەر ھەر بە ھۆی ئەوەوە
نییە ھەرچی پڕۆژەی سلێمانییە وەستاوە و وا بۆ نمونە سەد مەترییەکەی سلێمانی تەواو
ناکرێ لە ھەولێر خەریکی ١٥٠یین!؟
ئایا خەتای دادگای باڵای فیدڕاڵییە
کە وەک باسمان کرد بە موبارەکەی خۆیان لە ساڵی ٢٠٢١ پێکهاتەوە یان دەسەڵاتدارانی
هەرێم خۆیانن کە ئەیانەوێ سیاسەتی نەوتی هەرێم بەم پینەوپەڕۆیە لە پێناوی بەرژەوەندیی
خۆیان بەردەوام بێ؟
ئێمە پێش دەستبەکاربونەوەی دادگاکە
(لە ١٦- ٣- ٢٠٢١) پێشبینیمان کرد بو کە لەگەڵ دەستبەکاربونەوەی دادگای باڵای
فیدڕاڵی یەکێک لەو مەلەفانەی بڕیاری لەسەر ئەدات مەلەفی نەوتی هەرێمە، بۆیە
داوامان کرد پێش ئەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم رێکەوتنی هاوسەنگی بنبڕ لەگەڵ حکومەتی
فیدڕاڵ بکەن. بەڵام ئەوان چەندین دەرفەتی لەباریان بۆ رێکەوتنی هاوسەنگ لەگەڵ بەغدا
بە فیڕۆ دا(٣)، تەنانەت دوا دەرفەتیش کە رێکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق
بو. وا ئێستا نەوت و گازی هەرێمیان کردۆتە کارتێکی سوتاو لەبری ئەوەی بیکەنە
کارتێکی بەهێز بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی تر لەگەڵ بەغدا وەک کێشەی خاک و کێشەی
شەراکەت لە بڕیاری ئیتیحادی و قەرەبوی زیانەکانی رژێمی پێشو و شایستە و مافە
دەستورییەکانی تری خەڵکی کوردستان.
راستییەکەی ئەوەیە دەسەڵاتدارانی
هەرێم نەوت و گازیان بە بارمتەی خۆیان گرتوە لە پێناوی بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان
نا بەڵکو لە پێناوی بەرژەوەندیی خۆیان و بۆ ئەوەی بیکەنە کەرەستەیەک بۆ ئەوەی وەکو
میر لە ئاستی دەرەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ و دەسەڵاتی خۆیانی پێبپارێزن. نەوت و
گازی هەرێمیان کردۆتە دەسمایەیەک بۆ پەیوەندی و رێکەوتنی گوماناوی لە ئاستی دەرەوە
دیسانەوە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان. هەڵبەت لە مانەوەی دۆخی نەوت و گازی هەرێم
بەم شێوەیەی ئێستا سەرەڕای زیانەکان لە داهاتی گشتی، ئەوان خۆیان سودمەندن لە داهاتی
بۆڕیی نەوت و کۆمپانیا خزمەتگورییەکانی بواری نەوت و تەنانەت دور نییە خۆیان
پشکیان هەبێ لە کۆمپانیا نەوتییەکان. لێرەوە شینی ئەوان بۆ هەریسەکەیە نەک بۆ
حوسەین!
هەر بۆیەش کێشەی سەرەکی خودی
دەسەڵاتدارانی هەرێمن کە بونەتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ئێستا و داهاتوی هەرێم و
لە لێواری روخان نزیکییان کردۆتەوە.
با چاوەڕێی هەڵوێستی تورکیاش بین
پاش بڕیارەکەی دادگای ناوبژیوانیی پاریس!