513وتار

ئەرێ بەڕاست کێ دەسەڵاتدارە!؟

5/22/2022 10:03:00 PM
د. یوسف محەمەد


    سەیرە ئەوانەی زیاتر لە سی ساڵە قۆرخی دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری و چەکداریی هەرێمیان کردوە و، لە تروپکی هەڕەمی ئەم دەسەڵاتە شکستخواردوەی هەرێمن، کەچی کە قسە دەکەن وەک هەر هاوڵاتییەکی ئاسایی گلەیی دەکەن و، باسی نائومێدیی خەڵک دەکەن! ئەرێ بەڕاست کێ دەسەڵاتداری ئەم وڵاتە بوە و خەڵک لە کێ بێزارە؟

    ئێوە کە دەسەڵات و خاک و خێروبێری کوردستان بە میراتی خێزانی دەزانن و قۆرختان کردوە، سەرچاوەی سەرەکیی شکستخواردویی دەسەڵاتی هەرێم و بێزاریی خەڵکی کوردستانن. خەڵک لە ئێوە بێزارە کە پاش ئەو هەمو ساڵە و لەگەڵ ئەو هەمو سامانی ژێر زەوی و سەرزەوییە، پاش نزیکەی ١٠ ساڵ لە هاتنی بودجە لە بەغدا، پاش زیاتر لە ١٠ ساڵ فرۆشتنی زیاتر لە نیو ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، دارایی هەرێم و خەڵکەکەیتان هێنایە «سەر ساجی عەلی» و ئابورییەکەیتان وێران کرد.

    خەڵک لە نەبونی دادپەروەری و بونی گەندەڵی و تاڵان کردنی سەروەت و سامانی نیشتیمانی بێزارە. خەڵک لە کۆشک و تەلار و کۆمپانیا و ریزە ئۆتۆمۆبیلەکانی ئێوە بێزارە. خەڵک لەوە بێزارە کە دەزانێ ئێوە لە داهاتی ئەم وڵاتە بونەتە ملیاردێر و، خانەنشین و موچەخۆریش ئەبێ بە نۆرە موچەی دو مانگی پێش ئێستا وەربگرن!

    ئێوە خەڵکتان بە کوردبون و کوردایەتیش کافر کرد و، واتان کردوە کە ئێستا ئارەزوی گەڕانەوەی دەسەڵاتی عێراق بکەن. ئێوە هەرێمتان کردۆتە شوێنی تەڕاتێنی کۆنە بەعسی و هێزی چەکدار و هەواڵگریی دەوڵەتانی دەوروبەر!

    ئێوە بونەتە سەرچاوەی گەورەترین مەترسی لەسەر هەرێم و خستوتانەتە سەر لێواری روخان.

    باشترین شتێک ئێوە بیکەن قسەی زل نییە، بەڵکو هەڵگرتنی بەرپرسیارتی و وازهێنان و، رێگا خۆش کردنە بۆ ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن