نیوەی رێگاکەمان بڕیوە..
5/3/2023 8:29:00 PM
د. یوسف محەمەد
پاش نزیکەی شەش مانگ لە تۆمار کردنی داواکەمان
(٢٤٨/ فیدڕاڵی/ ٢٠٢٢) لە دژی نادەستوری بونی یاسای بەردەوام بونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی
کوردستان ژمارە (١٢)ی ساڵی ٢٠٢٢، بڕیار بو ئەمڕۆ ٣/ ٥/ ٢٠٢٣ دادگای باڵای فیدڕاڵی
بڕیاڕەکەی لەو بارەیەوە دەربکات. بەڵام دادگا بڕیاری دا جارێکی تر پڕۆسەی دادبینی
بکاتەوە و رۆژی ٢٤/ ٥ دیاری بکات بۆ بانگ کردنی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ
وەرگرتنی رایان سەبارەت بە ئامادەییان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی داھاتوی ھەرێم
بە ھۆی کارا نەبونی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی ھەرێم.
کە دەستمان بەم پڕۆسەیە کرد، دو ئامانجی سەرەکیمان
ھەبو کە ئەوانیش بریتی بون لە:
یەکەم: کۆتایی ھێنان بە نەریتی نەشیاوی بەردەوام
دواخستنی ھەمو ھەڵبژاردنەکان و درێژکردنەوەی ماوەی دەسەڵاتەکانی ھەرێم. وا نزیکەی
چواردە ساڵی تەواوە بێ پەروا لەم بوارەدا ھەوڵ ئەدەین و، لە پێناوی ھیچ پۆست و پایە
و بەرژەوەندییەکی تایبەت ئامادە نەبوین دەستبەرداری ئەم بڕوا و ئامانجەمان ببین (ھەموان
بیریانە کە ساڵی ٢٠١٥ رەدمان کردەوە رازی بین بە درێژکردنەوەی ماوەی بارزانی لە پۆستی
سەرۆکی ھەرێم).
وادیارە ئێستا لەم
ئامانجەدا سەرکەوتو بوین و توانیومانە باوەڕ بە دادگا بھێنین بەوەی کە درێژکردنەوەی
ماوەی پەرلەمان و دەسەڵاتەکانی ھەرێم نادەستورییە و پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسییە،
وەگەرنا ئەمڕۆ دادگا داواکەمانی رەد ئەکردەوە.
دوەم: کار کردن بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی جیاواز
لە سەرجەم ھەڵبژاردنەکانی پێشوی ھەرێم و، دەستەبەر کردنی پاکی و نەزاھەتی ھەڵبژاردنەکان
لەڕێی بێ لایەن کردنی ھێزە چەکدار و ئەمنییەکان و ئاسایی کردنەوەی دۆخی ھەولێری پایتەخت
و سەرجەم ناوچەکانی تری کوردستان و دەرھێنانیان لە چنگی ھێزی چەکداری حیزبی و،
گرتنەبەری ھەندێ رێوشوێنی تەکنیکیی تر بۆ زامن کردنی شەفافییەت و پاکیی ھەڵبژاردنەکان.
رەنگە پرسیار بکرێ کە ئەمە چ پەیوەندییەکی بە ژیان
و گوزەرانی ھاوڵاتییانەوە ھەیە!؟ لە راستیدا تا کار نەکەین بۆ ئەوەی دەنگی ھاوڵاتیان
و سندوقی دەنگدان تەنھا ئامڕازی یەکلاکردنەوەی ململانێی ھێزە سیاسییەکان بێ، تا وا
نەکەین ھەمو ھێزە سیاسییەکان لە دۆڕانی ھەڵبژاردن بترسن، ناتوانین ناچاریان بکەین
واز لە بەرژەوەندیی تایبەتییان بھێنن و بەرژەوەندیی گشتی و بەرژەوەندیی خەڵک بپارێزن.
سەرباری فشارە زۆرەکان، وا لەم داوایەمان دا لە
بەردەم دادگای فیدڕاڵی نیوەی رێگاکەمان بڕیوە و ،ھیوادارم بتوانین لە دانیشتنەکانی
داھاتو، لە ئامانجی دوھەمیشمان نزیک ببینەوە.
رێگای گۆڕانکاریی مەدەنی رێگایەکی دور و درێژە،
بەڵام رێگایەکی دروست و تەندروست ترە و، نابێتە ھۆی دوبارە بونەوەی بازنەی شەرعییەتی
شۆڕشگێڕی.