531وتار

پەرلەمانی کوردستان دوای ٦- ١١- ٢٢

11/1/2022 7:14:00 PM
د. یوسف محەمەد

هەڵبژاردن وەک گرێبەستی نێوان دەنگدەر و هەڵبژێردراو، مەرجدارە بەو کاتەی بۆی دیاریکراوە و بەو بەڵێنانەی هەڵبژێردراو داویەتی بە دەنگدەر کە لەو ماوەیەدا کار بکات بۆ بەدیهێنانیان. هەر بۆیەش لە دوای تەواو بونی ماوەی یاسایی ئەنجومەن و پۆستە هەڵبژێردراوەکان، شەرعییەت لە دەست ئەدەن و درێژکردنەوەیان ناشەرعییە و دژی بنەما جێگیرەکانی دیموکراسییە. پێشتر لە وتارێکدا باسمان لەمە کرد و پێویستی بە دوبارە کردنەوە نییە([1]).

بە بڕوای ئێمە هەڵوێستی گونجاو و دروست لەگەڵ دۆخی پەرلەمانی کوردستان دوای تەواوبونی ماوە یاساییەکەی لە کۆتایی رۆژی ٥- ١١- ٢٢، دەستکێشانەوەیە لە ئەندامێتی و کشانەوەیە لێی بێ گوێدانە ئەوەی کێ جێگا پڕ ئەکاتەوە یان دوای ئەوە چی لە پەرلەمان ئەگوزەرێ. چونکە لە بنەڕەتدا بە داخەوە ئێستا پەرلەمانی کوردستان کراوەتە دەزگایەکی ژێر فەرمان (تحت الطلب) و کەی بیانەوێ کۆی ئەکەنەوە و چییان بوێ، بەو زۆرینە ساختەیەی هەیانە، تێیئەپەڕێنن، هۆکارەکانی ئەمەش زۆرن کە ئێستا کاتی باس کردنیان نییە.

کاتیەتی هەمو هێز و کەسایەتییە چاکسازیخوازە راستەقینەکانی هەرێم، دابڕانێکی تەواو دروست بکەن لەگەڵ رژێمی حوکمڕانیی ئێستای هەرێم و، چیی تر رێنەدەن وەک کۆمبارسی شانۆگەرییەک مامەڵەیان لەگەڵ بکرێ کە دەرهێنەرەکەی خێزانە باڵا دەست و دەسەڵاتدارەکانی هەرێمن. پێویستە هەموان پێداگر بین لەوەی ئەو رژێمە رتوشکراوەی ئێستای هەرێم چیتر تەماهیی لەگەڵ ناکرێ و، تەنها بە مەرجی هەڵبژاردنێکی بێ ساختەکاری بە سەرپەرشتی و چاودێریی نێودەوڵەتی و، دور لە دەستێوەردانی چەکداری و، بە رەخساندنی هەلی یەکسان بۆ هەموان ئەتوانرێ شەرعییەت بۆ دامەزراوەکانی هەرێم بگەڕێنرێتەوە.

هەڵبەت پێویستە ئەوانەی خۆیان بە ئۆپۆزسیۆنی ئەم رژێمەی هەرێم ئەزانن، دور بکەونەوە لە موزایەدە کردن بەسەر یەکەوە و، واز بێنن لە دروست کردنی شەڕی راگەیاندنی لابەلا. لێگەڕێن هەر یەکەو هەڵوێستی خۆی بۆ هاوڵاتییان رون بکاتەوە و با خەڵک بڕیاردەر بن لە راستی و دروستیی هەڵوێستە جیاوازەکان لەم بارەیەوە. ئەوەی لەچەند رۆژی رابردو رویدا لە شەڕی نێوان بەشێک لەوانەی رایانگەیاندوە کە بایکۆتی پەرلەمان ئەکەن و ئەوانەی لەوانەیە بە نیازی مانەوە بن تیایدا و، دواتریش راکێشانی پرسی تەندروستیی برای بەڕێز دکتۆر کازم فاروق بۆ ناو ئەم شەڕە، کارێکی ئێجگار نادروست بو و هەموان پێی بریندار بوین.

هەمومان لە ناخی دڵمانەوە هیوای سەلامەتی و تەندروستییەکی باش بۆ د. کازم ئەخوازین کە پێش ئەوەی پەرلەمانتار بێ، دکتۆرێکی لێهاتو و دڵسۆزی نەخۆشەکانی بو و، دواجاریش لە پەرلەمان دەستیکێشاوەتەوە و داوای کردوە بگەڕێنرێتەوە سەر پیشەکەی پێشوی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن