253وتار

سلێمانی چاوەڕێی ھەڵوێست و پاڵپشتییە

4/11/2023 7:35:00 PM
د. یوسف محەمەد


ئاشکرایە کە بە درێژایی لانی کەم سەد ساڵی رابردو، پارێزگای سلێمانی مەڵبەندێکی سەرەکیی کوردایەتی و بزاوتی سیاسی و رۆشنبیریی کورد و، پاڵپشتی تێکۆشانی کورد بوە لە ھەمو پارچەکانی کوردستان. ھەر ئەمەش وای کردوە لە ھەر پارچەیەک لە پارچەکانی کوردستان لە باکور یان رۆژھەڵات و دواتریش رۆژاوا، لە ھەر شارێک لە شارەکانی کوردستان لە ئامەد یان ماردین، لە سنە و مەھاباد یان کرماشان، لە قامیشلو یان کۆبانێ، لە ھەولێر و کەرکوک یان لە بادینان، ھەر روداو و کارەسات یان سەرکەوتنێک ھاتبێتە کایەوە، سلێمانی پێشەنگ بوە لە پاڵپشتی و پشتگیری و ھاوسۆزی بۆ ھاوخوێنەکانی بێ گوێدانە ھیچ باج و پەرچەکردارێکی نەیارانی کوردستان. جا لەم روانگەیەوە ھەر ھێزێک بیەوێ حاکمی سلێمانی بێ یان لە سلێمانی خاوەنی پێگەی جەماوەری بێ، بە ناچاری بێ یان بە خوایشتی خۆی، پێویستە بە ھەمان ئاڕاستە پشتیوانی خەباتی گەلی کورد بێ لە ھەر پارچەیەکی کوردستان.


سلێمانی ئێستا باجی ھەڵوێستە نیشتیمانی و نەتەوەییەکانی ئەدات و ئابڵوقە ئەدرێ و ھێرشی ئەکرێتە سەر. وا تورکیا ئابڵوقە ناوخۆییەکەی سەر سلێمانی تەواو ئەکات و، لەرێی رێگڕی کردن لە گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بەتایبەت بەرەو ئەوروپا دەستی کردوە بە سەپاندنی ئابڵوقەیەکی نێودەوڵەتیش بەسەریدا.


ھەموان ئەوەشمان بینی کە دەسەڵاتی خۆسەپێن بەسەر ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان لەبری ئیدانە کردن و بەگژداچونەوەی ئابڵوقەدانی سلێمانی چۆن کەوتە پاساو ھێنانەوە بۆ ھێرش کردنەسەر فڕۆکەخانەی سلێمانی و ھەوڵی تیرۆر کردنی مەزڵوم عەبدی فەرماندەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات کە رۆڵێکی قارەمانانەی بینی لە روبەڕوبونەوەی گروپی تیرۆریستیی داعش لە رۆژاوا. ئەوان کە شانازی ئەکەن بە داڵدەدانی سەرانی بەعس و ئەوانەی ئەنفال و جینۆسایدی خەڵکی کوردستانیان کرد، ئەیانەوێ پاڵپشتی کردنی خەباتی رۆژاوا بەتاوان لە قەڵەم بدەن! ئەوانە ئەیانەوێ پێمان بڵێن ھەڵەیە کچی خۆت بکەیت بە قوربانی کوڕی خەڵک! ئەیانوێ ئەوە بچەسپێنن کە سلێمانی بە ھۆی پاڵپشتی لە پە*کە*کەیە وا دواکەوتوە لە خزمەتگوزاری و، بژێوی و ئاسایشی ھاوڵاتییانی کەوتۆتە مەرسییەوە! ئێمە ئەزانین کە بەشێکی گەورەی کێشەکانی سلێمانی بەھۆی گەندەڵی و ناکارایی و کێشە ناوخۆییەکانی دەسەڵاتدارانی سلێمانییەوەیە، بەڵام ئەوەش شاراوە نییە کە نزیکەی پازدە سالە کار بۆ ئەوە ئەکرێ کە رێگری لە ھەر پڕۆژەیەکی ستراتیژی لە پارێزگای سلێمانی بکرێ بەتایبەت لەبواری نەوت و گاز.


ئێستا ئیتر سلێمانی چاوەڕێی پاڵپشتییە لە روبەڕوبونەوەی ئابڵوقە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سەری. سلێمانی چاوی لە پشتیوانیی ئامەد و قامیشلو و ھێزە سیاسییەکانی پارچەکانی تری کوردستان و ھەڵوێست و ھەنگاوی کردارییانە بۆ بەرەنگاربونەوەی ھەوڵی دەستەمۆ کردنی سلێمانی. بەھۆی ئابڵوقەی تورکیاوە گەشتەکانی ئەوروپا بۆ سلێمانی راگیراون، ئایا رەوەندی کوردستانیی ھەر چوار پارچەی کوردستان لە ئەوروپا بێدەنگیی لێئەکەن یان بە خۆپیشاندان و فشاری مەدەنی و دیبلۆماسی کار ئەکەن بۆ ھەڵگرتنی ئەو ئابڵوقەیە!؟


سلێمانی ئێستا باجی ھەڵوێستە نیشتیمانییەکانی ئەدات، ئایا لەم ساتەدا بە تەنیا بەجێ ئەھێڵرێ یان پاڵپشتی و پشتیوانی ئەکرێ!؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن