703وتار

دوای دانپیانان چارەسەر چیە؟

6/8/2020 10:40:00 PM
د. یوسف محەمەد


بەشی دوەم: چارەسەری هاوبەش لەگەڵ عێراق
یەکەم: مێژوی پەیوەندیی هەر دو لا و دەرباز بون بەرەو ئایندە
وانەیەکی سەرەکیی شکستی ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ کە پێویستە دەسەڵاتدارانی هەرێم باشتر لێی گەیشتبن، ئەوەیە کە بونی ئێمە لە عێراق، تەنها گۆڕاوێکی (Variable) عێراقی نییە، بەڵکو لە هەمان کاتدا گۆڕاوێکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیشە. واتە گۆڕینی پەیوەندیی هەرێم لەگەڵ بەغدا، تەنها پەیوەست نییە بە بەغداوە، بەڵکو ئەم پەیوەندییە کاریگەریی لەسەر هاوسەنگیی هێز و، هاوکێشە ئیقلیمی و تەنانەت نێودەوڵەتییەکانیش هەیە.
عێراق دەوڵەتێکی دروستکراوی پاش جەنگی جیهانیی یەکەمە. دروست بونی ئەم دەوڵەتە و دیاری کردنی سنورەکەی و تەنانەت دیاریکردنی مەلیکەکەی، بڕیارێکی ناوخۆیی گەلانی عێراق نەبوە هێندەی دەرهاویشتەی بڕیاڕی دەوڵەتە سەرکەوتوەکانی جەنگ (بەتایبەت بەریتانیا) و، ڕێکەوتننامەکانی پێش و پاش جەنگ بو. بەم شێوەیەش وا کورد بۆ نزیکەی سەدەیەکە بە ناچاری لەناو عێراقە و، هەر لەو کاتەشەوە بەردەوام لە ململانێی قورسدایە لەگەڵ دەسەڵاتدارە یەک لەدوای یەکەکانی بەغدا بۆ چەسپاندنی مافەکانی. پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە کە مادەم مانەوەی هەرێم لە چوارچێوەی عێراق ڕاستیەکی هەنوکەییە، بۆچی لە بری ئەوەی لەم بونە ناچارییە ڕابکەین و بەمەش هەمیشە زەرەرمەند ببین، هەوڵ نەدەین سود لە بونمان لە چوارچێوەی عێراق وەربگرین؟ بەتایبەت کە ئێستا بەشێکی زۆری مافەکانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستوری عێراق دانپیانراون. ئەوەشی بەدەست نەهاتوە، کەمتەرخەمی سەرەکی، دەسەڵاتدارانی هەرێم خۆیانن سەرەڕای نەیاریی بەشێک لە کاربەدەستانی بەغدا.
لە بەرامبەریشدا عێراق وەک دەوڵەتێکی دروستکراو بە دڕێژایی سەدەی ڕابڕدو، نەیتوانیوە ببێتە دەوڵەتێکی سەرکەوتو. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شکستخواردویی دەوڵەتی عێراقیش کێشەکانی بوە لەگەڵ کورد و، هەوڵدانی سەپاندنی تاک ناسنامەیی قەومەچی و دەسەڵاتی ناوەندی بوە. تەنانەت یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی شەڕە دەرەکییەکانی عێراقیش، هەر پەیوەندیی هەبو بە ئامادە نەبونی ڕژێمی پێشو بۆ سەلماندنی چارەسەری دادپەروەرانە بۆ کێشەی کورد. سەرنج بدەن، دەسەڵاتی بەعس ئامادە نەبو مافی کورد لە کەرکوک بسەلمێنێت، لەپێناو ئەمەدا سازشی بۆ ئێران کرد لە "شط العرب" لەڕێکەوتننامەی جەزائیر لە بەرامبەر دەستهەڵگرتنی شا لە یارمەتیدانی کورد. ناکۆکی لەسەر ئەم ڕێکەوتننامەیە یەکێک بو لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی شەڕی کەنداوی یەکەم و، ئەم شەڕە و دەرەنجامەکانیشی هۆکاری سەرەکیی شەڕی کەنداوی دوەم بو. بەعس سەرەڕای سازشە دەرەکییەکەی بۆ ئێران، شکستی خوارد لە بەزاندنی کورد و، لە هەمان کاتیش لەگەڵ چەندین هۆکاری تر، عێراقی دەرگیری زنجیرەیەک ململانیێ ناوخۆیی و دەرەکیی خوێناوی کرد کە سەرەنجامەکەی ڕوخانی ڕژێمەکەی بو. لە کاتێکدا ئەگەر نەرمیی بنواندایە بەرامبەر بە کورد و داواکارییەکانی بە تایبەت لە کەرکوک، ئەوا هەم بەشێکی کێشە ناوخۆییەکانی عێراقی چارەسەر دەکرد و لە بەرامبەر دەرەوەیدا بەهێزتر دەبو، هەم لەوانەیە دەرگیری زۆرێک لە کێشە دەرەکییەکانیشی نەبوایە.
ئایا کاتی نییە کە لە بری ئەم پەیوەندییە ئاڕاستە پێچەوانەیە لەنێوان هەرێم و بەغدا، تێڕوانینێکی نوێ بۆ پەیوەندییەکی پشت بەستو بە بەرژەوەندیی هاوبەش لە نێوان هەر دو لا بێتە کایەوە؟ ئایا ناتوانرێ لەبری دژیەکیی سیاسی و ئابوری، پەیوەندییەکی تەواوکاری (Integration)ی ئابوری و پاشان سیاسی، لە نێوان هەر دو لادا بهێنرێتە کایەوە؟ تاکەی توانا و دەرامەتەکان لەم دژبەرییەدا بەفیڕۆ دەدرێ لەبری بەخەرجدانیان لە بنیاتنان و هێنانەکایەی سەقامگیریی سیاسی و ئابوری؟ عێراق و لەناویشیدا هەرێم، ئەتوانێ ببێتە دەوڵەتێکی سەرکەوتو، ئەگەر بتوانێ ببێتە خاوەنی ستراتیژێکی نیشتیمانیی نوێ بەتایبەت لە بواری ئابوری. شوێنی عێراق لەروی جیۆپۆلیتیکییەوە، دەرفەتی ئەوەی داوەتێ کە ببێتە دڵی ڕێگا بازرگانییە نێودەوڵەتییەکان و، ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا، کەنداو و دەریای ناوەڕاست پێکەوە ببەستێتەوە، کە لەئێستادا چەند پڕۆژەیەک لەم بوارەدا هەن. هەرێمی کوردستانیش لە پڕۆژەیەکی وادا شوێنگەیەکی ئێجگار گرنگی دەبێ "ئەم بابەتە زۆر زیاتر هەڵدەگرێ بۆ باس کردنی، لە دەرفەتێکی تردا هەوڵ ئەدەین قسەی لەسەر بکەین". هەرێم و بەغدا ئەتوانن یەکتر تەواو بکەن لەڕوی وزەوە (نەوت، گاز، کارەبا)، لە ڕوی ئاو، لە ڕوی زەویی کشتوکاڵی و گەشتوگوزار، لە روی ئەمنی و بەرەنگاربونەوەی مەترسیی هاوبەش بەتایبەت ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆر و، تەنانەت لە پەیوەندیی نێودەوڵەتی و ئیقلیمیش. گۆڕینی پەیوەندیی نێوان هەر دولا لە پەیوەندیی بەریەککەوتن و بەیەکەوەبونی ناچاریی پڕ لەکێشە، بۆ پەیوەندیی ئارەزومەندانەی یەکتر تەواوکەر و بەرژەوەندیی هاوبەش، هەر دولا بەهێز ئەکات. هەڵبەت پەیوەندییەکی لەم شێوەیە، پێویستی بە دەستەبژێرێکی سیاسیی هەیە لە هەر دولا کە لە ئاستی دەوڵەت بیر بکەنەوە، نەک لە ئاستی بەرژەوەندیی کەسی و حیزبی و، لە ڕوانگەی عەقڵی خێڵەکیی بەرتەسکەوە، کە لە ئێستادا زۆر کەمن. پڕۆژەی لەو شێوەیە، بازرگانیی دڕێژەدان بە دەسەڵات لە ڕێی ڕەواج دانی درۆیینە بە دژیەکی نەتەوەیی و مەزهەبی، سەربەخۆخوازی و ناوەندگەرایی، لە لایەن هەندێک لە هێزە سیاسییەکانی هەرێم و بەغدا، لاواز دەکات. ئەوانەی شەقام دژ بەیەک هان ئەدەن، بەڵام کە دێتە سەر باسی دابەش کردنی پۆست و ئیمتیازات، کەس وەک ئەمانە لە هەر دولا، زو ناگەنە ڕێککەوتن. باشتترین نمونەش بۆ ئەمە کاندید کردنی د. فواد حسێن بۆ وەزیری دەرەوە عێراق و دەنگدانی هێزە عێراقیەکانە پێی لەناو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق . بروانن ئەم زاتە یەکێک بوو لە داکیکۆکارانی سەرسەختی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بارزانی پێداگری کرد لە سەر کاندیدکردنی بۆ پۆستی وەزیری لە حکومەتی ئەو عێراقەی گویە دەیویست لێی جیابێتەوە، تەنانەت ڤیتۆی لەسەر تێپەڕاندنی کابینەکەی د. محەمەد عەلاوی دانا لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوو وەزیرەکانی کابینەی پێشو بەم زاتەشەوە بکاتەوە بە وەزیر. لە بەرامبەریشدا ئەو هێزە عێراقیانەشی لە ڕاگەیاندنەکانەوە زۆر دژی د. فواد حسێن ڕای گشتی و شەقامیان دەوروژاندو بە عەرابی دابەش کردنی عێراقیان لە قەلەم دەدا، زۆر بە سادەیی و سانایی دانگیان پێدا بۆ ئەوەی بیکەن بە نوێنەری هەموو عێراق لە دەرەوە. لێرەشەوە دەردەکەویت بەشێک لە هێزە سیاسیەکان لە هەردوو لا بەرژەوەندی هاوبەشیان هەیە لە وروژاندنی شەقام دژ بە یەکتر بۆ شەرعیەت دان بە مانەوەیان. هەر بۆیەش دید و ڕوانینی تر، کە پشت ئەستوربێت بە چارەسەر کردنی کێشەکان لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی گشتی و هاوبەشی نیشتیمانی،دور لە وروژاندنی درۆینەی شەقام دژ بەیەکتر، نەیاری زۆر دەبن.
دوەم: نەوت و پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا
هێندەی پەیوەندیی بە سیاسەتی نەوتیی هەرێمەوە هەیە، وەک پێشتر باسمان کرد، بوەتە خاڵی لاوازی هەرێم لەگەڵ بەغدا، بوەتە قوفڵی بەرەوپێشچونی پەیوەندییەکانی نێوان هەر دولا و، بوەتە هۆی فەرامۆش کردنی کێشەکانی تری نێوان هەرێم و بەغدا بەتایبەت کێشەی خاک. ئەمە لە کاتێکدایە، نەوت خۆی، بەردەوام گرنگیی خۆی لە دەست ئەدات، بەتایبەت بە هۆی زیاد بونی وزەی جێگرەوە و، پەرەدان بە تەکنۆلۆژیای بەکارهێنەری وزەی بەدیل. هەروەها بە هۆی زیاد بونی نەوتی بەدیلی نەوتی ئۆپیک بەتایبەت نەوتی شێڵ و، زیاد بونی ململانی لە نێوان بەرهەمهێنەرانی نەوت لەناو ئۆپیک و دەرەوەی و، کەم بونەوەی گرنگی پێدانی ئەمریکا بۆ نەوتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
دەکرێ هەرێم وزە بکاتە کلیلی چارەسەر کردنی کێشەکانی دیکەی لەگەڵ عێراق. بەڵام بەو مەرجەی هەرێم ئامادە بێت کە پیداچونەوە و ڕاستکردنەوە بۆ کۆی سیاسەتی نەوتیی خۆی بکات و، هاوشیوەی عێراق گفتگۆ بکات لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت بۆ پێداچونەوە بەگرێبەستە نەوتیەکان. چونکە پێناچێ عێراق گرێبەستە نەوتییەکان و هەناردنە کردنی نەوتی هەرێم، بەم شێوەیەی ئێستای قەبوڵ بکات. عێراق ئێستا دو سکالای هەیە لەسەر هەناردە کردنی سەربەخۆی نەوتی هەرێم. سکاڵایەکیان لە دادگای ناوبژیوانیی ژوری بازرگانیی پاریسە لە دژی تورکیا، ئەوی تریشیان لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقە دژ بە هەرێمی کوردستان(٧). پێویستە هەرێم، پێش یەکلاکردنەوەی ئەو سکاڵایانە بگاتە ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا لە بواری وزە بە گشتی و نەوت بەتایبەتی. بەتایبەت کە گفتوگۆ تەکنیکییەکانی ماوی ڕابردوی نێوان وەفدی هەر دو لا لە بواری نەوت هەنگاوی باشی بڕیوە و، ئێستاش حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی ئامادەیی نیشانداوە بۆ گفتوگۆ و ڕێککەوتن لە ماوەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ.
هەڵبەت هاوزەمان لەگەڵ ئەم گفتوگۆیانە، هەرێم پێویستی بە هەڵمەتێکی پەیوەندیی گشتیش هەیە لەگەڵ دەستەبژێری ڕۆژنامەوانی و ڕۆشنبیری و ئەکادیمیی عێراقی و، ڕای گشتیی شەقامی پارێزگاکانی عێراق. لێدوانی نابەرپرسانە و لوتبەرزانەی موزەیەفی هەندێک لە کاربەدەستانی هەرێم لە قۆناغی پێشو و، ئەنجام دانی ڕیفراندۆم و شکستهێنانی و، بڵاوبونەوەی سەدای گەندەڵیی دەسەڵاتی هەرێم بە هەمو دنیادا، شەقامی عێراقیی زۆر توند دژ بە هەرێم ئاڕاستە کردوە. ئاڕاستەی زاڵ لە شەقامی عەرەیی عێراق سەبارەت بە هەرێم ئەوەیە کە «دەساڵاتدارانی هەرێم، نەوتی هەرێم ئەدزن و، بۆ خۆیانی دەفرۆشن و یەک دیناری نادەن بە خەزێنەی گشتی لە بەغدا، کەچی حکومەتی ئیتیحادی لە نەوتی بەسرەش پارە ئەنێرێت بۆ هەرێم». هەر بۆیەش چاکسازیی ناوخۆیی و، گۆڕینی گوتاری ئاڕاستەکراو بەرەو بەغدا و، کار کردن لەسەر دۆزینەوەی زمانی هاوبەش و بەرژەوەندیی هاوبەش و ئامادەیی بۆ شەفافییەت، کاریگەر دەبێ بۆ نەترسانی حکومەتی عێراق لە ڕێکەوتن لەگەڵ هەرێم.
سێیەم: ڕوانگەی دەستوریی کێشە نەوتییەکان
بە تێڕوانینی ئێمە مەلەفی نەوت وگازی هەرێم بەم شێوە و دەرەنجامەی ئێستای، هەندێک کێشەی دەستوریی هەیە. دەستوری عێراق لە هەر دو مادەی ١١١ و ١١٢ دا باسی چۆنیەتیی ڕێکخستنی مەلەفی نەوت و گاز لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی نەوت و گاز دەکات. مادەی ١١١ ئاماژە بەوە دەکات کە نەوت و گاز موڵکی سەرجەم گەلی عێراقە لە هەمو هەرێم و پارێزگاکان. کەواتە موڵکدارێتیی سەرجەم کێلگە نەوتی و گازییەکانی عێراق ئیتیحادییە. بەم شێوەیەش دەبێت کۆکردنەوەی داهاتی نەوت و گاز و دابەش کردنیشی، بە هەندێک پێوەر، هەر ئیتیحادی بێت. پێوەرەکانی دابەش کردنی داهاتی ئیتیحادی بە پێی دەستور ئەمانەن:
1. ڕێژەی دانیشتوان و دابەش بونیان بەسەر هەرێم و پارێزگاکان (م ١١٢/ یەکەم).
2. قەرەبوی هەرێم لەو زیانانەی بەریکەوتوە بە هۆی سیاسەتەکانی ڕژێمی پێشو بۆ هێنانەکایەی گەشەسەندنی هاوسەنگ لە هەمو عێراق (م ١١٢/ یەکەم)، بڕ و ماوەی قەرەبو کردنەوەکە بە کراوەیی هێڵراوەتەوە.
3. تەرخان کردنی بەشێکی دیاریکراو لە داهاتی ئیتیحادی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بۆ هەرێم و پارێزگاکان بۆ ڕایی کردنی کاروبارەکانیان و جێبەجێ کردنی بەرپرسیارییە دەستورییەکانیان (م ١٢١/ سێیەم).
4. پەترۆدۆلار بۆ پارێزگا بەرهەمهێنەکان بەپێی یاسای پارێزگاکان و یاساکانی بودجەی ساڵانە.
بەڵام سەبارەت بە ئیدارەدانی کەرتی نەوت و گاز، دەستور لە مادەی ١١٢/ یەکەم، دو قۆناغی دیاری کردوە. قۆناغی پێش کەوتنە بواری جێبەجێ کردنی دەستور لە ٢٠/ ٥/ ٢٠٠٦، کە لەم قۆناغەدا ئیدارەدانی ئەم کەرتە هاوبەشە لە نێوان حکومەتی ئیتیحادی و هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان. قۆناغی دوەم، قۆناغی پاش کەوتنە بواری جێبەجێ کردنی دەستورە کە دەستور لێی بێدەنگ بوە و، بە پشت بەستن بە مادەی ١١٥، کە ئاماژە بەوە دەکات هەر شتێک کە لە دەسەڵاتە حەسرییەکانی حکومەتی ئیتیحادی باس نەکرا بو، دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگا نارێکخراوەکانە لە هەرێمدا. بەم پێێەش ئیدارەدانی ئەو کێڵگە نەوتی و گازییانەی پێش ٢٠/ ٥/ ٢٠٠٦ بەرهەم نەهێنراون، لە دەسەڵاتی هەرێم و پارێزگا ناڕێکخراوەکانە لە هەرێمدا.
بەڵام دەستوری عێراق لە مادەی ١١٢/ دوەم دا مەرجی داناوە لەسەر ئەم ئیدارەدانەی قۆناغی دوەمیش. ئەویش ئەوەیە کە حکومەتی ئیتیحادی و هەرێم و پاڕێزگا بەرهەمهێنەرەکان، پێکەوە (معا)، ستراتیژی پێویست بۆ پەرەپێدانی سامانی نەوت و گاز دادەڕێژن، بە شێوەیەک کە دەستەبەری زۆرترین سود بۆ گەلی عێراق بکات، بە پشت بەستن بە نوێترین تەکنیکەکانی بنەماکانی بازاڕ و هاندانی وەبەرهێنان.
لێرەوە ئیدارەدانی کەرتی نەوت و گازی هەرێم کێشەی دەستوریی هەیە. دەسەڵات لە هەرێم بێ گەڕانەوە بۆ حکومەتی ئیتیحادی و تەنانەت پارێزگا بەرهەمهێنەرەکانی ناو هەرێم (دەقی مادەی ١١٢ باسی پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان دەکات، نەک پارێزگا ناڕێکخراوەکان لە هەرێم یان پارێزگا بەرهەمهێنەرە ناڕێکخراوەکان لە هەرێم)، ستراتیژی مامەڵەی لەگەڵ کەرتی نەوت و گاز داڕشتوە و، لەسەر بنەمای یاسای نەوت و گازی هەرێم گرێبەستی هاوبەشیی بەرهەمی لەگەڵ کۆمپانییاکان کردوە کە دەرکەوت کەمترین سودی نەک بۆ گەلی عێراق، بەڵکو بۆ گەلی کوردستانیش هەیە.
هەڵبەتە ئەم بڕگەیە لە هەمان کاتیشدا ماف بە هەرێمی کوردستانیش ئەدات کە بەشدار و هاوبەش بێ لە دانانی ستراتیژی پەرەپێدانی کەرتی نەوت و گاز و، چۆنیەتیی بەکارهێنانی داهاتەکەی لە هەمو عێراقدا. نەوت لە عێراقیشدا نەبوەتە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی سەرمایە. نەوتی عێراق، لە قۆناغی ڕابڕدو لە خزمەتی ئەجێندای دەسەڵاتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق و، درێژەدان بە ململانێ و شەڕە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بوە و، هاوڵاتیانی عێراق نەک هەر کەمترین سودیان لێبینیوە، بەڵکو زۆر جار بە ئاگرەکەی سوتاون. لە قۆناغی نوێی دوای ڕوخانی سەدامیش، هاوشێوەی هەرێم، گەندەڵیی دەسەڵاتدارانی عێراق وای کردوە کە هاوڵاتیی ئاسایی کەمترین سودمەند بێت لە داهاتی نەوتی عێراق. نەوت لە عێراقیش بوەتە هۆی دواکەوتنی کەرتەکانی تری ئابوری و، بەرفراوان بونی هەژاری و، نەبوەتە سەرچاوەی دابین کردنی خزمەتگوزارییە بنچینەییەکانی ژیان.
دەسەڵات لە هەرێمی کوردستان ئەگەر ئەیەوێت خۆی دەرباز بکات لە سەرجەم ئەو چەوتییانەی کە لە بواری سیاسەتی نەوت و گازی هەرێم هاتونەتە کایەوە، ئەوا دەبێ لە چوارچێوەی بڕگەی دوەم لە مادەی ١١٢، بە هاوکاریی حکومەتی ئیتیحادی و پارێزگا بەهەمهێنەرەکانی ناو هەرێم، پیاچونەوەی بنچینەیی بە کۆی پڕۆسەی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستاندا بکات.
چوارەم: کاری هاوبەش لە بواری گازی سروشتی
کەرتی گازی هەرێم، بوارێکی بەرفراوانترە بۆ بەرهەمهێنانی زیاتری بە دور لە سیاسەتی پڕ چەوتیی پێشو و، بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی. هاوکاریی هەرێم و بەغدا لە بواری کەرتی گاز، کە پێویستییەکی هەنوکەیی عێراقە بۆ بەرهەمهێنانی وزە بەتایبەت کارەبا، دەرگای هێنانەکایەی پەیوەندییەکی نوێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و تەواوکاری، ئەهێنێتە کایەوە کە ڕێگا خۆش ئەکات بۆ چارەسەری کێشە بنچینەییەکانی تر لە نێوان هەر دو لا. هەنگاونانی لەم شێوەیە، متمانەی ئەوەش دروست ئەکات کە هەر دو لا بەشێوەی تاکتیکی و کورت مەودا مامەڵە لەگەڵ یەک ناکەن کە ئەمەش گرفتێکی گەورەی بەردەم دانوستانەکانی ئێستایە. بەتایبەت کە بەغدا گومانی ئەوەی هەیە کە هەرێم ئێستا بە هۆی دابەزینی نەوتەوە ئەیەوێت ڕێکەوتنی کاتی بکات و هەرکات نرخی نەوت بەرز بویەوە ئەگەڕێتەوە سەر هەمان سیاسەتی خۆی و، بە سەربەخۆیی نەوت ئەفرۆشێت.
لە هەمان کاتدا، کەرتی گاز جگە لەوەی پێویستییەکی ناوخۆیی هەرێمە، بە هەمان شێوە ئایندەی لە بازاڕی وزەی جیهانی، مسەوگەرترە لە نەوت. پەرەدان بە کەرتی گازی هەرێم بەو شێوەیەی باسمان کرد، ئەگەر هاوزەمان بێ لەگەڵ ڕوئیایەکی ستراتیژی بۆ پەرەدان بە ژێرخانی ئابوری، بەتایبەت کەرتی گواستنەوە بە هاوبەشی لەگەڵ عێراق، هەرێمی کوردستان ئەخاتە پێگەیەکی بەهێزەوە لە سەر نەخشەی وزەی جیهانی و سیاسەتی نێودەوڵەتیش.
دەرەنجام:
ئیدارەدانی هەڵەی کەرتی نەوت و گازی هەرێم لەماوەی نزیکەی ١٥ ساڵی ڕابردو، هەرێمی کوردستانی خستۆتە سەر لێواری داڕوخانی ئابوری و، نەک هەر نەیتوانیوە سندوقێکی پاشەکەوتی سامان بهێنێتە کایەوە بۆ کاتی قەیران و تەنگژەی دارایی و بۆ نەوەکانی داهاتوش، بەڵکو بوەتە هۆی "کەڵەکە بونی قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی بۆ هەرێم وەک ئەوەی باس دەکرێ". وەبەرهێنان لە سامانی سروشتیی هەرێمی کوردستان، نەک هەر نەبوەتە هۆی هێنانی خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیانی هەرێم، بەڵکو بویە هۆکار بۆ زیاد بونی هەژاری. داهاتی نەوت و گاز نەک نەبویە هۆی بەهێز کردنی ئابوریی هەرێم، بەڵکو بویە هۆی پوکانەوە و لاواز کردنی کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاری.
سەرەنجامە خراپەکانی ئەم سیاسەتە تەنها پەیوەست نییە بە بواری ئابوری، بەڵکو لێکەوتەی سیاسییی گەورەی کوشندەشی بەدوای خۆیدا هێناوە. هەر لە لاواز بونی زیاتری دامەزراوەکانی هەرێمەوە بگرە، بۆ لاواز بونی دیموکراسی و مۆنۆپۆڵیی سیاسیی دەستەبژێرێکی پشت بەستو بە مۆنۆپۆڵی ئابوری و گەندەڵی و، وابەستەیی سیاسی و ئابوری بۆ دەوڵەتانی دراوسێ و، لاواز بونی هەرێم لە هاوکێشە ناوخۆییەکانی عێراق. دەرهێنانی نەوت و گازی هەرێم، نەک هەر نەبوە کارتێکی بەهێزی هەرێم لە بەرامبەر بەغدا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە لەمێژینەکانی لەگەڵ بەغدا، بەڵکو ڕێک بویە خاڵێکی لاوازی هەرێم کە بە هۆیەوە چارەسەرکردنی کێشەکانی تری وەک کێشەی خاکی کردە کێشەی لاوەکیی هەرێم.
دەسەڵاتدارانی هەرێم پاش دەست بردن بۆ دەرهێنان و فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت، بێ لێکۆڵینەوە و دیراسە کردنی ورد، وەک پولی دۆمینە زنجیرەیەک هەڵەی یەک بەدوای یەکیان ئەنجام دا و، هەندێ جار هەڵەیان بە هەڵەی گەورەتر چارەسەر کرد. بەشێوەیەک کە ئێستا دۆسیەی نەوت و گازی هەرێم، بوەتە دۆسییەیەکی ئاڵۆزی پڕ لە کارەکتەر و ڕەهەندی ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، کە چارەسەری چەوتییەکانی بە پینەوپەڕۆ ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە نەشتەرگەریی بنچینەیی هەیە.
دانپیانان بە شکستخواردویی سیاسەتی نەوت و گازی ڕابردوی هەرێم لەناوخۆدا کاتێک قەبوڵکراو دەبێ کە کۆی ئەم سیاسەتە بخرێتە بەر نەشتەری لێپرسینەوە و دەستنیشان کردنی بەرپرسیاریێتی و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و، ڕاست کردنەوەی چەوتییەکان. بە هەمان شێوە بەڕوی دەرەوەدا پێویستی بە داڕشتنی پەیوەندییەکی نوێ هەیە لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادیی عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و تەواوکاری (Integration)ی دو لایەنە، نەک تەنها لە بواری وزە، بەڵکو لە بواری سێکتەرەکانی تری ئابوریش.
پەراوێز:
7. بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر ئەو سکاڵایانەی لەسەر نەوتی هەرێم هەن، بڕوانە: بەهرۆز جەعفەر، مەترسی سکاڵاکان لەسەر کەرتی ووزەی هەرێمی کوردستان، ٤/ ٩/ ٢٠١٩ لە سایتی:
http://www.mirs.co/KU/details.aspx?jimare=158
هەڵبەت حکومەتی هەرێم و، ئاشتی هەورامی وەزیری پێشوی سامانە سروشتییەکانی هەرێم بە شەخسی ، سکاڵایەکی تریشیان لەسەرە لە دادگای شاهانەی بەریتانیا، لە لایەن کۆمپانیای دیناستی لەسەر هەر دو کێڵگەی کوردەمیر و تۆپخانە و، ئەم کۆمپانیایەش داوای (١،٥٠٠،٠٠٠،٠٠٠$) یەک ملیار و پێنجسەد ملیۆن دۆلار قەرەبو دەکاتەوە لەبەرامبەر لەمپەر دروست کردن لە بەردەم مامەڵەی کۆمپانیای ناوبراو لەگەڵ کۆمپانیای ڕیپسۆڵی ئیسپانی. بۆ زانیاریی زیاتر بڕوانە:
Simon Watkins, Rampant Corruption In The World’s Last Oil Frontier, Aug 20, 2019, In Site:
https://oilprice.com/…/Rampant-Corruption-In-The-Worlds-Las…


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن