1004وتار

گرێی (شه‌خس) له‌ دانوستانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا

2/12/2020 9:30:00 PM
د. یوسف محەمەد


گه‌ڕێكی تری دانوستانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا سه‌باره‌ت به‌ پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق به‌ڕێوه‌یه‌.

ڕۆژی  یه‌كشه‌ممه‌ی ڕابردو ٩/ ٢/ ٢٠٢٠ به‌ نوێنه‌رایه‌تیی شه‌ش فراكسیۆن و به‌ هاوڕێیه‌تیی به‌ڕێزان د. موسه‌نا ئه‌مین و م. ئه‌حمه‌دی حاجی ره‌شید و خاتو یوسرا ڕه‌جه‌ب له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ڕاسپێردراو د. محه‌مه‌د عه‌للاوی كۆبوینه‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ دوه‌م كۆبونه‌وه‌مان بو له‌گه‌ڵی, پێشتریش له‌ ٢٦/ ١٢/ ٢٠١٩  له‌ دانیشتنێكدا ئاڵوگۆڕی زۆر بیر و بۆچونمان كرد سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌كانی عێراق و كێشه‌كانی نێوان عێراق و هه‌رێم.

كورتی قسه,‌ د. محه‌مه‌د عه‌لاوی ئه‌یه‌وێ سه‌رپشك بكرێ بۆ دیاری كردنی وه‌زیره‌كانی كابینه‌كه‌ی و, كابینه‌یه‌كی وه‌زاری دروست بكات كه‌ به‌ دور بێ له‌ قۆرخ كردنی وه‌زاره‌ته‌كان له‌ لایه‌ن حیزب و گروپه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و لیژنه‌ ئابورییه‌كانیان. هه‌ڵبه‌ت وه‌ك پاراستنی تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ر‌ێمی كوردستان, عه‌للاوی ئاماده‌یه‌ كورد خۆی وه‌زیره‌كانی دیاری بكات به‌و مه‌رجه‌ی كه‌سانی دیاری حیزبی نه‌بن و مه‌رجی لێهاتویی و ده‌ستپاكییان تێدا بێت.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كه‌ له‌ میدیا عێراقییه‌كانیش بڵاو بونه‌ته‌وه‌, هه‌ر یه‌كه‌ له‌ محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و گروپه‌ په‌رله‌مانییه‌كه‌ی له‌ناو پێكهاته‌ی سوننه‌ و, پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ناو پێكهاته‌ی كورد دژی ئه‌م بۆچونه‌ی عه‌للاوین. ته‌نانه‌ت باس له‌وه‌ ده‌كرێ كه‌ پارتی پێداگره‌ له‌ مانه‌وه‌ی دو وه‌زاره‌ت و دو وه‌زیره‌كه‌ی له‌ كابینه‌ی حكومه‌تی نوێ. هه‌ر بۆ ئه‌مه‌ش هه‌مو هه‌وڵه‌كانیان له‌م پێناوه‌دا چڕ كردۆته‌وه‌.

به‌ستنه‌وه‌ی دانوستانی پێكهێنانی حكومه‌تی عیراق به‌ مانه‌وه‌ یان لابردنی كه‌سێكی دیاریكراو, هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده‌ی به‌رده‌وامی هێزه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێم بوه‌ له‌ دوای ڕوخانی ڕژێمی پێشوی عێراق. هه‌مومان بیرمانه‌ كه‌ مه‌رجی سه‌ره‌كیی كورد له‌ ساڵی ٢٠٠٦ بریتی بو له‌ گۆڕینی ئیبراهیم جه‌عفه‌ری و له‌ئه‌نجامیشدا نوری مالیكی بوه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق, ساڵی ٢٠١٤ش مه‌رجی سه‌ره‌كیی كورد بریتی بو له‌ گۆڕینی مالكی و له‌ ٢٠١٨ش گۆڕینی عه‌بادی! ئێسته‌ش وادیاره‌ مه‌رجه‌كه‌ مانه‌وه‌ی چه‌ند كه‌سێكه‌.

ئه‌و كاته‌ی هه‌مو دانوستان ئه‌به‌سترێته‌وه‌ به‌ دانان یان لادانی كه‌سه‌كان, ئیتر ئه‌و كات هه‌مو كێشه‌ بنچینه‌ییه‌كانی تری نێوان هه‌رێم و به‌غدا به‌تایبه‌ت كێشه‌ی خاك و بودجه‌ و پێشمه‌رگه‌ و. . . ئه‌بنه‌ قوربانیی مه‌رجه‌ سه‌ره‌كییه‌كه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌شه‌ به‌رده‌وام ئه‌م دۆزانه‌ له‌ پاشه‌كشه‌دان. هه‌ر بۆ نمونه‌ نه‌ك هه‌ر له‌ ماوه‌ی ١٧ ساڵی ڕابردو نه‌توانرا كێشه‌ی ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێ, به‌ڵكو وا جارێكی تر ته‌عریب له‌م ناوچانه‌ ده‌ستی پێكردۆته‌وه‌.

به‌ڕێزان. . به‌سه‌ چیدی كێشه‌ ڕه‌واكان مه‌كه‌نه‌ قوربانیی گرێی شه‌خسه‌كان. سه‌رباری ڕێزمان بۆ كه‌سایتییه‌كان, هه‌رێمی كوردستان به‌ ڕه‌وه‌ندی كوردیشه‌وه‌ پڕه‌ له‌ كه‌سانی به‌توانا كه‌ توانای ئیداره‌دانی گرنگترین جومگه‌كانیان هه‌یه‌, هێنده‌ به‌سه‌ كه‌ كه‌مێك چاوتان دورتر له‌ ده‌وروبه‌ری خۆتان بڕوانێ و هه‌مو توانا نیشتیمانییه‌كان به‌ هیی خۆتان بزانن.
بڕوانن هێزه‌ عێراقییه‌كانی تر چه‌ند ریلاكسن له‌ هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی كه‌سایه‌تیی نوێ و گۆڕینی بژارده‌كانیان. له‌ به‌رامبه‌ردا هێزه‌ كوردییه‌كان چ له‌ ئاستی ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم و چ له‌ ئاستی به‌غدا له‌ بازنه‌یه‌كی بچوكی به‌رته‌سك ئه‌خولێنه‌وه‌!

له‌ كۆتاییشدا ده‌بێ ئه‌وه‌ بڵێین كه‌ باس و خواستی دروست كردنی هاوپه‌یمانیی كوردستانی له‌ به‌غدا, پێویستی به‌ هێنانه‌كایه‌ی بۆچونی هاوبه‌ش هه‌یه‌ له‌سه‌ر چۆنییه‌تی مامه‌ڵه‌ كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا, كاری پێكه‌وه‌یی له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و وه‌لانانی به‌رژه‌وه‌ندیی به‌رته‌سكی حیزبی له‌م ناوچانه‌ و, چاكسازیی ڕیشه‌یی له‌ مه‌له‌فی نه‌وت و گازی هه‌رێم و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و شه‌فافیی سه‌رجه‌م داهاته‌كانی هه‌رێم و ڕێكخستنی چۆنییه‌تی خه‌رج كردنی له‌ چوارچێوه‌ی یاسای بودجه‌ی هه‌رێم. له‌ هه‌مان كاتدا ده‌ستبه‌ردار بونی سیاسه‌تی قۆرخكاری له‌ پۆست و به‌ركه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ به‌غدا, كه‌ ئه‌مه‌ش لانی كه‌م له‌ ئێستادا نه‌ڕه‌خساون.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن