سەبارەت بە دەستوری بونی دادگای باڵای فیدراڵی
3/4/2022 8:36:00 PM
د. یوسف محەمەد
(لە ئێستادا هەر قسەکردنێک سەبارەت بە دەستوری نەبونی دادگای باڵای فیدراڵی
قسەی سیاسییە و، هیچ بەهایەکی یاسایی نییە)
دادگای باڵای فیدراڵی بەم فۆرمەی ئێستای، زادەی مادەی (٤٤)ی یاسای ئیدارەدانی
دەوڵەتە کە هاوشێوەی دەستورێکی کاتی بو لە قۆناغی کاتی و راگوزەر تا نوسین و بەرکاربونی
دەستوری هەمیشەیی عێراق. بەر مەبنای ئەو مادەیە بە فەرمانی ژمارە (٣٠)ی ساڵی ٢٠٠٥،
یاسای دادگای فیدراڵی فیدراڵی لە لایەن حکومەتی کاتی و بە رەزامەندیی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی
کاتیی ئەو کات (کە نوێنەری کوردیشی تێدا بو کە پێموایە د. رۆژ نوری شاوەیس بو) دەرکرا
و دادگاکە دروست کرا(١). بۆیە ئەو قسەیە دروست نییە کە یاساکە بە فەرمانی (پۆڵ بریمەر)
رێکخراوە و، یاسای دادگاکە پشت ئەستورە بە هەمان ئەو دەستورە کاتییەی سەرچاوەی لەدایک
بونی دەستوری ئێستای عێراقە.
پاش بەرکاربونی دەستوری ئێستای عێراق، دەبو بەپێی مادەی (٩٢- دوەم)ی دەستور،
یاسایەکی نوێ بۆ دادگاکە دەربچێت بە زۆرینەی دو سێیەکی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران.
بەڵام بە هۆی ئەو ناکۆکییانەی کە لەسەر ئەو یاسایە هەن بەتایبەت لەسەر پێکهاتەی
دادگاکە و ئەو زۆرینەیەی بۆ دەرکردنی بڕیارەکانی دادگا پێویستە سەبارەت بەو پرسانەی
پەیوەندیی بە هەرێمەوە هەیە، لە هەمو خولە یەک لەدوای یەکەکانی ئەنجومەنی نوێنەران
بە خولی پێشوشەوە نەتوانراوە ئەو یاسایە دەربچوێنرێت. هەر بۆیەش دادگای باڵای فیدراڵی
بە یاساکەی پێشوی (کە پێش بەرکاربونی دەستور دەرچوە) هەر بەردەوام بو. ئەمە پاڵپشتیی
دەستوریی هەیە، چونکە بەپێی مادەی (١٣٠) دەستور هەمو ئەو تەشریعانەی بەرکارن، کاریان
پێدەکرێ تا ئەو کاتەی بەپێی دەستور هەڵدەوەشێنرێنەوە یان هەموار دەکرێنەوە. هەر بۆیەش
هەمو یاسا و فەرمان و بڕیارەکانی پێشو، تەنانەت بڕیارەکانی (ئەنجومەنی سەرکردایەتیی
شۆڕش)ی هەڵوەشاوە و فەرمانەکانی (پۆڵ بریمەر)ی بەڕێوەبەری دەسەڵاتی هاوپەیمانیی یەکگرتوش،
بەرکارن تا بە یاسایەک لە ئەنجومەنی نوێنەران هەڵدەوەشێنرێنەوە یان هەموار دەکرێن.
ساڵی ٢٠٢٠ لە ئەنجامی کۆچی دوایی و خانەنشین بونی چەند ئەندامێکی دادگای باڵای
فیدراڵی، دادگاکە بە هۆی کێشەی نەمانی نیسابی یاسایی، لەکار کەوت(٢).
هەر بۆیەش لە هەمان ساڵدا،
سەرۆکایەتیی کۆمار پڕۆژەیەکی ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەران کرد بۆ هەمواری یاسای
دادگای باڵای فیدراڵی ژمارە (٣٠)ی ساڵی ٢٠٠٥ بۆ چارەسەری لەکارکەوتنی دادگای باڵای
فیدراڵی(٣).
ئێمە رامان وابو کە دەبێ ئەم هەموارەش هاوشێوەی ئەو یاسایەی کە لە مادەی
(٩٢)ی دەستور ئاماژەی پێدراوە، هەر دەبێ بە زۆرینەی دوسێیەکی کۆی ئەندامانی ئەنجومەنی
نوێنەران دەربچوێنرێ. بەڵام سەرۆکایەتیی پەرلەمان پێداگر بون کە هەمواری یاسا کۆنەکە
پێویستی بەو زۆرینەیە نییە و وەک هەر یاسایەکی ئاسایی بە زۆرینەی سادە بەپێی مادەی
(٥٩- دوەم)ی دەستور دەنگی لەسەر دەدرێ(٤). هەر بۆیەش ئێمە لەبەر ئەو هۆیە و لەبەر
نەبونی گەرەنتی لە دەنگدانی دادگاکە بەتایبەت لە پرسەکانی پەیوەست بە مافە دەستورییەکانی
هەرێم، دەنگمان بە یاساکە نەدا و بایکۆتی دانیشتنی پەرلەمانمان کرد. دوا جار یاساکە
لە (١٨- ٣- ٢٠٢١) دەنگی لەسەردرا(٥).
دەکرا پاش دەرچواندنی ئەم یاسایە تانە لە دەستوری بونی بدرێ. بەڵام نەک هەر
ئەوە نەکرا، بەڵکو دەسەڵاتدارانی هەرێم دو دادوەریان پاڵاوت بۆ ئەندامێتیی ستافە
تازەکەی دادگا و، زۆر ئاساییش مامەڵەیان لەگەڵ کرد. ئەوەتا خۆیان لە دو داوادا کە
دژیان تۆمار کراوە سەبارەت بە موچەی موچەخۆرانی هەرێم، لەبەردەم دادگاکە ئامادە
بون و، بڕیاری دادگاش رەدکردنەوەی تانەکان بوە لەسەرتان(٦)! تەنانەت لەو داوایانەشی
کە لەسەر نەوت و گازی هەرێم بون، دیسانەوە بەشێوەیەکی ئاسایی مامەڵەیان لەگەڵ
دادگاکە کردوە(٧)! ئێوە کە خوتان پێشتر دانتان بە شەرعییەتی دادگاکەدا ناوە و، هیچ
تانەیەکتان لە دەستوری بونی نەگرتوە، ئیتر چۆن دەتوانن ئێستا لە راگەیاندنەوە تانە
لە دادگاکە بدەن!؟
پاڵپشت بەوەی لەسەرەوە ئاماژەی پێدرا هەر قسەیەک لەسەر دەستوری نەبونی
دادگای باڵای فیدراڵی، قسەی سیاسیی بێ ئەنجام و ئیسفزازییە و، لەڕوی یاساییەوە هیچ
بەهایەکی نییە.
پەراوێزەکان:
بڕوانە دەقی یاساکە لە
سایتی:
https://iraqld.hjc.iq/LoadLawBook.aspx?page=1&SC=280220068162081&BookID=22530
٢. ئەوەی زیاتر بویە هۆی چارەسەر نەبونی نیسابی
یاسایی دادگای باڵای فیدراڵی، رەدکردنەوەی مادەی سێی یاساکەی بو لە لایەن خودی
دادگاکەوە کە شێوازی پڕکردنەوەی بۆشایی ناو دادگاکە رێکدەخات. بڕوانە دەقی دو بڕیاری
دادگای فیدراڵی لەم بارەیەوە:
https://www.iraqfsc.iq/kraridtest/38_fed_2019.pdf
https://www.iraqfsc.iq/kraridtest/19_fed_2017.pdf
٣. بڕوانە دەقی پڕۆژەکە:
https://archive4.parliament.iq/ar/2021/03/18/قانون-تعديل-قانون-المحكمة-الاتحادية-ا/
٤. هەر دو بۆچونەکە خاوەنی بەڵگەن بۆبەرگری لە
بۆچونەکەیان. تەنانەت ستافی پێشوی دادگای باڵای فیدراڵی ساڵی ٢٠١٢، لە وەڵامی لیژنەی
یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران، ئاماژەیان بەوە داوە کە دەرچواندنی هەمواری یاسای
دادگاکە هەر دەبێ بە هەمان نیسابی مادەی (٩٢- دوەم)ی دەستور بێت. بەڵام بۆ پشتڕاست
کردنەوەی دروستیی هەر یەکە لەو دو ڕایە دەبودوای دەرچونی یاساکە لەبەردەم دادگای
باڵای فیدراڵی تانە لە یاساکە بدرێ و، لە لایەن خودی دادگاکەوە یەکلا بکرێنەوە،
چونکە لەکاتی گفتوگۆی پڕۆژە یاساکە (کۆتایی ٢٠٢٠ و سەرەتای ٢٠٢١) دادگای باڵای فیدراڵی
لەکار کەوتبو تا داوای تەفسیری لێبکرت
٥. بڕوانە دەقی یاساکە:
https://archive4.parliament.iq/wp-content/uploads/2021/06/4635.pdf
٦. بڕوانە دەقی هەر دو داواکە و بڕیاری دادگای
باڵای فیدراڵی لە بارەیانەوە:
https://www.iraqfsc.iq/kraridtest/69_fed_2019.pdf
https://www.iraqfsc.iq/kraridtest/79_fed_2019.pdf
٧. بڕوانە دەقی بڕیارەکە:
https://www.iraqfsc.iq/kraridtest/59_fed_2012.pdf