774وتار

لە 2020 وریای ئەم رۆشنبیرانە بن

12/29/2019 4:22:00 PM
رەحمان غەریب


ئەو كەسانە ناڵێم كە بەردەوام سەرقاڵی بەرهەم و خوڵقاندنی جوانین، نەخشەسازێك، ئەندازیارێكی باخچە یان تەلارێ، مۆزیكژەنێ، رۆمانوسێ، پەیكەرتاشێ، دیزاینەر،شانۆكارێ، شاعیرێ، دەیانی هاو شێوە، هەموو ئەوانەی لە بەرهەمەكانیدا جوانی دەخوڵقێنن. هەموو ئەوانەی لە بری رێزكردنی ڕستە و دەركەوتنی نێرگسیانە لە فەزای گشتی، سەرقاڵی بەرهەم و جوانین.

مەبەستم ئەو كەسانەن كە لە پشتی "ڕەمز" سەنگەریان گرت، خۆیان كردە بەشێك لە چاكسازی سیاسی، ئینجا سیاسەت و چاكسازی و پرۆسەی گۆڕانیان لەواقعی هەستپێكراوەوە گواستەوە بۆ یۆتۆبیا، بەدیاریكراوی مەبەستم ئەو ڕۆشنبیرانەن كە لەمێژووی گۆڕاندا جارێك وەك دەرگاوان دەردەكەوتن‌و گردەكەیان وەك دەرگای بەهەشت وەسفدەكرد، ئێستاش وەك "ڕەخنەگر "ی، فیردەوسەكەیان، دوبارە دەبنەوە.

نە موسەقەفم نە دوای موسقەفەكانیان كەوتووم، نە گۆڕانخوازی گردەكەو نەخوار گردەكەم، دەنگم پێنەداون، وەك چاودێرێك لەدورەوە تەماشی دیمەنەكەم دەكرد. دیمەنێك كە ڕۆشنبیری خۆبەخش‌و موچەخۆر، نەك تەنها پاسەوانی پرۆژەی گردەكە، بەڵكو وەك دەرگاوانی حەقیقەت و عەدالەت و ئازادییەكان شاشەی KNN یان داگیركردبوو، بەگوتاری هەڵخەڵەتێنەر و ساختە و فۆتۆكۆپی هەمان گوتاری باویان دەكرد، بەڵام بەتامی بەهاراتی هزرمەندانی پۆست مۆدێرنە.

كەس وەك ڕۆشنبیری نزیك‌و خوارو ناو گردەكە، پرۆسەی گۆڕانی نەكرد بە یۆتۆبیا، وەك ڕووداوێكی كۆمیدیاش دوبارە نەبوەوە. ئەو كاتەی كە عەوام گەشبین بوون و پێویستیان بە ڕەشبینی ئەوان هەبوو، زۆر لە عەوام گەشبینتر، بێ پرسیارو بێگوماننتر بوون.

هەر خۆیان فەزای گشتیان پڕ كردبوو لە هیواو گەشبینیەكانیان بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی و چارەنوسی خەڵك، لە كۆتایشدا دەسەڵات بەهێزترو خەڵكیش بەدبەختر بوون.
لێرە باسم لە دەسەڵات و دیكاتۆریەتی دامەزراوەی ئابوریی و میدیای و ڕێكخراوە پۆلیسی نییە لەلاوازكردنی هەوڵەكانی گۆڕانكاری و چاكسازی سیاسی، قسەم لەسەر پەیوەندی رۆشنبیرو سیاسەتە لە ناو ئەو فەزایە، كە لە كۆتایدا هەم خۆیان و هەم سیاسەتیان خستە ناو قەیران و نایاونەوێ ددان بنێن بەوەی ئەوانیش شەریكن، چونكە تیایدا بوون.

ئەو جۆرە لە ڕۆشنبیری سیاسی بێكاریگەر و بێتوانا و بێئامراز لە خوێندنەوەی ئەو واقیعەی كە بڕیاربوو بیگۆڕن، لەبری چاوخشانەوە بە گوتار‌و پشتیوانی بێ مەرجی سیاسەتمەدار، لەبری خوێندنەوەی قوڵی وەزیفەی ڕۆشنبیر، نەختێك دەستكاری گوتارەكانیان كردوەو بە ئاراستەی ڕەخنەگرتن لە بزوتنەوەی گۆڕان، دەیجوونەوە، گوتارێكی "ڕەخنە" گرانە بەڵام بە بێ تێپەڕبوون بە گوتاری رەخنە گرتن لەخۆ.

لە سەردەمێكدا پرۆسەی ڕەخنەیان لە سیاسەتمەداری گەورە نەوشیروان مستەفا پەكخست، كە خودی ئەو سەركردەیە پێویستی پێبوو، ئەوان لەحزوری دەسڵاتی مەعریفی ئەودا شپرزەو شڵەژاو دەردەكەوتن، ترساوو بێ زانیاری خۆیان نمایش كردوە، ئێستا بە شكستخواردو تەنانەت گردەكەیش بە "هێلانەی مریشكی كڕكەوتوو" وەسفدەكەن.

ئەمە چ زەمەن و چ زەمانێكە ئەم رۆشنبیرانەی تێكەوتوون، پێشتر لە پشتی ڕەمزێكی وەك كاك نەوشیروان، گردی بەرانانیان وەك فیردەوسی گۆڕانكاری و خەڵكی بەئیرادە وەسفدەكرد، ئێستا بە دوای ڕەمزێكی تردا دەگەڕێن "یان هەیانە" تا "خوار گردەكە" بكەنەوە فیردەوس وپرشنگی فكر، "سەر گردەكە"یش بكەنە مەقسەڵەی چاكسازی و گۆڕانكاری و لانەی گەندەڵی و خەڵكی بێ ئیرادە و فكر. ئایا پێویستمان بە نەختێك ڕێژەییبوون و پێداچونەوە نییە لەفكرو بۆچوونەكان؟

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن