263وتار

كەیسی رۆژنامەنووسەكانی بوار

10/13/2022 7:56:00 PM
رەحمان غەریب

هەموو هەوڵێكی سەنتەری میترۆ بۆ ئازادكردنی هەردوو رۆژنامەنووس (سەرتیپ وەیسی ، ئیبراهیم عەلی)، سەركەوتوو نەبوو، گەر ئەمشەو پێنج شەممە نەهێنرێنە بەردەم دادوەری ئێشكگر، كەیسەكەیان تەماشا نەكات ئەوا دیارە پلانەكە درێژكردنەوەی مانەوەیانە لە بەندكردن.

میترۆ لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدارو سكاڵاكارو خاوەن بڕیاری یەكێتی قسەی كردوە، وەڵامی هیچ كەس لەو لایەنانە بۆ ئێمە دڵخۆشكەر نەبوون، روون نەبوون، تەنها توانیمان دەرفەتێك بڕەخسێنن بیانبینین.

دوای رەخنەگرتنمان لە دەزگای دژە تیرۆر كە نەك لەم كەیسە بەڵكو لە چەندین كەیسی تردا هەبوون كە لە راستیدا ئەركی پۆلیس بووە، دوای ئەوە دەرگایان بە رووماندا داخست، دوو لایەنی گرنگ پەیوەندییەكانیان لەگەڵمان پچڕان وەڵامی پەیوەندییەكانمان نادەنەوە.

ئەم دوو رۆژنامەنووسە فەرمانی ئامادەبوونیان لە لایەن دادگاوە پێنەگەیشتوە، كە تایبەتمەندی پۆلیسە، لایەنی سكاڵاكار كە دژە تیرۆرە هەستاون بە دەستگیركردنیان و لای ئەوان ماونەتەوە پاشان گوازراونەتەوە بۆ ئاسایشی سلێمانی.

دەستگیراوە بە سەر مۆبایلی تایبەت و كۆمپیوتەرێكی ئەم دوو رۆژنامەنووسە، كە رەنگە سەرچاوەی زانیارییان ئاشكرا بكرێت، ئەمە لە كاتێكدا كە بە پێی یاسای رۆژنامەگەری " رۆژنامەنووس مافی ئەوەی هەیە كە سەرچاوەی زانیارییەكانی ئاشكرا نەكات تەنها بە بریاری دادوەر نەبێت. دەستگرتن بە سەر ئامێری پەیوەندییەكان تەكنیكێكی نوێیە بۆ ئاشكراكردنی سەرچاوەی زانیاری میدیاكاران.

ئەم دوو رۆژنامەنووسە بە پێی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان دۆسییەیان بۆ كراوەتەوە، نەك یاسای رۆژنامەگەری، ئامانجیش توندكردنیانە لە زیندان.

كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە سروشتی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە لە ساڵی 2007 وە یاسای تایبەتی خۆی بۆ دەرچووە، بەڵام سەرباری یاساكە جارێ بە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای تر لە دادگاكانی هەرێم لێكۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنووس دەكرێت، هەوڵێكیش هەیە هەم یاسای نوێ وەك یاسای رێكخستنی میدیای ئەلیكترۆنی دەربچێت، هەم هەمواری یاسای رۆژنامەگەری بكرێت.

رۆژانەش لە كاتی روماڵكردن رۆژنامەنووسان كێشەیان هەیە، بەربەست زۆر بووە، ئاستەنگەكان لە ئاسانكاری زیاترن تیمەكانی راگەیاندن بە تایبەتیش میدیای نوێ بەردەوام سكاڵا لە میترۆ تۆمار دەكەن.

واتا: كەشێكی دوژمناكارانە بەرامبەر ئازادی رۆژنامەگەری هەیە، بەریپێنەگرین دیمەنەكە تەڵخە، بەڵام بە دڵنیاییەوە جوڵەی نەیارانی ئازادی رۆژنامەگەری لەناو حزبە دەسەڵاتدارەكان و تەنانەت دەرەوەی ئەو دەسەڵاتەیش باش ناڵێن، زۆربەیان كە لەگەڵ ئێمە قسەیان كردوە ئەو وەزعەیان پێ باش نییە، ئینجا كاتێك هەوڵەكانیان یەكبگرن نازانم چی چاوەڕوانمان دەكات؟

*سەرۆكی سەنتەری میترۆ

 

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن