بەیانی ژمارە (1) کەی رادەگەیەنرێت؟
9/14/2020 3:21:00 PM
رەحمان غەریب
دە ساڵ لەمەوبەر دوای تەواوبوونی سیانزەهەمین كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیدارێكی نارەسمیدا سەركردەیەكی شیوعی، بە سەرۆكی ئەوسای هەرێمی كوردستان كاك مەسعود بارزانی ووت: جەنابی كاك مەسعود، هەموو مەترسی و هەرەشەكان بەلایەك، بەڵام رێ لەم فەسادە نەگرین ئەزموونەكەمان نوقم دەكات.
ئێستا گەیشتینە ئەم زەمەنە پر مەتەرسی و ناسەقامگیر و ئاڵۆزە، گەندەڵكاران زیاتر دەیانپرژێتە سەر تەماعكاری و پاوانكردنی بازاڕ و كەسابەت و دەستدرێژی بۆ سەر سامانی گشتی، نە كاك مەسعود و نە كاكە بەرێزەكانی تریش نەیانتوانی بەیانی ژمارە (1) یان دەربكەن. لەو زمەنەوە تا ئەمرۆ ئایا زەمەنی كوردستانی مەتەرسیدارتر نەبووە؟ دە ساڵ نا ئەوە بۆ سی ساڵ هەنگاو دەنێین، نەدەبوو سەنگەری ریفۆمخوازان قایمتر بێت لە سەنگەری گەندڵكاران!
مەترسی دیاردەی گەندەڵی لەسەر ئەزمونی حوكمڕانی، پێویستی بەوە نییە سیاسەتمەدارێكی ژیر بیت، یان پسپۆری ئابوری و دارایی بیت، تا دركی پێ بكەیت، حكومەت و هاوڵاتی سادە دەیزانێت، چونكە بەرچاوی حكومەت و هاوڵاتیانەوە دەكرێت.
هاوڵاتیان دەزانن گەندەڵكاران لە سەردەمی ئاودیوكردنی ژێرخانی كوردستانەوە لە سەرەتاكانی راپەرینی 1991، تا دەگاتە سەردەمی ئێستا ئەم توێژە كۆمەڵایەتییە هەلپەرستەی كوردستان رەوشتی پێشمەرگەو بەها و راپەڕینەكانی كوردستانیان كردوە بە قوربانی گیرفانیان، ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەو توێژە بەرەسمی لە دەسەڵاتی دامەزراوەكانەوە هێزی بەردەوامی وەردەگرن، دامەزراوەی حكومی بوون بە خزمەتكاریان. هەر كاتێكیش دۆسییەی ریفۆرم هاتۆتە ناو حكومەت شكستیان پێ هێناوە، سادەتر چونكە لە ناو حكومەتدا لەحكومەت بەهێزترن، شەرەكەیان بردۆتەوە.
راستە شەڕی گەندەڵكاران سەختە، بەڵام وەك هەر شەرێكی تر یاسای خۆی هەیە، لە دیدی هەر هێزێكی نیشتمانی ریفۆرمخواز دەبێت لە دەرگای سەروەری یاساو دامەزراوەیەكی دادوەری سەربەخۆ و پاك بێتە ناو ماڵی كوردستانی، بە ئامادەبوون و پشتیوانی بزوتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی كە ئامرازەكانی فشاری مەدنی ئاشتیخوازانە بەكاربهێنێت، بەپەرلەمانێكی بەهێز چاودێری بكرێت، نەك پەرلەمانێكی لەرزۆكی بەردەم مەكتەبی سیاسی حزبەكان، كە بوەە بە كارخانەی بەرهەمهێنانی یەكتر شكاندن و جەمسەرگیری حزبی و شەخصی .
لەسەر ئاستی رەسمی دیار نییە كام هێزە نوێنەرایەتی چاكسازی دەكات، ئەوەندە بە یەكدا چوون رەشو سپیت بۆ جیاناكرێتەوە، بە رۆژ یاسای بۆ دەردەكەن و بەشەویش پەتی سێدارەی بۆ هەڵدەواسن، هاوڵاتیان ناحەقییان نییە متمانەیان بەو هێزانە نەماوە.
ئەوەی روونە سەنگەری هاوڵاتیانی تینووە بۆ دادی كۆمەڵایەتی و یەكسانی و نیشتیمانێكی بێ دز و قاچاخچی سیاسی، ئەمە سەنگەری راستەقینەی ریفۆرمە، ئەوەی گرەوی چاكسازیش دەباتەوە، ئەوەی دەیەوێ سەنگەری گەندەڵكاران هەڵتەكێنێت ئەو هێزەیە كە پشت بە هاوڵاتیانی كوردستان دەبەستێت لەم جەنگە چارەنوسازەدا.
لەم زەمەنە پڕ لەتەحەداو مەتەرسییە، هەنگاوی راستەقینەی چاكسازی لەپاڵ ئیرادەیەكی سیاسی بەهێز، پێویستی بە پشتیوانیی میللییە. پێویستی بە گواستنەوەیە لە گوتارو دروشمەوە بۆ رەوشتی پێشمەرگەی راستەقینەی سەردەمی شۆڕش، پێویستی سەركردەی ریفۆرمخوازی خاكی و پشتبەستوو بە هەژارانی كوردستانە، ئەمە نەكرێت گەندەڵی بە بەیانی رەقەم (1) كۆدەتا بەسەر ئەزمونی حوكمڕانی رادەگەیەنێت.