تورکیا لە پیادەکردنی سیاسەتی پەرتکە و زاڵ بە چی دەباتەوە؟
1/9/2025 12:13:00 PM
هیوا سەید سەلیم
دوای ئەو پێشھاتانەی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە ڕوویاندا، بە تایبەت لە کەوتنی رژێمی ئەسەد لە سوریا، لە کۆتا ڕۆژەکانی ساڵی 2024، لە ئاستی کوردستانی ھەموو چاوەکان کەوتبوونە سەر یەکڕیزی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان.
ھەر بۆیە دەوڵەتی تورکیا بە جۆرەھا شێواز کۆسپی لەبەردەم ئەو ھیوا و ئومێدانە درووست دەکرد، کە خەڵک لەسەر رۆژئاوای کوردستان بونیادیان دەنێت. تورکیا تەنیا دژی ئەو یەکڕیزیە نیە، بگرە پلان بۆ لەباربردنی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستانیش دادەڕێژێت.
ھێرشی ئەو چەند ڕۆژەی تورکیا لە دژی ڕۆژئاوای کوردستان لە بوارەکانی (سەربازی، سیاسی ،تەنانەت دبلۆماسی)ش ، بەو ئاڕاستەیەیە کە شتێک نەمێنێت بە ناوی ڕۆژئاوای کوردستان، چونکە بەرپرسانی تورکیا لەمێژە دەیڵێنەوە کە جارێکی دیکە قەبوولی ناکەن ھەڵەی "باکوری عێراق" واتا ھەرێمی کوردستان لە سوریا دووبار ببێتەوە. بەڵام لە مێژە دەوترێت (ھەمیشە بایەکان بە خواست و قازنجی کەشتیوانەکان ھەڵناکات).
وەک دەیبینین. ڕۆژئاوای کوردستان لە لایەک لە دۆخی بەرخۆدان دایە لە بەرامبەر گەورەترین ھێرشی ھەمەجیانەی دەوڵەتی تورکیا و ھێزە تیرۆرستیە بەکرێگیراوەکانی سەر بە ئەو وڵاتە، لە لایەکی دیکە خەریکە گەورەترین پشتیوانی جیھانی بەدەست دەھێنێت، بە تایبەت لە بواری سیاسی و دبلۆماسی.
لێدوانی سەرۆکی فەرەنسا لە کۆبوونەوەی ساڵانەی باڵوێزەکانی وڵاتەکەی یەکجار مژدەبەخش بوون بۆ رۆژئاوای کوردستان، کاتێک ماکڕۆن گووتی: " بەڵێن بێت پشت لە کوردانی سوریا نەکەین، ئێمە ھاوسۆزین لەگەڵ ئەوان، کورد شەڕی تیرۆر بەتایبەت شەڕی داعشیان کردووە"، شایانی باسە پێشتریش وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و ئەڵمانیا چەغتیان لەسەر پاراستنی ڕۆژئاوای کوردستان کرد بوو.
لە بەرامبەر ئەو پشتیوانیەی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێت، بەرپرسانی تورکیا تێدەگەن کە ئاسان نیە رۆژئاوای کوردستان بکەوێت و پیلانگێڕیەکانیان بە خواستی ئەوان تەواو بێت، بۆیە وا جارێکی دیکە ڕوودەکەنەوە ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش دەگەڕێنەوە بۆ سیاسەتی لە مێژینەیان کە پێی دەگوترێت سیاسەتی (پەرتکە و زاڵ بە).
سیاسەتی (پەرتکە و زاڵ بە)، ھاوکێشەیەکی سیاسی ئیستعماری بەریتانیا بوو لەسەردەمی حوکمڕانی وینستۆن چەرچڵ پیادە دەکرا، سەد ساڵ پێش ئێستا چەرچڵ ھەر کاتێک مەبەستی با وڵاتێک داگیر بکات پەنای دەبردە بەر ھاوکێشەی (پەرتە و زاڵ بە).
شایانی باسە، لە ھەرێمی کوردستاندا چەند مانگێک بەسەر ھەڵبژاردنی شەشەمین خوولی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕیوە، تا ئێستا ئاسۆی پێکھێنانی کابینەی تازە ڕوون نیە، تورکیا بە پیادەکردنی سیاسەتی (پەرتکە و زاڵ بە)، دەیەوەێت دیزاینی پێکھێنانی حکومەتە تازەکەی ھەرێم بە خواستی ئەو بێت، تا قەرەبووی زیانەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ھەرێمی کوردستان بکاتەوە.
لێرەدا دەپرسین ئایا تورکیا بە نزیککردنەوەی نەوەی نوێ لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانێت یەکێتی لە ھاوکێشەی پێکھێنانی حکومەتی تازە ئاوت بکات؟
ئەگەر تورکیا لەو ھەنگاوە سەرکەوێت ئەوا بە پەرتکردنی نێوانی پارتی و یەکێتی ئەوا بەسەر حکومەتەکە زاڵ دەبێ.
بەڵام واقیعی سیاسی ھەرێمی کوردستان و ئەو جەمسەربەندیەی ھەیە ئەوەمان پێدەڵێت کە واقیعەکە لە خزمەتی ئەو ھەنگاوەی تورکیا نیە، بۆیە نابێت کورد بچێتە ژێرباری سیاسەتی (پەرتکە و زاڵ بە)ی تورکیا. بگرە دەبێت ھەنگاوەکانی یەکڕیزی لە ئاستی ناوخۆیی کاری لەسەر بکرێت. بەو ھەنگاوەش ئەجێندای نیشتمانی بەسەر پیلانی داگیرکاری سەردەکەوێت.