601وتار

كونسوڵی ئەمریكا لە سلێمانی سەری چاك ناكات!!

5/21/2019 8:53:00 PM
رەحمان غەریب


چالاكییەكانی دوو هەفتەی رابردووی (ستیڤ فەیگن) كونسوڵی گشتی كونسوڵخانەی ئەمریكا لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، دڵخۆشكەرن، لانی كەم ئاماژەیە بە سەقامگیری سیاسی و ئارامی و جموجۆڵی بازاڕەكەی و ئەكتیڤبوونی بواری فەرهەنگی‌و وەرزشی وڵاتەكەمان.  


جەنابی كونسوڵ سەردانی بازاڕی پڕجموجوڵی شەقڵاوە دەكات و بەرهەمی نانەقەیسی و سجوق و سركەی هەنارو هەنجیری وشككراو نۆش دەكات، نانی گەرم و چایەكی فرێشیش دەخواتەوە. لەناو بازاڕو شوێنە گەشتیارییەكان پیاسە دەكات.


لە تاڤگەی گەلی عەلی بەگ لادەدات وێنەی رەنگینی ناوچەكەمان پیشان دەدات بیریشمان دەخاتەوە كە لەسەر دراوی پێنج هەزاری وێنەی تاڤگەكە هەیە.


لە پایتەختەكەمان هەولێر دەچێتە هۆڵی میدیا ئامادەی ئیڤێنتێكی تایبەت بە هونەرو میوزیك دەبێت، وێنە لای تاڤگەكانی بێخاڵ بڵاودەكاتەوە، سەردانی كۆشك و قەڵای خانزاد (بانەمان)ی دەكات. سەردانی مەزاری ڕەبەن بۆیە/وسو ڕەحمان لە نزیك شەقڵاوە و پاشان چاوی بە بینینی دیمەنی قەشەنگی خەرەندی ڕواندز گەش دەكات.


لە عەینكاوە پیاسە دەكات و خەڵك سێڵفی لەگەڵدا دەگرن، دەچێتە دوكانەكانی زەڕەنگەری‌و زیوفرۆشتن‌و چەرەزات و میوەو سەوزەو كافێ‌و رێستۆرانت و چایخانەكان بەسەردەكاتەوە.


كونسوڵی گشتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا ستیڤ فەیگن بەیاوەری پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی ئامادەی ئاهەنگی دەرچوونی خوێندكارانی كۆرسی “بنەما سەرەكیەكانی پارێزگاری كردن لە كەلەپور” دەبێت. 


لەبەردەم مزگەوتی گەورەی قەڵای ‌هەولێرەوە پەیامی پیرۆزبایی هاتنی مانگی رەمەزان بڵاودەكاتەوە، دەچێتە بریكاری كۆمپانیاكانی بۆبگاتی ریكلام بۆ كوالیتی بەرزی ئۆتۆمبێلی ئەمریكی دەكات. دەچێتە خواردنگەی KFC و Papa  John’s لە هەولێر. 


سەردانی شوێنكاری مستەر ئەربیل و جێنتڵمانیان دەكات‌و لە پەراوێزی گەشتەكانیدا “سەرتاشێكی بەهرەمەندی خەڵكی سلێمانی سەری بۆ چاك دەكات”.


هەولێرو ناوچەكانی تر بۆ من وەك یەك خۆشەویست‌و ئازیزن، تاڤگەكانی گەلی عەلی بەگ‌و ئەحمەد ئاوا وەك یەك دڵگیرن، پیاسەی عەنكاوە و سەهۆڵەكە، وەك یەك دڵخۆشم دەكات.


جەنابی كونسوڵ چاییەكیش لە سەهۆڵەكەو وێنەیەك لەبەردەم قەڵای شێروانەو تامێكی نانەقەیسی هەڵەبجەو نانێكی گەرمی دەستی ژنە جوتیارێكی قەڵادزێ‌و پیاسەیەكی بازاڕی كۆیە خراپ نییە. بە بینینی نمایشێكی شانۆیی كفری و سلێمانی‌و تامی كەبابی عەباس ئەبوشوارب ‌و سەرتاشینێك لە شەقامی پیرەمێرد، تابلۆكە تەواو دەكات.


بەڵام تۆ كە هەر ناوچەیەك بەسەر بكەیتەوەو لە سلێمانیش هەر لە ئۆفیسی سیاسییەكاندا بتبینم، ترس دەخەیتە دڵمەوە، بەتایبەتیش وڵاتەكەتان هێزی زەبەلاحی هێناوەتە ناوچەكە. بە ئومێدم نەقەومێت‌و تۆش لەژێر باخێكی گوێزی هەورامان ببیینم.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن