كە رۆژنامەنووسی خەتی تەنسیق نەبیت *
1/9/2025 12:12:00 PM
رەحمان غەریب
كاتێك رۆژنامەنوس دڵشاد ئەنوەر بابەتێكی گرنگی پەیوەست بە ژیانی هاوڵاتیان ئاشكرا دەكات و كە "دەیان تەنی پەتاتە، كولەكەو خەیار بە نایاسیی رێگەی پێدەدرێت بۆ ناو هەرێم و هەر هەمووی نایترەیتی زۆر لە ستاندارد بەرزتر بووەو لە عەلوەی كەلار فەحسیان بۆ كراوە، ئەوانەن كە مرۆڤ توشی سەرەتان دەكەن، (1)مەبەستی نییە ناوبانگی شارەكەی لەكەدار بكات، ئەو دەیەوێت، هاوڵاتیان ژەهرییان دەرخوارد نەدرێت.
كە كاروان نەجیب راپۆرتێكی بنكۆڵكاری بۆ (تۆڕی نیریج بۆ ڕۆژنامەوانی بنكۆڵكاری) دەكات ئەیسەلمێنێت كە كارگە وپاڵاوگەكانی “كۆواچی” لە دهۆك، لە دەرەوەی ستانداردە ژینگەییەكان كاردەكەن و هەڕەشە لە تەندروستی گشتی دەكەن (2) و پاشماوەی دامەزراوە پیشەسازییەكانی ناوچەكە كەڵەكەیان كردووە و بوون بە سەرچاوەی مەترسی بۆهەزاران كەس لە دانیشتوانی ناوچەكە ودەوروبەری، مەبەستی نییە گەشتیاران لە شارەكەی بتۆرێنێت.
كە رۆژنامەنوس نەبەز رەشاد گوندی تەرجانی سەر بە ناحیەی شەمامكی پارێزگای هەولێر وەك نمونەیەكی چاوچنۆكی خاوەن كارگەكانی ناوچەكە دەردەخات و (لەبەر پسیبوونی هەوا لە ژوورەوەش ناتوانن ئامێری فێنككەرەوە داگیرسێنن) (3)، رەوایەتی تیا نییە وەك نەیاری شارەكەی تەماشابكرێت، ئاخر ئەو هەولێری وەك چاوەكانی خۆشدەوێت.
یان راپۆرتەكەی رۆژنامەنوس فەرمان صادق بە ناویشانی" مەرزەكانی هەرێمی كوردستان بوون بە گۆڕستانی كاڵای كواڵێتی خراپی بیانی" (4) دەخاتە روو، و یان حەنان سالم بە كە دەیسلمێنێت "16 ساڵە دانیشتوانی دەربەندیخان لە بەكارهێنانی ئاوی پیسدا چاوەڕوانی پڕۆژەیەكی پاڵفتەی تەواو نەكراون"(5)، ئەمانە بۆ بەرژەوەندی گشتی بابەتەكانیان دەخەنەروو نەك بۆ بەرژەوەنمدی تایبەت.
بۆ ئەم بابەتانە دەبێت ئەو پرۆسەیە بەدناو بكرێت كە لەسەر مەرز ناونراوە خەتی (تەنسیق)، دەبێت هەمئاهەنگی نێوان ئیداری شارەكان و كۆمپانیاكانی حزب سەركۆنە بكرێن، هاوپەیمانی نێوان گەندەڵی و سیاسەتكردن ریسوابكرێت، شەراكەتی نێوان مافیا و پارتەكانی دەسەڵاتدار شەرمەزرا بكرێن، نەك رۆژنامەنوس و هەوڵەكانی بۆ پەردە هەڵماڵین لەسەر ئەو پرسە گرنگانە.
لەم سۆنگەیەوە، هەق نییە كە رۆژنامەنوسێك لە كەلار، بابەتێكی هەستیار دەوروژێنێت داوای لێبكەیت بچێت هەمان بابەت لە بارەی دهۆكەوە باسبكات، یان ئەوەی لە دهۆكە داوای لێبكەیت لەبارەی سلێمانییەوە راپۆرتێك ئامادە بكات، ئەو دابەشبوونە سیاسیە بۆ كاری رۆژنامەگەری دروست نیە.
كە رۆژنامەنووسی لە خەتی تەنسیقی مەرزەكان نەبوو، بە دوژمنی شارەكەی مەشوبهێنن، كە شەریكی مافیا نییە و بەشی نەبوو لە گەندەڵی تەخوینی مەكەن، ئەبێت هاوڵاتیان و "ئیدارەی رەشید" گەر هەبوو، زانیارییەكانیان وەك فاكتەرێك تەماشای بكات بۆ چاكردنەوەی چەوتییەكان و پاراستنی شارەكەنمان لە ژەهراویبوون و مافیای مەرزەكان.
*خەتی تەنسیق، بەو شەقامەی سەر مەرز دەوترێت كە كۆنترۆلی حكومی لەسەر نییە