707وتار

نان په‌یداكردن له‌ نێوان كۆمپیوته‌رێك و كڵاشینكۆفێكدا

2/26/2020 9:15:00 PM
محەمەد حسێن

كۆتایی ساڵی رابردوو، به‌های سه‌رمایه‌كه‌ی كۆمپانیای ئه‌پڵ گه‌یشته‌ ١.١٧ ترلیۆن دۆلار، زیاتر له‌ به‌های ٥٠٠ كۆمپانیای گه‌وره‌و بچوكی بواری وزه‌و نه‌وت. ئه‌پڵ نه‌ بیره ‌نه‌وت و میلیشیای حیزبی هه‌یه‌‌، نه‌ پشك - یش ئه‌دات به‌ هیچ سیاسیه‌كی پیسخۆر. ته‌نها روئیای داهێنه‌رانه‌و دیزاینی نوێی هه‌یه،‌ كه‌ وایكردووه‌ به‌رهه‌مه‌كانی جیاوازتربن له‌ هی ركابه‌ره‌كانی. 

ئه‌م به‌راورده‌ی نێوان ئه‌پڵ و كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان بۆ نیشاندانی مۆدێلێكی نوێی بازاڕو كاره،‌ كه‌ ئه‌مڕۆ خه‌ریكه‌ زاڵ ده‌بێت به‌سه‌ر ئابووری جیهاندا‌؛ مۆدێلێك كه‌ سامان و هێز لای ئه‌و كه‌سانه كۆده‌كاته‌وه‌، كه‌ روئیای داهێنه‌رانه‌یان هه‌یه‌و به‌رهه‌مه‌كانیان هه‌میشه‌ بژار‌ده‌یه‌كی نوێ بۆ به‌كاربه‌ر زیاد ده‌كات. یاخود توانای كۆمپیوته‌رو مۆبایله‌ زیره‌كه‌كان به‌كارده‌هێنن بۆ داهێنان و فرۆشتنی خزمه‌تگوزاریه‌كی نوێ‌.

بزوێنه‌ری سه‌ره‌كی ئه‌م ئابوورییه‌ باڵكێش و زیره‌كه‌ی ئه‌مڕۆ گه‌شه‌ی ته‌كنۆلۆجیا،‌ زانیاری، روئیاو دواتریش شڵه‌ژانی داهێنه‌رانه‌ (Creative Disruption)یه‌. ئه‌مه‌ وایكردووه‌ (Uber) ئوبه‌ر ببێته‌ هه‌ره ‌گه‌وره‌ترین كۆمپانیای گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن بێ ئه‌وه‌ی تاقه‌ یه‌ك ئۆتۆمبێلی هه‌بێت‌؛ فه‌یسبووك ببێته‌ گه‌وره‌ترین و جه‌ماوه‌ریترین میدیای جیهانی‌، بێ ئه‌وه‌ی هیچ په‌یامنێرو راپۆرتێكی هه‌بێت. عه‌لی بابا هه‌ره‌ گه‌وره‌ترین فرۆشیاری دنیایه‌، به‌ڵام دوكانێكی نیه‌ بۆ هه‌ڵگرتنی كاڵاكانی؛ ئایربانب هه‌ره‌ گه‌وره‌ترین كۆمپانیای بواری خانوبه‌ره‌و شوێنی نیشته‌جێبوونه‌، به‌ڵام خۆی ته‌نها شوققه‌یه‌كیشی نییه‌. 

هه‌ریه‌كه‌ له‌م كۆمپانیانه‌، سۆفتوێر (پرۆگرامێكی كۆمپیته‌ری)یان هه‌یه‌و‌ به‌هۆی مۆبایله‌ زیره‌كه‌كان و كۆمپیوته‌ره‌وه‌ كڕیارو فرۆشیار ده‌گه‌یه‌نن به یه‌ك‌. زۆر به ‌ساده‌یی ئه‌وانه‌ی كه‌ ئه‌م كۆمپانیا گه‌ورانه‌یان دروست كردووه‌ سه‌ره‌تا زانیارییان هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵك و بازاڕ چ خزمه‌تگوزاریه‌كیان پێویسته‌، دواتریش روئیایه‌كیان هه‌بووه بۆگه‌ڕان به‌دوای ئه‌و میكانیزمه‌ی توانای دابینكردنی ئه‌م خزمه‌تگوزاریانه‌ی هه‌بێت‌. به‌مه‌ش گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و‌ سه‌ركه‌وتن و سامان و نفوزه‌ی ئه‌مڕۆیان.

 ئه‌مانه‌ ئه‌و گروپه‌ن كه‌ به‌ كۆمپیوته‌ره‌كانیان نان په‌یدا ده‌كه‌ن و ئه‌مڕۆ له‌ چینی هه‌ره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كانی دنیان، به‌ڵام با ته‌ماشایه‌كی ئه‌وانه‌یش بكه‌ین كه‌ به‌ كڵاشینكۆفه‌كانیان ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن. ئه‌وانه‌ی ده‌سه‌ڵات و حیزب‌و سامانی گشتی له‌ كوردستاندا ده‌وڵه‌مه‌ندی كردوون.

ئه‌مڕۆ به‌شێکی گه‌وره‌ی سه‌رچاوه‌ داراییه‌كانی كوردستان، هه‌ر له‌ ده‌روازه‌ سنوریه‌كانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ پرۆسه‌ی بازاڕیكردنی نه‌وته‌كه‌ی له‌ژێر ره‌حمه‌تی تۆڕێك قاچاخچی لۆكاڵی و نێوده‌وڵه‌تیدان، نه‌ك ئه‌و داهێنه‌رو دیزاینه‌رو خاوه‌نكارانه‌ی كه‌ توانای سه‌رسامكردنی به‌كاربه‌رانیان هه‌یه‌. ئه‌م قاچاخچیانه‌ یان خۆیان چه‌كبه‌ده‌ستن، یان كار بۆ سیاسیه‌ چه‌كبه‌ده‌سته‌كان ده‌كه‌ن. 

سروشتی ئابوورییه‌ نه‌وتفرۆشییه‌كه‌ی كوردستان به‌جۆرێك بازاڕی كاری هه‌رێمه‌كه‌ی ره‌نگڕێژكردووه‌، كه‌ سامان و داهات به‌لای زۆره‌وه‌ بۆ مافیا چه‌كبه‌ده‌سته‌كان بێت، یان ئه‌وانه‌ی به‌ پشتیوانی ئه‌م مافیانه‌ بازاڕیان قۆرغكردووه‌و بڕیار ئه‌ده‌ن كێ له‌ كوێ چ كارێك بكات. سیستمه‌ سیاسی و دارایی و ئیدارییه‌كه‌ش پاڵنه‌ری به‌هێزی دروستكردووه‌ بۆ فراوانكردنی بازاڕی قاچاخچیه‌كان، نه‌ك ئه‌وانه‌ی كه‌ ره‌نگه‌ توانای داهێنانێكیان هه‌بێت و خزمه‌تگوزاریه‌ك یان كاڵایه‌ك له‌م بازاڕه‌ دواكه‌وتووه‌دا زیاد بكه‌ن. 

لێره‌ تۆڕێك سیاسی چه‌كدار‌ بازاڕو سه‌رچاوه‌ ئابوورییه‌كانیان كۆنترۆڵ كردووه‌و به‌رده‌وام پاڵ به خه‌ڵكیشه‌وه‌ ده‌نێن ببێته‌ ئه‌ندام له‌ناو هێزه‌ چه‌كداره‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانیانی پێ بپارێزن. به‌ پێی داتاكانی ده‌سته‌ی ئاماری هه‌رێم، زیاتر له‌ ٢٠٣ هه‌زار كه‌س (كه‌ ١٦.٩٣% ده‌ستی كاری چالاكی هه‌موو هه‌رێمن) له‌ناو هێزه‌ چه‌كداره‌كاندا كاریان ده‌كرد تا كۆتایی ٢٠١٦. ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌وه‌ ناچێت كه‌می كردبێت ‌له‌م ساڵانه‌ی دواییدا. ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ده‌یان كۆمپانیای ئه‌منی هه‌ن له‌ كوردستاندا خه‌ڵك چه‌كدار ده‌كه‌ن و بۆ پاسه‌وانی ده‌زگاو كۆمپانیاكانی كه‌رتی تایبه‌ت به‌كار ده‌هێنرێن. 
سه‌ره‌ڕای گرنگی ئه‌و خزمه‌تگوزاریه‌ی ئه‌م هێزه‌ چه‌كدارانه‌ دابینی ده‌كه‌ن، له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ ته‌واو بێ به‌رهه‌من. هه‌موو ئه‌و پاره‌یەی بۆ بواری به‌رگری و ئاسایش خه‌رج ده‌كرێت، به‌ حسابات و لۆجیكی ئابووری وه‌ك به‌ فیڕۆدان سه‌یرده‌كرێت‌. 

به‌راوردێكی زۆر ساده‌ له‌نێوان پرۆفایلی ئه‌وانه‌ی له‌ وڵاته‌ گه‌شه‌ كردووه‌كاندا ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن و ئه‌وانه‌ی له‌ كوردستاندا بوونه‌ته‌ خاوه‌ن سامان و پاره‌ زۆر به‌ ڕوونی سروشتی ئابووری و حوكمڕانی كوردستانمان نیشان ده‌دات. 

له‌ كوردستان زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، یان كۆمپانیای گرێدراوی حیزب و سه‌ركرده‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كانن و به‌هۆی قۆرغكاریه‌وه‌ به‌ نرخی گران كاڵاو خزمه‌تگوزاری نزم و بێ كواڵیتی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا ساغده‌كه‌نه‌وه‌‌، یان ئه‌وانه‌ن كه‌ به‌ گه‌نده‌ڵی و قاچاغچێتی پاره‌ په‌یدا ده‌كه‌ن. له‌ ده‌روازه‌ سنوریه‌كاندا چه‌ندین كۆمپانیا دروستكراوه‌ ته‌نها بۆ پاره‌وه‌رگرتن له‌ خه‌ڵك، بێ ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاریه‌كی ئه‌وتۆ پێشكه‌ش بكه‌ن. هه‌ر له‌م ده‌روازانه‌دا به‌شێك له‌ به‌رپرسانی هێزه‌ ئه‌منیه‌كان بوون به‌ قاچاغچی و به‌ ئاشكرا خه‌ریكی هێنان و بردنی جگه‌ره‌و كاڵای ترن له‌ده‌ره‌وه‌ی یاساو رێكاره‌ گومرگیه‌كان، به‌پێی نوسراوێكی سه‌رۆكی لیژنه‌ی وزه‌و سامانه‌ سروشتیه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان عه‌لی حه‌مه‌ساڵح. 

ئه‌م جیاوازیه‌ بۆ؟ ئه‌وه‌ چیه‌ واده‌كات له‌ ئه‌مریكا مارك زۆكه‌ربێرگ به‌ فه‌یسبوك ده‌وڵه‌مه‌ند بێت، به‌ڵام له‌ كوردستان خه‌ڵك به‌ قاچاخچێتی جگه‌ره‌، خواردنه‌وه‌ كحولیه‌كان، دوگی مه‌ڕو نه‌وتی ره‌ش و پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان. زۆر به‌ ساده‌یی، ئه‌مه‌ جیاوازی نێوان حوكمڕانی باش و سیستمی ئۆلیگاركه‌ چه‌ك به‌ده‌سته‌كانه‌‌.

ئه‌وه‌ سیستم و داموده‌زگا دارایی و دادوه‌ری و حوكمیه‌كانه‌ كه‌ پاڵنه‌ری كارو داهێنان لای تاكه‌كان دروست ده‌كات. ئه‌وه‌ی له‌ دهۆك و سلێمانی ده‌بێته‌ قاچاخچی مه‌رج نیه‌ به‌قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ زیره‌ك نه‌بێت كه‌ له‌ نیۆرك فه‌یسبوكی دروست كرد. هه‌ریه‌كه‌و به‌ ڕێگای خۆی و به‌پێی ژینگه‌و ده‌رفه‌ته‌كانیان هه‌وڵی ده‌وڵه‌مه‌ندبوونیان دا. لێره‌ ده‌رفه‌تی قاچاخچیه‌تی هه‌بوو بۆ پاره‌ په‌یدا كردن، به‌ڵام له‌وێ كارو داهێنان و بیرۆكه‌ی نوێ. ئه‌وه‌ سیستم و داموده‌زگاكانه‌ بڕیار ده‌دات ئه‌م هه‌وڵی ده‌وڵه‌مه‌ند بوونه‌ له‌ چ ڕێگایه‌كه‌وه‌ بێت.

كلیلی سه‌ركه‌وتنی ئه‌م جۆره‌ كۆمپانیانه‌ (ئوبه‌ر، فه‌یسبووك، ئه‌مازۆن، گوگڵ، عه‌لی بابا) متمانه‌یه‌، ئینجا داهێنان و ئاسانكاری له‌ شێوازی دابینكردنی خزمه‌تگوزاریه‌كاندا. متمانه‌ به‌ جدیه‌ت و پاكی ئه‌وه‌ی خزمه‌تگوزاریه‌كه‌ت پێشكه‌ش ده‌كات و ناهێڵێت مافی هیچ كام له‌ كڕیارو فرۆشیار بخورێت. ئه‌مانه‌ ئه‌مڕۆ چه‌قی ململانێكانیان له‌نێوان برانده‌ به‌هێزو گرانبه‌هاكاندا گواستۆته‌وه‌ بۆ ركابه‌ری نێوان سۆفتوێره‌كانی گه‌یاندنی كاڵاو خزمەتگوزاری. 

ئه‌مڕۆ بوونی سایتێكی وه‌ك فه‌یسبووك یان عه‌لی بابا ده‌كرێت به‌قه‌ده‌ر هه‌زار بیره‌نه‌وت داهاتی هه‌بێت. كلیلی سه‌ركه‌وتن هه‌ر ئه‌وه‌ نییه‌ میلیشیایه‌كت هه‌بێت و به‌رپرسانی حیزبێكی باڵاده‌ست شه‌ریكت بن، به‌ڵكو ده‌كرێت بیرۆكه‌یه‌ك بێت كه‌ توانای زیادكردنی به‌هایه‌كی هه‌یه‌ له‌ بازاڕه‌كه‌دا. به‌ڵام هه‌ر ئه‌م ژینگه‌ی دروستكردنی قاچاخچیه‌تیه به‌جۆرێك فاكته‌ره‌ دارایی، ئابووریی، یاسایی، و ئه‌منیه‌كان ره‌نگڕێژ ده‌كات كه‌ نه‌هێڵێت خاوه‌نكاری داهێنه‌رو خاوه‌ن روئیا دروست ببێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن