360وتار

ئێستا په‌رله‌مان خۆی بۆته‌ كێشه‌و عه‌رابی گه‌نده‌ڵی

9/8/2020 6:22:00 PM
محەمەد حسێن

سه‌ره‌تای ئه‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌، عه‌لی عه‌لاوی وه‌زیری دارایی عێراق و لیژنه‌ی ریفۆرمی ئابوری پلانێكیان ئاماده‌كرد بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ی پله‌باڵاكان و هه‌ندێك ئمتیازاتی ناشه‌رعی، بۆ نمونه‌ ئه‌وه‌ی سه‌ره‌موچه‌ی ختوره‌ وه‌رده‌گرێت به‌ڵام ئیشه‌كه‌ی هیچ ختوره‌یه‌كی تیا نیه‌. به‌پێی ئه‌م پلانه‌ مانگانه‌ زیاتر له‌ یه‌ك ترلیۆن دینار خه‌رجی حكومه‌ت كه‌مده‌كرایه‌وه‌، له‌گه‌ڵ سه‌پاندنی باجی سه‌رداهاتی موچه‌خۆران و خانه‌نیشینان به‌ هه‌موویه‌وه‌ نزیكه‌ی ١.٢ ترلیۆن دینار پاره‌ ده‌مایه‌وه‌ بۆ حكومه‌ت.
ئه‌وه‌ بوو په‌رله‌مانتاران كردیانه ‌هات و هاوارو ره‌تیان كرده‌وه‌و نه‌یانهێشت پلانه‌كه‌ سه‌ربگرێت، به‌ڵام زۆر به‌ خێرایی یاسای قه‌رز وه‌رگرتنیان په‌سه‌ند كرد، له‌ كاتێكدا هیچ ئاسۆیه‌ك نیه‌ له‌ دوو ساڵی داهاتویشدا عێراق بگاته‌ دۆخێك توانای قه‌رزدانه‌وه‌ی هه‌بێت.
ئێستا هه‌ر ئه‌م په‌رله‌مانتارانه‌، هاواریانه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌ت هیچ چاره‌سه‌ریه‌كی تری پێ نیه‌ جگه‌ له‌قه‌رزكردن. داهاتی مانگانه‌ی عێراق نزیكه‌ی ٣ ملیار دۆلاره‌، به‌ڵام خه‌رجیه‌ نه‌گۆڕه‌كانی زیاتر له‌ ٦ ملیار دۆلاره‌.
ئه‌وه‌ باهه‌ر باسی په‌رله‌مانی كوردستان نه‌كه‌ین، چونكه‌ وه‌ك سفری دوای فاریزه‌ی لێهاتووه‌، بوون و نه‌بوونی وه‌ك یه‌كه‌و ته‌نانه‌ت ناتوانێت لێپرسینه‌وه‌ له‌ وه‌زیرێكیش بكات. جگه‌ له‌وه‌ی پاره‌و سامانێكی زۆری وڵات ‌به‌ فیڕۆ ئه‌دات و كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی بێبه‌هره‌ی كردۆته‌ موچه‌خۆری پله‌ باڵا، هیچ ئیزافه‌یه‌كی نیه‌ بۆ ژیانی سیاسی و ئیداری ئه‌م وڵاته‌. له‌بیرمه‌ هه‌ر له‌سه‌رتای ئه‌م قه‌یرانه‌دا كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتاری پۆپۆلیست ده‌ستیان كرده‌ هات و هاوار و وتیان ناهێڵن ده‌ست بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ببرێت. ئه‌وه‌تا موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ئێستا به‌ ده‌ست-بۆبراوه‌یی و لێبڕینیشه‌وه‌ هه‌ر له‌ كاتی خۆیدا دابه‌شناكرێت.
بێگومان په‌رله‌مانی عێراق ئه‌كتیڤه‌و ده‌توانێت شتێك بكات، به‌ڵام له‌وێش په‌رله‌مانتاران، به‌شی هه‌ره ‌زۆریان، ته‌نها شه‌ڕ بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبه‌كانیان و مافیای ناو حیزبه‌كانیان ده‌كه‌ن. زۆر زه‌حمه‌ته‌ به‌م دوو په‌رله‌مانه‌ی ئێستاوه‌ هیچ ریفۆرمێك بكرێت له‌ عێراق و كوردستان-یشدا.
ریفۆرمی ئابوری و ئیداری مه‌حاڵه‌ گه‌ر چوارچێوه‌یه‌كی یاسایی بۆ دانه‌ڕێژرێت و پشتیوانی په‌رله‌مان و هێزه‌ سیاسیه‌كانی نه‌بێت. كه‌ ئه‌مانه‌ش نه‌كرا ره‌نگه‌ هه‌روا رایبكێشن تا ئه‌و رۆژه‌ی لوتیان ئه‌دات له‌ دیواره‌كه‌، به‌ قه‌ولی عه‌لاوی خۆی. ئه‌و كاته‌ش هیچ شتێك به‌ كه‌ڵكی چاكسازی و چاككردنه‌وه‌ نایه‌ت. به‌م دۆخه‌ی ئێستای به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده‌كردنه‌وه‌، عێراق پێویستی به‌ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت هه‌یه‌ بۆ ٧٦ دۆلار بۆ هه‌ربه‌رمیلێك تا كورتهێنانه‌كه‌ی پڕبكاته‌وه‌، ئه‌مه‌ش مه‌حاڵه‌ بێته‌دی له‌ ٢٠٢١یشدا، به‌پێی پێشینی ده‌زگا تایبه‌تمه‌نده‌كانی بازاڕی نه‌وت.
ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ دێت كه‌ عێراق هه‌موو ئه‌و پاره‌ یه‌ده‌كه‌ی خه‌رج ده‌كات له‌ بانكی ناوه‌ندیدا هه‌یه‌و توشی داڕوخانێكی ئابوری حه‌تمی ده‌بێت. له‌ ئێستادا یه‌ده‌كی بانكی ناوه‌ندی دابه‌زیوه‌ بۆ نزیكه‌ی ٥٤ ملیار دۆلار، ئه‌گه‌ر ئه‌م بڕه‌ بگاته‌ خوار ٣٦ ملیار دۆلار (به‌شی ١٨ مانگی هاورده‌كردنی پێداویستیه‌كانی عێراق) ئه‌وكات متمانه‌ به‌ دینار نامێنێت و بانكی ناوه‌ندی توانای كۆنترۆڵكردنی به‌های دیناری نامێنێت.. به‌مه‌ش مه‌ترسی هه‌ڵاوسانی سه‌خت (hyperinflation) و شڵه‌ژانی بازاڕ دروست ده‌بێت. توانای كڕینی خه‌ڵك كه‌م ده‌بێته‌وه‌ و وه‌به‌رهێنه‌ران وڵات جێده‌هێلن.
زۆربه‌ی ئه‌م كێشانه‌ ده‌كرا له‌ یه‌كه‌م مانگی ئه‌م قه‌یرانه‌وه‌ چاره‌سه‌ربكرایه‌ن‌، یان به‌جۆرێك مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكرایه‌ كه‌ ده‌رفه‌تی ریفۆرمێكی راسته‌قینه‌ی خۆش بكردایه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌ نه‌كرا. له‌به‌رامبه‌ردا حیزبه‌كان و په‌رله‌مانتاره‌كانیان، خه‌ریكی موزایه‌ده‌و هات و هاوارن بۆ پاراستن و هێشتنه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی میلیشیا و مافیاكانیان، كه‌ ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و هه‌نگاوانه‌ن عێراق و كوردستان پێویستیه‌تی بۆ ریفۆرمێكی ئابوری و سیاسی و كارگێڕی راسته‌قینه‌.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن