هه‌رێم ده‌توانێت پابه‌ندی رێكکه‌وتنێكی نه‌وتی بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا؟
12/5/2019 2:16:00 PM
محەمەد حسێن
حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستی له كاركێشایه‌وه پێش واژۆكردنی ئه‌و رێكکه‌وتنه نه‌وتی و داراییه‌ی كه بڕیاربوو له‌م رۆژانه‌دا رابگه‌یه‌نرێت. كێ ده‌بێته شوێنگره‌وه‌ی عادل و چاره‌نوسی ئه‌م رێکكه‌وتنه چی ده‌بێت هیچ له‌و راستیانه ناگۆڕێت كه هه‌رێمی كوردستان خۆی زه‌حمه‌ته بتوانێت پابه‌ندی ئه‌م رێکكه‌وتنه بێت له‌به‌ر نه‌بوونی بڕی ئه‌و نه‌وته‌ی كه رێكکه‌وتنه‌كه ناچاری ده‌كات رۆژانه راده‌ستی سۆمۆی بكات ئه‌گه‌ر ئه‌و بودجه‌ی له به‌غداوه بۆی دێت هێنده نه‌بێت كه شتێك له شایسته داراییه‌كانی كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان و قه‌رزی پێشوه‌خته‌ی فرۆشتنی نه‌وتی بۆ نه‌بژێرێت.
له ساڵی ٢٠١٤ه‌وه، هه‌ولێرو به‌غدا لانی كه‌م چوار رێكکه‌وتنی دارایی و نه‌وتییان هه‌بووه، به‌ڵام هیچیان به ته‌واوی جێبه‌جێنه‌كراون. له هه‌مووشیاندا هه‌رێم نه‌یوتوانیوه ئه‌و بڕه نه‌وته راده‌ست بكات كه به‌پێی رێكه‌وتنه‌كان ده‌بوایه وه‌ك به‌شێك له هه‌نارده‌ی گشتی عێراق سۆمۆ بیفرۆشتایه، له‌به‌رامبه‌ردا به‌غدا بودجه‌كه‌ی هه‌رێم، یان به‌شێكی، نه‌ناردووه. به‌ڵام ئایا ئه‌م گه‌مه‌یه له رێكه‌وتنه‌كه‌ی بودجه‌ی ٢٠٢٠یشدا به‌رده‌وام ده‌بێت؟
ئه‌گه‌ر چی ئاڵۆزییه‌كانی به‌غداو كۆتاییه چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی عه‌بدولمه‌هدی ده‌رفه‌تێكی ئه‌وتۆی بۆ ئه‌م رێكکه‌وتنه نه‌هێشتۆته‌وه‌و هێشتا روون نیه په‌رله‌مان ده‌توانێت یاسای بودجه په‌سه‌ندبكات به ره‌چاوكردنی ئه‌م رێكکه‌وتنه دارایی و نه‌وتییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م رێكه‌وتنه‌ش كرا‌و په‌رله‌مانیش په‌سه‌ندی كرد هه‌ر له‌ئێستاوه له‌وه ناچێت هه‌رێم بتوانێت جێبه‌جێی بكات، زۆربه‌ساده‌یی چونكه حكومه‌تی هه‌رێم ئێستا خاوه‌نی ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه نیه تا له‌به‌رامبه‌ردا بیدات به به‌غدا.
هه‌رچه‌نده هه‌رێم رۆژانه زیاتر له ٤٦٠ هه‌زار به‌میل نه‌وت هه‌نارده ده‌كات له به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیاوه به‌پێی داتاكانی ئیراك ئۆیڵ ڕیپۆرت، به‌ڵام له‌راستیدا ته‌نیا داهات و پاره‌ی ١٧٨ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ی ده‌ستده‌كه‌وێته‌وه، به‌شه‌كه‌ی تری ده‌ڕوات بۆ خه‌رجی كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان به‌پێی وته‌یه‌كی مه‌سرور بارزانی كه له دیداری مێری له هه‌ولێر پێشكه‌شی كرد.
مه‌سرور بارزانی وتی زیاتر له نیوه‌ی داهاتی نه‌وتی كوردستان بۆ خه‌رجی كۆمپانیاكانه‌و مانگانه نزیكه‌ی ٣٠٠بۆ ٣٢٠ ملیۆن دۆلار له پاره‌ی نه‌وتی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ حكومه‌تی هه‌رێم. ئه‌گه‌ر تێكڕای داهاتی نه‌وت به ٣١٠ ملیۆن دۆلاری مانگانه وه‌ربگرین، ئه‌مه ته‌نیا پاره‌ی ١٧٨ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌یه، ئه‌گه‌ر نرخی به‌رمیلێك نه‌وت به ٥٨ دۆلار وه‌ربگرین (به پێی راپۆرته‌كانی دیلیۆت). كه‌واته ٢٨٢ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ی هه‌رێم ده‌ڕوات بۆ خه‌رجی كۆمپانیاكان و چه‌ند باج و رسوماتێكی تر كه هێشتا روون نیه كێ چه‌ندی به‌ر ده‌كه‌وێت بەهۆی نه‌بوونی هیچ داتا‌و شه‌فافیه‌تێك له وه‌زاره‌تی سامانه سروشتیه‌كانی هه‌رێم.
كه‌واته حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نها خاوه‌نی ٣٨.٦% نه‌وتی كوردستانه، به‌ڵام به‌غدا حسابی هه‌رهه‌موو نه‌وته هه‌نارده‌كراوه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ده‌كات. ئایا به‌ڕاست هه‌رێم ته‌نیا خاوه‌نی ئه‌م بڕه له نه‌وته‌كه‌ی خۆیه‌تی ؟ ئه‌گه‌ر پرسیاره‌كه نه‌خێره ئه‌ی ئه‌و ٢٨٢ هه‌زار به‌رمیله‌ی تری بۆ كێ ده‌فرۆشرێت؟
ئه‌گه‌رچی راپۆرته رۆژنامه‌وانیه‌كان باس له وه‌رگرتنی به‌شه بودجه‌ی ته‌واوی هه‌رێم ده‌كه‌ن وه‌ك پێشمه‌رجێك بۆ راده‌ستكردنی ئه‌م ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیله نه‌وته، به‌ڵام هێشتا دیارنیه ئه‌م به‌شه بودجه‌یه چه‌ند ملیار ده‌بێت؟ به‌پێی هه‌ندێك لێكدانه‌وه‌ی بیركاریه‌نه‌ی زۆر سه‌ره‌تایی هه‌رێم ناتوانێت ئه‌م نه‌وته راده‌ستبكات ئه‌گه‌ر به‌شه بودجه‌كه‌ی ئه‌وه‌نده نه‌بێت شتێك له حه‌قده‌ستی كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان وئه‌و قه‌رزانه‌شی پێبداته‌وه كه وه‌ك فرۆشتنی پێشوه‌خته له كۆمپانیا‌و بازرگانه نه‌وتیه‌كان ساڵانی پێشوو وه‌ریگرتووه. هه‌ندێك لێكدانه‌وه‌و خه‌مڵاندنی سه‌ره‌تایی ئه‌وه نیشان ده‌ده‌ن كه هه‌رێم لانی كه‌م پێویستی به ٩٥٠ ملیار دیناری مانگانه هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت پابه‌ند بێت به ڕێكه‌وتنه نه‌وتی و داراییه‌كه‌یه‌وه‌و هاوكات موچه‌ی كارمه‌ندانی كه‌رتی گشتی و خانه‌نیشینان دابین بكات.
ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستای هه‌رێم ده‌رفه‌تێكی گه‌وره‌یه بۆ چاكسازی كردن. ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه حكومه‌ته‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی كه‌رتی نه‌وتی كوردستان قوتاربكات له‌و هه‌موو كۆمپانیا سكیوریتی و خزمه‌تگوزارییه ناپێویستانه‌ی كه به‌شێكی زۆری داهاتی نه‌وتی كوردستان ده‌به‌ن. ئێستا كاتی ئه‌وه هاتووه ئه‌وه‌ی ده‌كرێت بپارێزرێت بگه‌ڕێنرێته‌وه بۆ حكومه‌تی هه‌رێم و داهاتی پێ زیاد بكرێت. به كورتی پرۆسه‌ی چاكسازی و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌بێت له كه‌رتی نه‌وت و گازی كوردستانه‌وه ده‌ست پێبكات. بۆ نمونه ساڵانه نزیكه‌ی ١٠٠ ملیۆن دۆلاربه ناوی تازه‌كردنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی كار بۆ كۆمپانیا نه‌وتیه‌كان وه‌رده‌گیرێت. ئایا ئه‌م پاره‌یه دێته ناو خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت و وه‌ك به‌شێك له داهاته نه‌وتیه‌كان حساب ده‌كرێت؟ خۆزگه كه‌سێك هه‌بووایه له حكومه‌ته‌كه‌ی بارزانی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌ی بدایه‌ته‌وه چونكه هه‌موو چاكسازیه‌ك لێره‌وه ده‌ست پێده‌كات مادام نه‌وت سه‌ره‌كی ترین سه‌رچاوه‌ی داهاته له كوردستان و عێراقیش.
به گشتی هه‌رێمی كوردستان پێویستی به پاكسازیكردنی پرۆژه نه‌وتیه‌كانی خۆی هه‌یه پێش ئه‌وه‌ی بچێته هه‌ر رێكکه‌وتنێكه‌وه له‌گه‌ڵ به‌غدا. رۆژانه زیاتر له ٤٦٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وتیان كردۆته ماڵ به‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه، به‌ڵام نزیكه‌ی ٦٢%ی داهاتی ئه‌م نه‌وته ده‌چێته گیرفانی كۆمپانیا‌و خه‌ڵكانی تره‌وه. راسته خه‌رجی كۆمپانیا نه‌وتیه به‌رهه‌مهێنه‌ره‌كان و تێچووی هه‌نارده‌كردن و بازاریكردن شتێكه له ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م حكومه‌ته‌دا نیه، به‌ڵام بۆچی پاره به كۆمپانیای سیكیوریتی بدرێت له كاتێكدا هه‌رێم خۆی ٢ لیوای هێزی پۆلیسی نه‌وتی هه‌یه؟ ئه‌مه جگه له دادۆشینی سامانی گشتی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی به‌رپرسه حیزبی و حكومیه‌كان هیچی تر نیه.