24وتار

لە بانکەکانی سلێمانی و هەولێردا، بە ئاشکرا خەڵک دەچەوسێنرێتەوە

10/16/2023 3:31:00 PM
محەمەد حسێن

ئەمڕۆ لقی سلێمانی بانکی بازرگانی عێراق راکێشانی دۆلاری راگرت بە بیانووی نەبوونی کاش. کارمەندانی بانکەکە دەڵێن دۆلاری کاشیان نەماوە، لە کاتێکدا ئەو خەڵکانەی کە دەیانەوێت دۆلارەکانیان رابکێشن یان بە کاش دۆلاریان لەوێ هەڵگرتووە، یاخود مانگانە موچەکانیان بە دۆلار بۆ حەواڵەدەکرێتە سەر هەژمارەکانیان لەو بانکە، ئەمانە کارمەندانی رێکخراوو کۆمپانیاو دەزگا نێودەوڵەتییەکانن. 

سەرەتای گرفتەکە لە کوێوە هات؟

 بەپێی بڕیارێکی بانکی ناوەندی عێراق، دەبێت لە ١\١\٢٠٢٤رێگە نەدرێت کەس لە عێراقدا حەوالەی دۆلاری کاش رابکێشێت. بانکەکان حەواڵەی دۆلارەکانیان بۆ دەگۆڕنەوە بە دینارو بە نرخی فەرمی دەیدەن بە خەڵک. ئەم بڕیارە دوای تێکشکانە بەردەوامەکانی بانکی ناوەندی هات لە هەموو ئەو هەوڵانەی کە بۆ سەقامگیرکردنی نرخی دینار بەرامبەر دۆلار دای لە ١٤ مانگی رابردوودا.  

 

دوای ئەم بڕیارە لقەکانی هەولێرو سلێمانی بانکەکان هەر لە ئێساتەوە دۆلاریان لە بەردەستدا نەهێشتۆتەوە. بانکی بازرگانی هەرێمایەتی ( RT Bank ) لە مانگی رابردووەوە دەستی کردووە بە گۆڕینەوەی زۆرەملێی هەموو حەواڵەکانی دۆلار بە نرخی فەرمی دیناری عێراقی، نزیکەی ٤ مانگ پێش ئەو وادەی بۆی دانراوە. لقی سلێمانی بانکی بازرگانی عێراق ئەمڕۆ بە هیچ جۆرێک رێگەی بە راکێشانی حەواڵەی دۆلار نەدابوو. ئەمەی کە دەگوزەرێت، بە ئاشکرا چەوساندنەوەی بەکاربەرانی ئەم بانکانەیە. 

 

وا دیارە ئەم بانکانە دەیانەوێت هەر لە ئێستاوە راکێشانی حەواڵەی دۆلار رابگرن. بە هۆی ئەو جیاوازییە گەورەی لە نێوان نرخی فەرمی ئاڵوگۆڕی دۆلار-بە-دینار هەیە لە گەڵ نرخی بازاڕی ئاڵوگۆڕەکە. ئەم راگرتنە زیانێکی زۆر لە هاوڵاتیان، بەکاربەرانی (clients) بانکەکان دەدات، بەڵام قازانجێکی مفتی ناڕەواو ناقانونی قۆرغکارانە بۆ بانکەکان مسۆگەر دەکات.    

 

یاریەکە بەم جۆرەیە؛ لەمەولا ئەم بانکانە بە زۆرە ملێ ١٠٠ دۆلاری هاوڵاتیان دەگۆڕنەوە بە ١٣٢ هەزار دینار، لە کاتێدا لە بازاڕدا ١٦٠ هەزار دینارە (شتێک زیاتر یان کەمترە). بەمەش بۆ هەر تاکە دۆلارێکی هاوڵاتیان کە ئەوان بە زۆر دەیگۆڕنەوە، نزیکەی ٢٨ دیناری عێراقی قازانج دەکەن.

 

کێشەکە هەر تەنها ستەمکردن نیە لەو هاوڵاتیانەی کە موچەو پارەی هەڵگیراویان بە دۆلار هاتۆتە ناو ئەم بانکانەوە، بەڵکوهێندەی تر دۆلار لە بازاڕەکانی کوردستاندا کەم دەکاتەوە؛ ئینجا خۆبەخۆ گرانتریشی دەکات ( بەپێی یاسا سادەکەی خواست و خستنەڕوو). 

 

ئەم هاوڵاتیانە هەمیشە سەرچاوەیەکی باشی دۆلاری کاش بوون بۆ ناو بازاڕەکانی کوردستان وعێراق، ئیتر ئەگەر موچەکانیان بە زۆرە ملێ بۆ بکەن بە دینار، ئەوا ئەم سەرچاوەی دۆلاری کاش وشک دەکات.

 

هەر لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵی دەرکردنی بڕیارەکەی بانکی ناوەندی عێراق، لە ماوەی دوو رۆژدا ١٠٠ دۆلار لە ١٥١ هەزار دینارەوە گەیشتە بە ١٦٢ هەزار. ئەمە هێشتا ٣ مانگی ماوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.   

 

بە پێی حسابات و لێکدانەوەی بەرپرسانی بانکی ناوەندی، ئەم هەنگاوەیان بۆ سەقامگیری نرخی دینار و کەمکردنەوەی جیاوازی نێوان نرخی فەرمی و نافەرمی بوو. بەڵام هەر لە یەکەم رۆژی بڕیارە کەوە نرخی گەڵای ١٠٠ دۆلاری لە ١٥١ هەزارەوە فڕاند بۆ ١٦٢ هەزار دینار.
دەرەنجامی، ئەم گەمەیە چی دەبێت؟ 

ئەوەی لقی سلێمانی و هەولێری بانکەکان دەیکەن؛ سەرتا وێرانکردنی ئەو تۆزە متمانەیە کە خەریکە لە ناو خەڵکدا دروستی دەکەن. ئەمانە بۆ قازانجێکی کورتمەودای مشەخۆرانە، بە تەور خەریکی بڕینەوەی لقەدارەکەی ژێر پێی خۆیانن. بڕە پارەیەکی زۆر پەیدا دەکەن لە سەر حسابی بەکاربەرەکانی خۆیان، بەڵام هێندەی تر متمانەی خۆیان لاواز دەکەن. متمانە بۆ بانک بەقەدەر ئۆکسجین لە ژیانی مرۆڤدا پێویستە.

 

ئەم بانکانە بەهۆی جیاوازی نرخی فەرمی و نافەرمی دینار بە دۆلار، رۆژانە سەدان ملیۆن دینار زیان لە هاوڵاتیانی سلێمانی و هەولێر دەدەن. بە زۆرەملێ دۆلاری خەڵک دەبەن بە ١٣٢٠ دینار بەرامبەر هەر دۆلارێک، لە کاتێکدا لە بازاڕدا ١٦٠٠ دینارە. ئەگەر هەر ئەم بەکاربەرە بیەوێت دۆلار لەم بانکانە بکڕێت، یان بە نرخی بازاڕ پێی دەفرۆشن، یان هەر بۆی دابین ناکەن. ئایا ئەمە رفتاری بانکە؟ 

ئەم بانکانە، کەهەر بەناو بانکن و تەنها رۆڵی حەواڵەکردنی پارەیان هەیە، هەرگیز نەیانتوانیوە ئەو رۆڵانە بگێڕن کە هەر بانکێکی ئاسایی هەیەتی لە کۆکردنەوەی پارەو خستنەگەڕی بۆ وەبەرهێنان و دواتریش پشتگیریکردنی چالاکییە ئابورییەکان. هەربۆیە لە ئێستادا نزیکەی ٨٠% هەرچی دیناری عێراقی هەیە لە دەرەوەی بانکەکان و سوڕی ناو بانکەکاندایە. 

 

ئەگەر بەم عەقڵەیەتە کورتبین و مشەخۆرەوە ئیدارەی بانکەکان بکرێت، ئەوا پێش خەڵک بانکەکان خۆیان  زیانمەند دەبن. هەرگیز ناتوانن ببنە بانک و رۆڵی بانکێکی نۆرمال بگێڕن، چونکە بانک بە متمانە دروست دەبێت. بەوە دروست دەبێت کە ببێتە شوێنێک کە قازانج و دڵنیایی بۆ بەکاربەرەکانی دابین بکات، نەک بەناوی ئاڵوگۆڕی زۆرەملێوە زیانیان لێ بدات. 

 

بەپێی پێ دەستوری عێراق و هەموو یاسا بەرکارەکانی ئەم وڵاتە، هاوڵاتیان مافی خۆیانە دۆلارییان هەبێت یان دینار، سامانەکەی بە دۆلار هەڵبگرێت یان بە دینار، موچەکەی بە دۆلار وەربگرێت یان بە دینار، مامەڵەکانی بە دۆلار بکات یان بە دینار. ئیتر ئەو رێکارە بێ مانایە چیە؟  

بانکی ناوەندی عێراق خۆی دەردە، یان دەرمانی درەدەکە دەدۆزێتەوە؟

قەدەری عێراق وەهایە کە سیان لە هاوبەشە سەرەکییە بازرگانییەکانی (ئێران، روسیا، سوریا) لە لایەن ئیدارەی ئەمریکاوە سزا دراون. عێراق بە هیچ شێوەیەک نابێت دۆلاری ئەمریکی بدات بە خەڵک و کۆمپانیاکانی ئەم سێ وڵاتانە. تەنها لە سالی ٢٠٢٢دا، عێراق بە بەهای زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەبووە لە گەڵ ئێراندا (ئەمە جگە لە کڕینی غاز و کارەبا کە ئەوانیش بە بەهای زیاتر لە ٣ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێن). 

 

ئێرانییەکان جگە لە دۆلار بە هیچی تر رازی نابن لەم ئاڵوگۆڕەدا. لە گەڵ روسیاو سوریاش هەم دیسان عێراق جگە لە دۆلاری ئەمریکی هیچی تری نیە بیدات. لەبەر سزاکانی ئەمریکا بانکی ناوەندی ناتوانێت هاوردەکردنی کاڵاو خزمەتگوزاری لەم وڵاتانەوە (تمویل) پارەدار بکات، بۆیە هەمیشە بازرگانانی عێراق ناچارن لە بازاڕی رەشدا دۆلار بکڕن بۆ هاوردەکردنی کاڵاو خزمەتگوزارییەکانی ئەم وڵاتانە. ئەمە ئەو خواستە زیادەیە کە هەمیشە بۆ دۆلار هەیەو وایکردووە نرخی بازاڕی زیاتر بێت لە نرخە فەرمیەکەی.

 

تا ئێستا بانکی ناوەندی سەرکەوتوو نەبووە لە رێکخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ ئەم سێ وڵاتەو نەیتوانیوە میکانیزمێک بدۆزێتەوە بۆ پارەدارکردنی هاوردەی کاڵاو خزمەتگوزارییەکانیان. ئەمە گەوهەری گرفتەکەیەو هەر لێرەشدا دەبێت بۆ چارەسەر بگەڕێت.

 

لەبەرامبەردا بەرپرسانی بانکی ناوەندی پەنایان بۆ چەندین رێگاو چارەسەری جۆراوجۆر بردووە کە هەمیشە گرفتەکەیان قورسترو ئاڵۆزتر کردووە، نەک چارەسەر. جگە لەمەش، هەرگیز بانکی ناوەندی و بانکەکانی تریش نەیانتوانیوە وەک پێویست دۆلار دابین بکەن بۆ بازرگانە بچوک و مامناوەندییەکان، کە بەشی هەرە زۆری هاوردەکانی عێراق لە لایەن ئەمانەوە دابین دەکرێت. 

 

بەگشتی چارەسەرییەکانی بانکی ناوەندی تا ئێستا نەک هەر بەهای دیناری سەقامگیر نەکردووە، بەڵکو گرفتەکانی قوڵتر کردۆتەوە. لە مێژووی عێراقدا، هەرگیز ئەم وڵاتە بەقەدەر ئێستا دۆلارو یەدەکی دراوی بیانی نەبووە. هەرگیز بانکی ناوەندییەکەشی بەقەدەر ئێستا دەستەوسان و بێ-کەڵک و بێ-توانا نەبووە لە جێبەجێکردنی سەرەتایی ترین ئەرکی خۆی، کە سەقامگیرکردنی بەهای دینارە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن