488وتار

په‌رله‌مانتاران و فه‌یسبوكه‌وانان نانی فه‌رمانبه‌رانیان بڕی

4/19/2020 3:54:00 PM
محەمەد حسێن


موزایه‌ده‌و فشه‌فشی هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتاران و سیاسیه‌كان و فه‌سیبوكه‌وانه‌كانیان نه‌یانهێشت حكومه‌ت ده‌ستكاری لیستی موچه‌ بكات. هه‌نگاوێك كه‌ ده‌یتوانی له‌ڕێگایه‌وه‌‌ موچه‌ی پله‌باڵاكان و په‌رله‌مانتاران و خانه‌نیشینه‌كانیان كه‌مبكاته‌وه‌و له‌ئه‌نجامدا موچه‌ی كارمه‌نده‌ راسته‌قینه‌كانی كه‌رتی گشتی پێ دابین بكات. ئه‌مه‌ عه‌داله‌ت بوو، به‌ڵام ژماره‌یه‌ك له‌ سیاسی و په‌رله‌مانتاره‌كان به‌ناوی داكۆكی كردن له‌ موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌ نه‌یانهێشت سه‌ربگرێت.
به‌رژه‌وه‌ندی فه‌رمانبه‌ران و هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان له‌وه‌دابوو، ئه‌م حكومه‌ته‌ی مه‌سرور بارزانی هانبدرێت و پشتگیری بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی یاسای چاكسازی جێبه‌جێ بكات‌، دواتریش له‌ ڕێگای كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌ بندیواره‌كان و كورتكردنه‌وه‌ی ده‌ستی كۆمپانیا مشه‌خۆره‌كانی نزیك له‌ حیزبه‌كانه‌وه‌ به‌ فیڕۆدان و گه‌نده‌ڵی كه‌م بكردایه‌ته‌وه‌. به‌مه‌ ده‌یتوانی موچه‌ی كارمه‌نده‌ راستیه‌قینه‌كانی حكومه‌ت و خانه‌نیشینانی راسته‌قینه‌ دابین بكات. به‌ پێی هه‌ندێك زانیاری نافه‌رمی ویستێكی به‌هێزیشیان هه‌بوو بۆ ئه‌وه‌ی شتیێكی له‌م جۆره‌ بكه‌ن.
به‌ڵام موزایه‌ده‌چی و فشه‌كه‌ره‌كانی په‌رله‌مان و حیزبه‌كان و فه‌یسبووكه‌وانه‌كانیان، هه‌موو كابینه‌كه‌یان په‌شێوو روگیر كرد و وایانلێكرد نه‌وێرێت ده‌ست بۆ لیستی موچه‌ ببات و ئه‌و پاك و پیسه‌بكات كه‌ عه‌داله‌تی پێ جێبه‌جێ ده‌بێت.
ئه‌وه‌ مانگ تێپه‌ڕی، به‌ڵام كه‌س دیار نیه‌ حكومه‌تمان بۆ ناچار بكات موچه‌ی مانگی ١\٢٠٢٠ دابه‌شبكات. ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ په‌رله‌مانتاران و سیاسیه‌كان بێنه‌مه‌یدان و سه‌رۆك و وه‌زیره‌كانی حكومه‌ت ناچاربكه‌ن موچه‌ی خه‌ڵك دابه‌شبكات. كوا بۆ ده‌نگیان نیه‌؟
هه‌ڵوێستی سیاسی به‌ده‌ره‌نجام و لێكه‌وته‌كانی پێوانه‌ ده‌كرێت نه‌ك قسه‌ی ناو میدیاو تۆڕه‌كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان.
قوتابیه‌كی پۆلی ٤ی سه‌ره‌تایی به‌ حاسیبه‌یه‌كی دوو هه‌زاریه‌وه‌‌ له‌ دوای ٣ خوله‌ك حسابكردنی عه‌قڵانیانه‌ بۆی ده‌رئه‌كه‌وێت داهاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌شی موچه‌و خه‌رجیه‌كانی ناكات. ئه‌مه‌ حه‌قیقه‌تێكی ماتماتیكی تاڵه‌، ئه‌گه‌ر كه‌سێك خۆی گێل نه‌كات به‌ ناچاری ئه‌بێت لێی تێبگات. وه‌ ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانتارو سیاسی و فه‌یسبووكه‌وانیش دێت بۆ موزایه‌ده‌ی حیزبی و سیاسی خۆی پێوه‌ بائه‌دات، ئه‌وا خوا بیانگرێت. ئه‌وه‌تا هه‌مووان باجه‌كه‌ی ده‌ده‌ن، به‌تایبه‌تی كارمه‌ندانی حكومه‌ت.
وا چاوه‌ڕوانده‌كرێت له‌ هه‌ر چاكسازی و ده‌ستكاریه‌كی لیستی موچه‌دا، په‌رله‌مانتاران و پله‌باڵاكان، به‌ چالاك و خانه‌نیشینه‌كانیانه‌وه،‌ لێیان ببڕدرێت بۆ موچه‌خۆره‌ راسته‌قینه‌كان، (حكومه‌تی فیدراڵی عێراق واده‌كات). هه‌مان ئه‌م په‌رله‌مانتارانه‌ و بندیواره‌كانیان ( كه‌ له‌فه‌یسبوكدا زۆر چالاكن) به‌ توندی دژی ئه‌وه‌بوون حكومه‌ت ده‌ستكاری موچه‌ بكات. ئیتر نازانم ئه‌م هه‌ڵوێسته‌یان به‌ڕێكه‌وت بوو یان بۆ هێشتنه‌وه‌ی موچه‌كانی خۆیان بوو؟
هه‌مووان ده‌زانین كه‌ حكومه‌ت پاره‌ی پێنه‌بێت بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، له‌به‌ر گه‌نده‌ڵی و زۆری بندیواره‌كان و مشه‌خۆری و قۆرغكاری كۆمپانیاكانی سێبه‌ری حیزبه‌كانه. به‌ڵام كه‌ نه‌هێڵیت ئه‌و چاكسازیه‌ پێویستانه‌ بكات كه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی ئه‌م گه‌نده‌ڵیه‌و ژماره‌ی بندیواره‌كان و سنورداركردنی كۆمپانیا قۆرغكاره‌كان پێویسته‌، ئه‌وا تاوانی تۆیشی تیادایه‌. لانی كه‌م رۆڵێكی باشت گێڕا له‌ درێژكردنه‌وه‌ی مانگی فه‌رمانبه‌ران بۆ ٤٥تا ٥٥ رۆژ.
ئه‌وان له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی واقعی و عه‌مه‌لی به‌سه‌ر حكومه‌تدا فه‌رزكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پاك و پیسی لیستی موچه‌بكات، به‌ جۆرێك كه‌ فه‌رمانبه‌رو خانه‌نیشینه‌ راسته‌قینه‌كان زوڵمییان لێنه‌كرێت، سوربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ نابێت ده‌ستكاری لیستی موچه‌ بكرێت.
ئێستا كاتی ئه‌وه‌ بزانین چۆن حكومه‌ت ناچار ده‌كه‌ن ده‌ستكاری مانگی موچه‌خۆران نه‌كات، وه‌ك چۆن ده‌ستكاری موچه‌كانیانی نه‌كرد.
ئه‌وان له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی واقعی و عه‌مه‌لی به‌سه‌ر حكومه‌تدا فه‌رزكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پاك و پیسی لیستی موچه‌بكات، به‌ جۆرێك كه‌ فه‌رمانبه‌رو خانه‌نیشینه‌ راسته‌قینه‌كان زوڵمییان لێنه‌كرێت، سوربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ نابێت ده‌ستكاری لیستی موچه‌ بكرێت.
ئێستا كاتی ئه‌وه‌ بزانین چۆن حكومه‌ت ناچار ده‌كه‌ن ده‌ستكاری مانگی موچه‌خۆران نه‌كات وه‌ك چۆن ده‌ستكاری موچه‌كانیانی نه‌كرد.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن