1006وتار

راپەڕین و یۆتۆپیا

3/5/2020 2:12:00 PM
ئارام قادر حەمەسور

گرنگترین رووداوی سیاسیی لە کوردستانی باشووردا راپەڕینی ساڵی 1991 بوو دژی رژێمی بەعس، حیزبەکان بە هاوکاری و ئازایەتیی خەڵک ئەم رووداوەیان دروستکرد. پێش راپەڕین خەڵک چەندین خەونی گەورەی هەبوو، رزگاربوون لە دەستی بەعس گەورەترین خەون بوو، دەبینین منداڵەکانی ئەوکات ناویان لێنراوە رزگار یان ئازاد. هەموو ئومێدەکان بریتی بوون لە رزگاربوون لە دەستی ستەمکاریی بەعس و چوونە ناو بەهەشتەکەی بەرەی کوردستانی، ئومێدەکان بریتی بوون لە هێنانە ئارای ژیانی خۆشتر بۆ خەڵک.

دوای راپەڕین بەماوەیەکی کورت حیزبەکان هەڵبژاردنیان کردو هەنگوینەکەی دەسەڵات و پارە یەکێتی و پارتی کرد بەدژی یەک، شەڕی ناوخۆ لەسەر پارە بوو نەک چەسپاندنی ئومێدەکانی راپەڕین، شەڕی ناوخۆ سوکایەتیی و سەرەتای نائومێدییەکان بوو.

هۆشی منەی ڤێتنامی دەڵێت: بۆ ئەوەی شۆڕشگێڕەکان گەندەڵ بکەیت غەرقیان بکە لە پارەدا، سەرکەوتنی راپەڕین بەماوەیەکی کورت کوتایی راپەڕین و ئامانجەکانی بوو، وەک عەلی وەردی دەڵێت: سەرکەوتن گۆڕی شۆڕشە، واتا زۆرکات سەرکەوتنی شۆڕش و راپەڕینەکان کۆتایی خەون و ئومێدەکانی خەڵکەو سەرکەوتن دەبێتە گۆڕی ئامانجەکان. دەبینین لە دونیاشدا شۆڕشە گەورەکان دوای سەرکەوتن بوونەتەوە جەهەنەم وەک پێش شۆڕش، شۆڕشی فەرەنسا 1789 دوای خۆی رۆپسپیری ستەمکاری دروستکرد، شۆڕشی ئۆکتۆبەر 1917ی روسیا ستالینی بەرهەمهێناو بە ملیۆنان کەسی کوشت، شۆڕشی کوبای جیڤاراو ڤیدڵ کاسترۆ دواتر کاسترۆی کردە ستەمکارێکی گەورەو تا مردن کورسی دەسەڵاتی چۆڵنەکرد. دەبێت لەپاڵ هەموو شۆڕش و راپەڕینەکاندا گومانی ستەمکارییمان هەبێت.

یۆتۆپیا outopia چەمکێکی فەلسەفییەو لە دوو وشەی یۆنانی پێکهاتووەو بەمانای ناشوێن دێت. لەئێستادا ئەم چەمکە بۆ ئەو ئایدیاو فیکرانە بەکاردێت کە دەیانەوێت ژیانێکی خۆشتر دەستەبەر بکەن. یۆتۆپیا لە فیکری زۆر فەیلەسووف و بیرمەنداندا رەنگی داوەتەوە. وەک کتێبی کۆماری ئەفلاتۆن و کتێبی مەدینەی فازیلەی فارابی و شاری خودای ئۆگستین. تۆماس مۆر لەساڵی 1516 لە کتێبی یۆتۆپیا ئەم چەمکەی بەکارهێناو زیاتر لەناو فیکردا دەرکەوت.

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست چەندین راپەڕین و شۆڕشی بەخۆوە بینیوە، بەڵام کەمیان توانیویانە گۆڕانی کۆمەڵایەتی و سیاسی دروست بکەن. وەک عەلی شەریعەتی گوتی گرفتی شۆڕش و راپەڕینەکانی ئەم ناوچەیە ئەوە کە ستەمکار دەگۆڕن لە جیاتی ستەم.

لە ئەدەبیاتدا بە چەندین شێوە مەترسییەکانی ستەمکاریی دوای شۆڕش و راپەڕینەکان نیشاندراوە. نووسەری بەریتانیی (جۆرج ئۆرویل) لەساڵی 1944 ڕۆمانێك دەنووسێت بەناوی (كێڵگەی ئاژەڵان) Animal Farm پاش رێگرییەكی زۆر لە ساڵی 1945 لە بەریتانیا بڵاودەبێتەوە، رۆمانێكی مێژووی سیاسییە، ئەم رۆمانە باسی شۆڕش و دوای شۆڕش دەكات لە زمانی ئاژەڵانەوە. هەرچەندە ئەم رۆمانە گوزارشتە لە شۆڕشی ئۆكتۆبەری 1917ی روسیاو دواتر هاتنە سەر كاری ستالین‌و كوشتنی ملیۆنان كەس بەناوی شۆڕشەوە. بەڵام ئەم رۆمانە وێنادەكرێت بۆ گشت شۆڕش و راپەڕینەكانی دونیا. لە كێڵگەی ئاژەڵاندا چەندین ئاژەڵی وەك  (بەرازو مەڕو بزن و كەرو ئەسپ‌و ماین و مریشك و قەلە رەش) دەژین، بەرازێك خەون بە شۆڕش و رزگار بوون لە دەستی مرۆڤ دەبینێت و دواتر بۆ بەرازەکانی دەگێڕێتەوەو دەمرێت. دواتر ئەو خەونە دێتەدی و ئاژەڵەكان شۆڕش دژی خاوەنی كێڵگەكە دەكەن كە مرۆڤەو دەست بەسەر كێڵگەكەدا دەگرن. دوو لە بەرازەكان رابەرایەتی شۆڕشەكە دەكەن، بە رۆیشتنی رۆژگار هەنگوینی دەسەڵات بەرازەكان بەرەو فەرمانڕەوایی و ستەمكاریی و گەندەڵیی دەبات، بەناوی خیانەتەوە دوو بەرازەكە یەكتر تۆمەتبار دەكەن و دواتر بەرازێكیان لە كێڵگەکە دەردەكرێت و تاكە بەرازێك رابەرایەتی كێڵگەكە دەكات، ئەمەش هەرچی حەرامە حەڵاڵی دەكات بەتەنیا بۆ بەرازەكان، بەرازەكان بنەماكانی شۆڕش پشتگوێ دەخەن. ئاژەڵەكانی تریش بێ ئیرادەن و تا مردن دەبنە كۆیلەی بەرازەكان‌و خۆزگە بە سەردەمی پێش شۆڕش دەخوازن. ئۆرویڵ نیشانمان دەدات گوڕینی دەموچاوەکان گرنگ نییەو نابێت بە ماسکەکان بڕوابکەین.

نیکۆلای گۆگۆل رۆماننووسی روسی ساڵی 1842 چیرۆکێکی نووسیوە بەناوی (پاڵتۆ) The Overcoat، ئەم چیرۆکە کاردانەوەی زۆری هەبووە تا ئێستاش، بۆیە دۆستۆیفسکی دەڵێت هەموومان لە پاڵتۆکەی گۆگۆلەوە هاتوینەتە دەرەوە. ئەکاکی پاڵەوانی چیرۆکەکەیەو لە بەڕێوەبەرایەتیەکی حکومی فەرمانبەرە، ئەکاکی خاوەنی پاڵتۆیەکی کۆن‌و شڕەو ناتوانێت بیگۆڕێت، لەسەر ئەم پاڵتۆ شڕەی دەبێتە گاڵتەجاڕیی هاوڕێکانی. لەژێر ئەم گاڵتەجاڕییەدا ئەکاکی ئەم پاڵتۆیە دەگۆڕێت‌و پاڵتۆیەکی نوێ بە دروستکردن دەدات لەکاتێکدا ئەکاکی زۆر هەژارە، ئەکاکی پاڵتۆ تازەکە دەپۆشێت و ماوەیەک هەست بەئارامی دەکات، بەڵام شەوێک چەند کەسێک رێگە لە ئەکاکی دەگرن و پاڵتۆکەی لێدەسەنن، ئەمەش خەمێکی قوڵ بۆ ئەکاکی دروستدەکات و دواتر کاربەدەستان بەساردی وەڵامی دەدەنە بۆ دۆزینەوەی پاڵتۆکەی، لە کۆتاییدا ئەکاکی بەم خەمەوە دەمرێت.

ئەم چیرۆکەی گۆگۆل ریالیزم و رەخنەگرانەیەو بە کۆمەڵگا دەڵێت بە رووکەشەکان نەخەڵەتێن، لێرە پاڵتۆ هیمایە بۆ دەسەڵاتی سیاسیی و کاتێک پاڵتۆکە کۆن و شڕ بووە ئەوا دەسەڵات بێکەڵک بووە، دواتر لەڕێگەی شۆڕش و راپەڕینەوە ئەم پاڵتۆیە کە وێنای دەسەڵاتە دەگۆڕێت بۆ پاڵتۆیەکی تازەتر بەڵام لە پاڵتۆ شڕەکە خراپتر دەبێت. گۆگۆل نیشانمان دەدات، کە گومان دروستبکەین بۆ گۆڕانکارییەکان و مەرج نییە گۆڕانکارییەکان لە جەهەنەمەوە بمانبەن بۆ بەهەشت، زۆرکات شۆڕشەکان جەهەنەمێکی گەورەتر دروست دەکەن.

دوای زیاتر لە چارەکە سەدەیەک لە ڕاپەڕین ئەوەی دەیبینین حکومڕانییەکی خراپە، ئومێدەکان هێشتا  یۆتۆپیان و نەتوانراوە کۆمەڵگە خۆشبەخت بکرێت. هێشتا کۆمەڵگە بەدەست نەبوونی بنەما سەرەتاییەکانی ژیان دەناڵێنێت، هێشتا خەڵک کێشەی مووچەو ژیان‌و برسییەتی هەیە. وەک جۆن لۆک گوتی هەر دەسەڵاتێک کۆمەڵگەکەی برسی بکات ستەمکارە. ئێمە بە راپەڕین ستەمکارمان گۆڕی، بەڵام ستەم بەردەوامە.


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن