2062وتار

ئەخلاقی سیاسیی

8/4/2020 12:21:00 PM
ئارام قادر حەمەسور


ھەموو کارێک پێویستی بە ئەخلاق و چوارچێوەیەک ھەیە تا سنووری کارەکەی دیاری بکات، وەک ئەفلاتۆن دەڵێت ئێمە لێرەدا باسی بابەتێکی سادە ناکەین، بەڵکو باسێکی گرنگە کە پێمان دەڵێت دەبێت مرۆڤ چۆن بژییت. کۆمەڵگەکان خاوەنی ئەخلاقی تایبەت بەخۆیانن وەک تایلەر دەڵێت تا ئێستا نەمبینیوە ھیچ کۆمەڵگەیەک بگاتە خاڵی سفر لە ئەخلاقدا.

 سیاسەت لە پێناسە باوەکەیدا بریتییە لە ھونەری ڕێکخستنی کۆمەڵگە، ئەخلاقیش بریتییە لە و ھەڵسوکەوت و ڕەفتارانەی تاک ئەنجامیان دەدات لە کۆمەڵگەدا و کۆنتڕۆڵ و ڕێکخستنی تاکەکانی کۆمەڵگەیە.

ئەخلاقی سیاسی ھەموو ڕەفتار و بڕیار وجووڵەی سیاسییەکان دەگرێتەوە، کە کاردەکەنە سەر کۆمەڵگە و جووڵە درووستدەکات بەباش و خراپ. ئەخلاق بۆ ڕێکخستنی تاک و سیاسەتیش بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە جێگەی تێڕامانی فەیلەسووفان بووە، ھەردووکیان دیاردەی کۆمەڵایەتین چونکە لە ناوکۆمەڵگەدا پیادە دەبن. ئەخلاق لە سەردەمی یۆنانەوە بەرەو ڕێسا و یاساکانی سەردەمی سەدەکانی ناوەڕاست و ڕۆشنگەری و ئێستا ھەنگاوی ناوە، بۆیە ئەخلاق و یاساکان و ئاینیش تێکەڵی یەکتری بوون.

فەیلەسووفان ڕایان جیایە بۆ ئەخلاق و سیاسەت، ئەفلاتۆن و ئەرستۆ ئەخلاقیان بەکاکڵەی سیاسەت داناوە، دادپەروەری لای ئەفلاتۆن و خۆشگوزەرانی گشتی لای ئەرستۆ ئامانجی سیاسەتن و دەچنە چوارچێوەی ئەخلاقی سیاسی.

بەڵام لای ماکیاڤیلی و ھۆبز ئەخلاق کۆتای پێدێت، ماکیاڤیلی بە توندی ئەخلاقی جیاکردەوە لە سیاسەت، لە کتێبی میردا ئامۆژگاری میر دەکات و دەڵێت دەبێت میر ھەموو شتێک بکات لە پێناو خۆیدا، واتا میر ھەموو ھۆکارەکان بگرێتەبەر لە پێناو ئامانجەکاندا، دەبێت میر بەھێزبێت و وابکات خەڵک لێی بترسن نەک خۆشیان بوێت، دەبێت میر فێڵبازبێت و لەیەککاتدا شێر و ڕێوی بێت.

 ھۆبزیش ئەخلاقی دابڕاند لە سیاسەت، باوەڕی وابوو دەبێت پاشا بۆ ئازادی کەسێک ئازادی کەسێکی تر پێشێل بکات، ڕەوایەتی دابوو بە ستەمکاریی پاشا بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگە، ھۆبز گوتی مرۆڤ گورگە بۆ مرۆڤ.

فەیلەسووف  کانت ئەخلاقی بەتوندی بەستەوە بە سیاسەت و گووتی دەبێت کاربەدەستان خاوەنی ئەخلاقی باش بن،  گووتی ئەخلاق مرۆڤ لە ئاژەڵ جیادەکاتەوە، لای کانت چەند کارێکی ئەخلاقی ھەیە بۆ کاربەدەستان وەک داننان بەھەڵە و دەرنەچوون لەچوار چێوە گشتیەکانی کۆمەڵگە و پاساو نەھێنانەوە بۆ کارە نائەخلاقییەکان. ئەمانە ئەخلاقی سیاسین بۆ کاربەدەستان.

ئەخلاقی سیاسی کاتێک بوونی نامێنێت کۆمەڵگە بەرەو ستەمکاری و ئاژاوە و نائارامی دەڕوات چونکە ئاسایشی کۆمەڵایەتی دەکەوێتە مەترسییەوە.

 کاتێک خوێندنەوە بۆ مێژووی سیاسییە دەسەڵاتدارەکانی ئێرە دەکەین چەندان جار کۆتایی ئەخلاقی سیاسیان دەبینین، پێشێلکردنی خۆشگوزەرانی و ئازادییەکانی تاکی کۆمەڵگەی کوردی کۆتایی ئەخلاقی سیاسیمان نیشان دەدات، سیاسیەکان نە خاوەنی دادپەروەرییەکەی ئەفلاتۆن و نە خۆشگوزەرانیەکەی ئەرستۆن! پاساو بۆ کارە نائەخلاقییەکانیان دەھێننەوە و چوار چێوە گشتیەکانی کۆمەڵگە وەک (کانت) گووتی دەبەزێنن.

 بیست و هەشت ساڵی ڕابوردووی سیاسییەکان پێمان دەڵێت ئەخلاقی سیاسی لە چەندین کاتدا کۆتای ھاتووە، خیانەتی نیشتیمانی و مافیاکڕاتی و برسیکردن و خۆسەپاندنی سیاسی و درۆی سیاسی و ھەڕەشە و تیرۆری ڕۆژنامەنوسانی ئازاد، ئەمانە چەندین کاری نائەخلاقی سیاسین.

 کۆمەڵگە بێدەنگەکان  پڕن لەو سیاسییانەی گەیشتوونەتە کۆتایی ئەخلاقی سیاسی و واز لە سیاسەت ناھێنن! کۆمەڵگە ئازاکانیش ڕێگا لە دووبارە بوونەوەی نائەخلاقی سیاسی دەگرن. وەک چەرچڵ گوتی ئەوکارانەی لەدەرەوەی بەڕیتانیا ئەنجامم داون گەر لەناو بەڕیتانیا ئەنجامم دابان، تاکۆتای ژیانم لە زینداندا دەبووم، چونکە زۆربەیان کاری نائەخلاقی سیاسی بوون.

ئێمە تا ئێستاش گیرۆدەی سیاسەت و حکومڕانییەکین کە ئەخلاقی سیاسیی لە ژێر پرسیاردایە. ئەم دۆخە خراپە داراییەی ئێستاش کارێکە دوورە لە ئەخلاقی سیاسیی و عەقڵی حکومڕانی.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن