ئاغای مەیموونەکان
4/9/2023 12:07:00 PM
ئارام قادر حەمەسور
- هۆشیاریی ڕووخێنەری دیکتاتۆرییەتە.
پیرەمێردێک هەبوو،
چەندین مەیموونی لە ژێر دەستیدابوو، خەڵکی ناوچەکە پێیان دەگوت؛ ئاغای مەیموونەکان.
ئاغا هەموو ڕۆژێ
داوای لە مەیموونەکان دەکرد بچنە شاخ و میوە و گیا بهێننەوە. پیرترین مەیمونیشی دەکردە
ڕێکخەرییان.
ئەم ستایلە بە سەر
مەیموونەکاندا چەسپا وەک کولتوورێکی خۆسەپێن، مەیموونەکانیش هیچ هەڵوێستیان نەبوو.
گەر ڕۆژێک کەمتەرخەم بووبان دارکاری دەکران.
ڕۆژێک دوای گەڕانەوە
لە کار، مەیموونێکی بچووک چەند پرسیاری وروژاند. گوتی؛ ئەم درەخت و میوانە پیرەمێردەکە
ڕوواندوویەتی؟ هەمووان گوتیان نەخێر بە سرووشتی ڕوواون. پاشان گوتی؛ ئەی ناکرێت بەبێ
فەرمانی پیرەمێرد بچین میوەکان بچنین؟ گوتیان بەڵێ دەکرێت.
گوتی؛ ئەی بۆچی
خزمەتی ئەم پیرەمێردە بکەین؟ گشت مەیموونەکان بێداربوونەوە و هەستیان بە هۆشیارییەک
کرد.
بڕیاریاندا شەو کاتێ پیرەمێرد دەخەوێت کاری خۆیان بکەن، شەو حەساریان
ڕووخاند و هەڵاتن، گشت میوەکانیشیان برد.
پاشانیش پیرەمێرد کە ئاغای مەیموونەکان یان دیکتاتۆری مەیموونەکان بوو لە برسان
مرد.
-- هەستکردن بە دیکتاتۆرییەت لە دیکتاتۆر
گرنگترە.
ئەمە پێمان دەڵێت
هۆشیاریی تاکەکان و درووستبوونی هێزێکی هۆشیار سەرەتای هەڵتەکاندنی دیکتاتۆرەکانە.
وەک ئەرستۆ گوتی؛ دیکتاتۆرەکان تەمەنیان کوورتە. ئەوەی دیکتاتۆرەکانی ڕاگرتووە گەمژەییە
و کاتێ تاکەکان هۆشیاردەبنەوە مەرگی دیکتاتۆر دەبینن.
گرنگ بوونی دیکتاتۆر
نییە، گرنگ هەستکردنە بە دیکتاتۆرییەت، کاتێ هەست دەکەین دەبێت بەرگی گەمژەیی فڕێبدەین
و هۆشیاریی بکەینە بەرمان. هەستکرد بە ستەمکاریی بەرە و پرسیار و گومان و شۆکبوونما
دەبات، ئەمانەش دەبنە هێزێک و هەڵوێستی تووند درووست دەکەن. هۆشیاریی قەڵغانە و چەکی
هێرشکردنیشە، چونکە گەمژەیی تەمەنی دیکتاتۆر درێژ دەکات و هۆشیارییش کوورتی دەکات.
دیکتاتۆرەکان دەڕۆخێن، بەڵام دەبێ هەمیشە ترسمان لە دیکتاتۆرییەت بێت
لە ئاگاییماندا.