524وتار

پیشەسازی درۆکردن

3/26/2022 3:19:00 PM
ئارام قادر حەمەسور

سۆسیۆلۆژیای سیاسیی پەیوەندییەکانی نێوان دەسەڵاتی سیاسیی و کۆمەڵگە نیشان دەدات، پێمان دەڵێت تاچەند بڕیارە سیاسییەکان کاردەکەنە سەر کۆمەڵگە و کۆمەڵگەش تاچەند ئەم بڕیارانە قبووڵ دەکات یان دژیان دەوەستێت. بەبێ خوێندنەوەی سۆسیۆلۆژیای سیاسیی ناتوانین دەسەڵاتی باش و خراپ و کۆمەڵگەی هۆشیار و خەوتوو لە یەکتر جیا بکەینەوە. کاریگەری دەسەڵات لە سەر کۆمەڵگە و کاریگەری کۆمەڵگەش لە سەر دەسەڵات پێویستی بە خوێندنەوەی سۆسیۆلۆژیی سیاسیی هەیە. چونکە دەسەڵات ئاوێنەی کۆمەڵگەیە و وەک درووستکراوێکی کۆمەڵگە دادەنرێت، دەسەڵاتیش ڕێکخەری ژیانی کۆمەڵایەتییە و  ئەرکی پاراستنی کۆمەڵگەیە.

لەم پەیوەندییەدا دەسەڵات و کۆمەڵگە یەکتری ئاڕاستە دەکەن، دەتوانن یەکتری تەواوبکەن و لە پەیوەندیدان.
کۆمەڵگەی کوردیی لە هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتەکەی یەکتری ئاڕاستە دەکەن. کۆمەڵگەی کوردیی بەگشتی بۆ ڕووداوەکان توانای شۆکبوونی کەمە و هەڵوێستەکانی فراوان نییە، ئەمەش سلبییاتی کۆمەڵگەیە، چونکە کاتێک مرۆڤ شۆکنابێت بەرامبەر ڕووداوە ڕاستەقینە و ترسناکەکان کارەساتە و کۆمەڵگەی بێدەنگ دروستدەکات. وەک ئاتین دۆلابۆتی لە کتێبی (خۆبەکۆیلەکردن)دا دەڵێت "ئەوەی دەسەڵات هەیەتی هیچ نییە جگەلەوەی کۆمەڵگە پێی بەخشیوە". مرۆڤ کاتێک شۆک دەبێت دەتوانێت پرسیار بکات و گوومان دروست بکات و دواتر هەڵوێست وەربگرێت.

ئێمە لە بەردەم دەسەڵاتێک داین کە خەریکی درووستکردنی ڕووداوی درۆیینەیە و پەیوەندی خۆی و کۆمەڵگەی کەرت کردووە، دەسەڵاتێکە بەردەوام خەریکی پیشەسازی درۆکردن و دروستکردنی ڕووداوی ناڕاستە، بەردەوام کۆمەڵگە بەرەو ڕووداوی تازەتر  ئاڕاستەدەکات، لەم کۆمەڵگەیانەدا دەسەڵات بۆمانەوەی خۆی درۆدەکات و ڕووداو دروستدەکات تا مەرامەکانی خۆی بپارێزێت، تا بیرکردنەوەی گشتیی پەرت بکات.

 کاتێک خیانەتی نیشتمانی دەکات یەکسەر ڕۆژنامەنووسێک دەستگیر دەکات، کاتێ ڕۆژنامەنووسێک دەستگیر دەکات  قەیرانێکی تر دەخوڵقێنێت. بەردەوام ڕووداوی درۆ درووستدەکات بۆ شاردنەوەی شکستەکانی و خافڵاندنی خەڵک، ئەمەش جۆرێکی دیماگۆجییەتە.

دەسەڵاتێک پیشەسازی درۆکردنی هەیە و لە کۆمەڵگەیەکیشدایە کە شۆکنابێت، ئەمە ترسناکترین کۆمەڵگەیە. لەم جۆرە کۆمەڵگەیەدا دەسەڵات خۆشبەختە و تەمەنی درێژە. دەسەڵاتێک هیتلەر ئاسا بەردەوام درۆ دەکات و درۆدەکات، درۆ دەبێتە ڕاستی و کۆمەڵگەش شۆکنابێت.

ئێمە ڕووداوەکانی دوێنێ لە بیر دەکەین و دەسەڵاتیش کارگەی درۆکردن و ڕووداوی داناوە، قەیران بە قەیران دەشارێتەوە تا هۆشیارییەکی گشتی درووست نەبێت.
کاتێک هۆشیاریی درووست بوو دەبێتە شۆکبوون، دواتر شۆکبوون دەبێتە هەڵوێست و فشار دەکاتە سەر دەسەڵات. کەی کۆمەڵگە شۆکبوو دەسەڵات تەمەنی کورت دەبێت و پیشەسازی درۆکردن دەروخێت، ئەگەرنا ئێمە بەدەست دەسەڵاتەوە یاریمان پێدەکرێت، لە ڕووداوێکەوە دەمانداتە دەست ڕووداوێکی تر. کاتێک ئەمە بوو بە کولتوور دەسەڵاتێکی دیکتاتۆر و کۆمەڵگەیەکی مێگەلی دەچەسپێت. ئێمە ئێستا کاغەزێکین بای درۆکانی دەسەڵات بەکەیفی خۆی یاریمان پێ دەکات و گێژی کردووین.

لە ڕووی سۆسیۆلۆژیای سیاسییەوە ئەم دەسەڵاتە دەبێتە دەسەڵاتێکی خۆسەپێن و یاری بەکۆمەڵگە دەکات، لە کۆتاییدا هۆشیاریی سیاسیی بەهێزی کۆمەڵگە ئەم دەسەڵاتە دەوەستێنێت و کۆتایی بە کارگەکانی پێشەسازی ڕووداوە درۆییەنەکانی دەهێنێت.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن