542وتار

سەردەمی پاشا و فیلەکان

1/22/2022 4:37:00 PM
ئارام قادر حەمەسور


پاشاکانی ڕۆم ئێواران لە قەراخی شار خوانێکی گەورەیان ساز دەکرد بۆ خەڵک، خووانێکیان سازدەکرد لەنێوان پاشا و کۆیلە ئاساکان. خەڵک خەریکی خواردن و خواردنەوە بوو، پاشان هاواریان دەکرد؛ بژیی پاشا.


بێئاگا لەوەی ئەم خواردن و خواردنەوەیە هی خۆیانە و پاشا دزیویەتی و بەشێکی کەمیان پێ دەدات.


بۆیە نیرۆنی پاشای ڕۆم(٥٤-٦۸ز) دوای سووتاندنی ڕۆما بە مۆسیقا ژەنینەوە و دایکی خۆی کووشت و هەزاران کەسی لەناوبرد، کورسی پاشایەتی لە سەر کەلـلە سەری کوژراوەکان دانا، بەڵام هەر پیرۆز بوو. دوای مردنی خەڵک ڕەشپۆش بوون و دڵیان تەنگبوو بۆ نیرۆن.


ئەمەیە نەریتی پەرستنی دیکتاتۆر، ئەمەیە میگەل کە پۆپۆلیزم و دیماگۆجی دەیسوڕێنێت. وەک ئاتین دۆلابۆتییە لە کتێبی (خۆبەکۆیلەکردن)دا گوتی؛ ئەوەی دیکتاتۆری ڕاگرتووە خەڵکە، بۆ ڕووخانیشی پێویست بە شۆڕش ناکات تەنیا پشتی مەگرن و ئازاد بن.

فیلێک یەک فەردە شەکری دزی


مێروولەیەک یەک دەنکە شەکری دزی. بوو بەهەرای ڕاگەیاندن، تا ڕۆژنامەکان نووسییان مافیای شەکردزین دەستگیرکرا.
بەراستی مێروولە درایە دادگا بە تۆمەتی دزینی فەردە شەکرەکە، بەڵگەی تاوانبارکردنیشی دەستبەسەرداگرتنی ئەو دەنکە شەکرە بوو کە لای بوو.


بێگومان فەردە شەکرەکە لای فیل بوو، کەس نەیبینی بوو چونکە لە شوێنێکی بەرز لەسەر پشتی خۆی شارد بوویەوە، تەنانەت ئەگەر بشیان بینیبا کەس ئازایەتی ئەوەی نەدەکرد کە دەستی بەسەردا بگرێت و فیل دەستگیر بکات.


مێروولە لە پێناو هێنانەدی دادگەریی و دادپەروەریی و پاککردنەوەی کۆمەڵگا لە دزەکان، دادگایی کرا و سزا درا.


فیلیش لەسەرەتای هەموو ڕەمەزانێک دنکە شەکران لە فەردە دزراوەکە وەک خێرات دابەش دەکات بەسەر هەژار و نەداران، هەموو کەسێک دوعای تەمەن درێژی بۆ دەکەن و شاهێدی بۆ دەدەن کە کەسێکی بەخشندەیە و ئاگای لە بارودۆخی هەژاران هەیە، هەموویان ئەوەیان لەبیر کردووە کە تاونباری گەورە و دزی فەردە شەکرەکە  ئەو بووە نەک مێروولەی داماو.


 وەک ئەحمەد مەتەڕ دەڵێت: کاتێک شکاتمان لەدزێک کرد، دادگا بەبیانووی سووکایەتیکردن بەڕەمزێکی وڵات دەستگیریکردین.

 بەڵام بۆمیللەتی ناهۆشیار هەر فیلەکان ڕاستن و خاوەنی چاکە و خێراتن.

دەسەڵاتی کوردیش نەوت و غازی نیشتمانی هەڕاج کردووە، بەڵام ناتوانێت بەرمیلێک نەوت بداتە هاونیشتمانیان، گەر بەرمیلێک نەوتیش بدات مانگێک لە ڕاگەیاندن ئاوازی چاکەخوازیی  بۆ دەژەنن. سەردەمی پاشا و فیلەکان سەردەمی گرگنکردنی کۆمەڵگەیە، سەردەمی نەمانی ئەخلاقی سیاسییە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن