419وتار

دەنگدانی ئەمڕۆ یەکلاکەرەوە دەبێت

1/6/2021 10:20:00 AM
هیوا سەید سەلیم


بە هەڵە لەو ناونیشانە مەگەن، مەبەستم دەنگدانی پەرلەمانی کوردستان نیە بۆ وەزیری سامانە سروشتیەکان، ئەوەیان بە ڕای بەندە هیچ لە وەزعەکە ناگۆڕێت، مەبەستمە باس لە هەڵبژاردنی ئەمڕۆی ئەمەریکا بکەم.

ئەمڕۆ ٦ی کانوونی دووەم هەڵبژاردنی ویلایەتی جۆرجیا بۆ دوو ئەندامی ئەنجومەنی پیران دووبارە دەکرێتەوە، دەنگدانی ئەمڕۆ بۆ دەسەڵاتی سەرۆکی ئەمەریکا یەکلاکەرەوە دەبێت.

لە هەلبژاردنی ٣/١١ کە لە ویلایەتی جۆرجیا ئەنجام درا، دەنگی دوو بەربژیری دیموکراتەکان لەگەڵ دەنگی دوو بەربژێرەکەی کۆماریەکان تەنیا ١٤ هەزار دەنگی زیاتر بووە بۆیە هەلبژاردنەکە دووبارە کراوەتەوە.

ئەمڕۆ کە جارێکی دیکە جۆرجیا نوێنەری خۆی بۆ ئەنجومەنی پیران هەڵدەبژێرێت ئەگەر دیموکراتەکان بیبەنەوە پێکاتەی ئەو ئەنجومەنە دەبێتە ٥٠ بە ٥٠ بۆ دیموکرات و کۆماریەکان ئەوسا بە پێی دەستوور جێگری سەرۆک کامالا هاریس دەبێتە سەرۆکی

 ئەنجومەنی پیران و دیموکراتەکان دەبنە خاوەنی دەنگی زۆرینە .
بەڵام ئەگەر پێچەوانەی ئەمە کۆماریەکان بیبەنەوە، ئەوسا دەنگی کۆماریەکان لە ئەنجومەنی پیران دەگاتە ٥٢ لە کۆی ١٠٠ دەنگ، واتا زۆرینە بەدەست کۆماریەکان دەبێت.

بە بەدستهێنانی دەنگی زۆرینە لە لایەن کۆماریەکان، ئیتر دەبێت سەرۆکی ئایندەی ئەمەریکا جۆ بایدن کە لە دیموکراتەکانە بۆ هەر رێکەوتنامەیەک و بڕیارێکی گرنگ تەوافق لەگەل کۆماریەکان بکات ئەگەرنا دەتوانن کێشەی بۆ درووست بکەن.

بۆیە دەتوانین بڵێین دەنگدانی جۆرجیا  بڕیار لەسەر دەسەڵاتی سەرۆکی ئەمەریکا دەدات.

شایانی باسە لە هەلبژاردنی گشتی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کە هەر چوار سال جارێک ئەنجام دەدرێت، دەنگدان بۆ هەردوو ئەنجوومەنی نوینەران و پیرانیش دەکرێت، ئەنجومەنی پیران کە لە سەد سینات پێک دێت هەر ویلایەتێک بە یەکسانی دوو نوێنەری دەبێت، بەبی ڕەچاوکردنی گەورەیی و بچوکی ویلایەتەکە، و لە دوو ساڵی یەکەمی تەمەنی ئەنجومەنی پیران کە تەمنەکەی شەش ساڵە سێ یەکی هەڵبژاردنی بۆ دەکرێتەوە.
ئەنجومەنی پیران بەپێی دەستووری ئەمەریکا دەسەڵاتی فراوانی هەیە، بۆیە گرنگە بەیانی دیموکراتەکان بیبەنەوە.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن