424وتار

بەغدا بۆ لە هەرێم بێمنەتە؟

2/5/2021 10:30:00 AM
هیوا سەید سەلیم


  لەگەڵ ئەوەی عێراق لە بارۆدخێکی یەکجار خراب دایە، لە ئاستی ناوخۆ کێشەی سیاسی زۆری هەیە، لە بواری ئابووری قەرزێکی گەورەی لەسەر کەلەکە بووە، ئەویش زیاتر بەهۆی شەڕی داعش،  و لێکەوتەی پەتای کۆرۆنا،  و دابەزینی بەهای نەوت،  لە پاڵ هەموو ئەمانەشدا بڵاوبوونەوەی دیاردەی دزی و گەندەڵی هیندەی دیکە ئابووری عێراقی داڕماندووە و لە ئێستادا عێراق لە ریزی وڵاتە قەرزارەکانە.

 بەڵام لەگەڵ هەموو ئەو قەیرانانەشی کە بەغدا تێیکەوتووە، هێشتا لەبەرامبەر چارەسەری کێشەکاندا لەگەڵ هەرێمی کوردستان بێمنەتە، و تا دێت فشارەکانی لەسەر هەرێم زیاتر دەکات.
کەچی تا ئێستا دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە خۆیان نەپرسیوە کە ئایا نەهێنی بێمنەتی بەغدا لەبەرامبەر هەرێمی کوردستان چیە؟
وەڵامی ئەو پرسیارە نە هێندە زەحمەتە،  نە شیکاریکی واشی دەوێت کە نەتوانرێت بچیتە بنج و بنەوانی ئەو بابەتە.

هەرێم و ناوەند لە دوای پڕۆسەی ئازادکردنی عێراق بە هەردوو شێوازی ململانێ و هاوکاری تێپەڕیون، تا ئەو ساڵانەی دوایی هەردوو دەورگێڕەکە ململانێکانیان نە گەیشتبووە قۆناغی سفڕی، واتا لە نێو یاریەکەدا هیچیان کاری بۆ سفڕکردنی ئەوی دیکە نەدەکرد، بەڵام لە ئێستادا ناوەند کار بۆ گۆڕینی شێوازی یاریەکە دەکات، بە شێوەیەک کە دەستکەوتەکانی لەسەر حسابی سفڕکردنی بەرامبەرەکەی بێت.

 لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠دا،  لە کاتی دەنگدان لەسەر یاسایی پڕکردنەوەی قەرز لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق،  لایەنەکانی دیکەی غەیرە کورد پەیامێکی روونیان دایە کورد، کە بریتی بوو لە پەیامی پشتکردنە سازان، و تێپەڕاندنی یاساکان لە چوارچێوەی یاری زۆرینە و کەمینە.

 لەو کۆبوونەوەیەدا زۆرینەی ناو ئەنجومەنی نوێنەران کە پێکهاتبوو لە لایەنە شیعە و سونە و تەنانەت بەشێکی بپێکهاتەکانی دیکەش،  ئامادەنەبوون بچنە ژێرباری ناڕەزایی و بایکۆتی فراکسیۆنە کوردستانیاکان،  بگرە یاسای قەرزیان  بە زۆرینە تێپەڕاند.  لەو رۆژەوە تا ئەمڕۆ ئەوان کار لەسەر ئەو کارنامەیە دەکەن، بە تایبەت لە ئێستادا کە ئەنجومەنی نوێنەران خەریکی ئامادەکاری تێپەڕاندنی بودجەی ساڵی ٢٠٢١، ئەگەر بە هەمان بیرکردنەوە کار بکەن بۆ هەرێمی کوردستان مەترسیدار دەبێت.

لە  ئێستادا پەیامی ناوەند لە شیعە و سونە و شەقامی عەرەبیش بریتیە لەوەی هەرێم جارێکی دیکە بەبێ ڕادستکردنی نەوت دەستی لە  شایستە داراییەکانی گیرنابیتەوە، ئەمەش بەرهەمی ناکۆکیەکانی نێوان ناوەند و هەرێم لە لایەک وغیابی متمانەیە لە نێوان هەردوولا.
بۆیە کاتێک ئەوان لەسەر ئەو کارنامەیە رێکدەکەون، وشەقامی عێراقی بۆ ساز و ئامادە دەکەن ، لە بەرامبەر ئەو ئاڕاستەیەی ناوەند هەرێمی کوردستان ئەو کارتە بەهێزەی نیە کە وەک ئەوان بەیەک ئاڕاستە و سیاسەت و بیرکردنەوە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکات.

 هەر ئەوەشە وا دەکات  کە ناوەند لە هەرێمی کوردستان بێمنەت بێت، گومان دەکرێت کە بەغدا نەک هەر ناچێتە ژێر باری داواکانی هەرێم،  بگرە رۆژ بەرۆژ فشارەکانی لەسەری توندتر بکات،  و ئاستی داخوازیەکانی بەرزتر بکاتەوە.

هەموو لایەک دەزانین ئەوەی ئێستا لە نێوانی هەرێم و ناوەند دەگوزەرێت شەڕێکی دەستوری و سیاسیە، دەستوریە بەوەی تا ئێستا زۆر خاڵی ناکۆک لە نێوان هەردوولا تەفسیری جیای بۆ دەکرێت، بە تایبەت ماددەکانی( ١١١ ، ١١٢)  دەستور کە باس مافی هەرێم و پارێزگاکان لە سەروەتی نەوت و غاز، و چۆنیەتی مامەڵەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەند دەکات.

ئەوەی کە وەک رەخنەیەک ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان دەکرێت ئەوەیە نەک هەر لە ماوەی ساڵانی دوای پڕۆسەی ئازادی عێراق لەو شەڕە دەستوریە سەرکەوتوو نەبووە، بگرە لە ئاستی ناوخۆش نموونەیەکی جوانی پێشکەش نەکردووە تا ببێتە جێگرەوەی رێکنەکەوتن لەگەڵ بەغدا.

دوا جار دەڵێین ئەگەر هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەو شەڕەی لەگەڵ بەغدا سەرکەوێت،  و دەستی لە شایستە دەستوری و داراییەکان گیربێت،  دەبێت لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەست پێبکات.

ئەویش بە هەنگاونانی پڕاکتیکی بۆ چاکسازی راستەقینە، و کارکردن بۆ زامنکردنی هاوهەڵوێستی سیاسی نێوان لەیەنە سیاسیەکان بە گشتی و لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت بە تایبەتی، و گێڕانەوەی متمانەی لەدەست دراوی خەڵکی کوردستان بە خۆیان، چونکە دەبێت بزانرێت بەبێ ئەمانە ناوەند هەمیشە لە هەرێم بێمنەت دەبێت،  وئامادە نابێت کێشەکانی لەگەڵ هەرێم چارەسەر بکات،  بگرە دەبێت چاوەڕوانی خرابتریش بکەین.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن