گرفت لە نرخی نان و سەموون نیە بگرە .....
1/7/2024 1:26:00 PM
هیوا سەید سەلیم
چەند
رۆژێک بابەتی هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون بۆتە هەواڵی میدیاکان بابەتی کۆنگرەی
رۆژنامەوانی بەرپرسان، هەموومان دەزانین دابەزاندنی نرخی هەر کاڵایەک خزمەت بە خەڵک
دەکات، بەڵام کێشەکانی خەڵکی کوردستان بە دابەزاندنی نرخی نان و سەموون چارەسەر
ناکرێت، چونکە کێشەی خەڵک لەو پارەیە کە سەموون و نانی پێدەکڕێت، نەک نرخەکەی، خەڵک
لە ئێستادا ئەو پارەی دەستناکەوێت، چونکە
حکومەت لە کاتی خۆیدا مووچەی پێنادات، جا ئەگەر خەڵک پارەی نەبوو با سەموون و نان
هەر هەرزان بێت، ئەوەیان چەندی بەچەندی ؟
نازانرێت کێ ئەو پێشنیارەی بۆ حکومەت کردووە، بۆچی تەکبیرکەرەکانی حکومەت باسیان لەو
سێ مووچەیە نەکردووە کە تا ئێستا چارەنووسی بە شاراوەیی ماوەتەوە.
باشتر بوو حکومەت لە جیاتی ئەو بڕیارە هاتبا نرخی سسوتەمەنی بۆ نانەواکان
هەرزانکردبا، یان پشتیوانی کردبان لە دابینکردنی سووتەمەنی و کارەبا، ئینجا دەیبینی
کە چۆن بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نان و سەموون هەرزان دەبوو، ئەوسا حکومەت پێویستی بەو
دەنگ ودۆرە نەدەبوو کە ئێستا بۆ دابەزاندنی نرخی نان و سەموون لێیدەدات.
لە هەرێمی کوردستاندا دەمێکە باس لەو دەکەرێت
کە گرفتی ئەو دەسەڵاتەی لە نەبوونی ڕاوێژکاری
باش دایە، بە تایبەت کە خۆیان دوورن لە کێشەکانی
خەڵک ئەوان لە دۆڵیکن و خەڵکیش لە دۆڵێکی دیکە.
ئەو بڕیارەی حکومەت رێک وەک قسەکەی
(ماری ئەنتوانێت) شازنی فەرەنسا وایە. دەگێڕنەوە لە رۆژانی شۆڕشی فەرەنسادا کاتێک جەماوەری ڕاپەریوو دەرگای کۆشک لە پاشای
فەرنسا دەگرن، ماری ئەنتوانێتی شاژن دەپرسێت :-
" ئەرێ ئەو خەڵکە چیان دەوێت ئەو دەنگە دەنگ
و هەڵایەیان لە چییە و بۆچی وا ڕاپەڕیوون؟"
- خەڵک نانی دەستناکەوێت لە پرسان ڕاپەریووە.
وا وەڵامی شاژن دەدرێتەوە. هەر بۆیە شاژن کە هیچ ئاگای لە کێشەکانی خەڵک نیە وەک
شازادەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان دەڵێت:- "خەڵک ئەگەر نانی نیە با بچن بسکویت
بخۆن"
هەر پەیوەندار بە نرخی نان، دەگێڕنەوە جارێکیان عەبدولکەریم قاسم کە دوای کودەتاکەی ساڵی ١٩٥٨
و کۆتیهێنان بە دەسەڵاتی پاشایەتی لە عێراق هێنابوو، رۆژێک بە مەبەستی ئاگاداربوون لە ڕەوشی بازاڕ و
گرفتەکانی خەڵک بە نەهێنی سەردانی ناو بازاڕ دەکات، لە کاتی سەردانی نانەوخانەیەک
دەبینێت وێنەیەکی گەورەی ئەو لە نانەواخانەکە هەڵواسراوە،لە بەرامبەردا دەبینێت کێشی
گوتکەکانی نان زۆر بچووکراونەتەوە، دیارە نانەواکە پێی وابووە ئەگەر وێنەی سەرۆک
وا بە گەورەیی هەڵبواسێت، کەس لەسەر
بچووکردنەوەی سەموونەکان لێی ناپێچیتەوە. بۆیە عەبدولکەریم قاسم بە نانەواکە دەڵێت:-
" ئەوە وێنەیە بچووک بکەوە بەڵام کێشی ئەو گوتکە هەویرانە زیاد بکە".
هەر بۆیە دەبێت بە بەرپرسانی حکومەتی هەرێم
بگووترێت، مووچەی خەڵک لە کاتی خۆی دابەش بکەن، مافی مووچەخۆران لە بەرزکردنەوەی
پلەی وەزیفی زەوت مەکەن، باج و سەرانە لەسەر کاسباکاران کەم بکەنەوە کە خەیاڵی
زیادتانکردووە ، لەوە زیاتر بۆ خزمەتگوزاری ودابینکردنی هەلی کار جیاوازی لە نێوان چین و توێژەکان مەکەن،
ئەوسا نەک تەنیا نان بگرە سەرجەم کاڵاکان هەرزان
دەبن و خەڵک دەستی لە مافی خۆی گیردەبێت.