یاسا وەک درۆکردنە ئەگەر سەروەرنەبوو هەموو خراپیەکی بەدوادا دێت
2/18/2021 2:46:00 PM
پێشڕەو بابەشێخ
یاسا بۆ ڕێکخستنی ژیانی تاکەکان و ڕێکخستنی ژیانی
کۆمەڵگایە نەک بۆ تێکدان و تێکچونی ژیانی کۆمەڵگا و پێشێلکردنی ماف . هەر لەزوەوە
و لە بەرەبانی مێژووی مرۆڤایەتی فەرمانڕەواو دەسەڵات بەدەستانی گەل و کۆمەڵگا جیاوازەکانی
دنیا لەسەرجەم ناوچە جیاجیاکانی ئەم گەردونە بۆ ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵگاکانیان و بۆ
بەدیهێنان و دابینکردنی ژیانێکی هاوسەنگ و دوور لە چەوساندنەوە و دەستدرێژی کردنی
تاکەکانی کۆمەڵ بۆ سەر یەکتر هەوڵیان داوە کۆمەڵێک بڕیاروفەرمان دەربکەن کە شوێنی یاسایان
گرتۆتەوە . ئەگەر چی ئەم فەرمان و بڕیارانە یاخود یاسایانە بە بەراورد بە سەردەمی
ئێستای مرۆڤایەتی ناجۆروناتەواو و دواکەوتوبون، بەڵام بۆ سەردەمی خۆیان و بۆ ئەوکاتی شێوازوژیانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی و پێکهاتەو
دابەشبونی چینەکانی کۆمەڵگا، وەرچەرخانێکی
گەورە بوە و داهێنانێکی نوێ بوە بۆ ڕێکخستنی ژیانی کۆمەڵگاکانیان، چونکە
یاسا؛ ئاسمانی بێت یا سروشتی، مەدەنی بێت یا سەربازی بۆ پاراستنی مرۆڤ و
سروشت و گیانداران بوە لە دەستدرێژی
و پاراستنی ماف بوە نەک چەوساندنەوە و دەستدرێژی
کردن بۆ سەر یەک.
بەداخەوە ئەوەی
ئێستا لە لەم هەرێمە پیادە دەکرێت دوورە لە هەموو ئەو یاسایانەی بۆ ڕێکخستنی ژیانی
کۆمەڵگا و پاراستنی مافی تاک دانراون . یاساکان وەک خۆیان جێبەجێ ناکرێن بەڵکو وەک
ئەوەی دەسەڵات بەدەست و خاوەن نفوزی سەربازی و دارایی دەیانەوێت جێبەجێدەکرێت. لە باشوری کوردستان یاخود (کوردستان / عێراق) دەبوو
شانازی بە یەک لە نمونە هەرەجوان و شارستانیە کۆنەکانی عێراقی کۆن لە بواری یاسادا
بکەین، یاخود شانازی بە هاوبەشی بونمان لە
شارستانیەتی میزۆپۆتامیا بکەین کە (یاساکانی حاموڕابی ) بەشێکی گرنگی ئەم شارستانیە
هاوبەشەن . ئێمە نەک نەمانتوانیوە درێژە پێدەری
بین بە لایەنە جوان و سەردەمیانەکەی،بەڵکوو بوین بە بار بەسەر یاساکانەوە و پێشەنگین
لە پێشێلکردن و ناشیرینکردنی یاساکانی سەردەم و ئەو یاسایانەش کە خۆمان دروستکەریانین
و ناشیرینکردنی دەسەڵات و حوکمداریشی بەدوای خۆی هێناوە، چونکە سەروەربوونی یاسا دەسەڵات و حوکمەتداری
جوان و ڕەشید دەکات وەک چۆن ڕاستگۆیی مرۆڤ جوان و خۆشەویست دەکات .
یاسا سەروەری سەرچاوەی ژیانێکی ئارام و خۆشگوزەران
و پڕ لە بەختەوەریە بۆ تاکەکانی کۆمەڵ و هۆکارێکە بۆ خۆشەویستی تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ
یەکتر لەلایەک و بۆ دەسەڵات و وابەستەبوون و تەنانەت وەلائی هاونیشتمانی بۆ خاک و
نەتەوەو نیشتمان لە لایەکی تر . بە پێچەوانەشەوە
کاتێک یاساکان لە پێناوی چەند کەس و چەند گروپێک دەردەچن و تەنانەت هەر بۆ بەرژەوەندیەکانی
ئەم کەس و گروپانە جێبەجێ دەکرێت و بۆ مانەوەی زیاتر و دەوڵەمەند بونی زۆرتری ئەم
کەس وگروپانە و بەدەسەڵاتەکان بێ دەسەڵاتەکان زیاتر دەچەوسێننەوە مانای وایە خودی یاساکانیش
ناشیرن و چەوسێنەر دێنە بەرچاو .
کاتێک لە هەرێمێک یاسا سەربەخۆ و سەروەرە ئەم هەرێم
و حکومەتە وەک مرۆڤێکی ڕاستگۆ دێتە پێش چاو کە پەنجەی ڕێزوخۆشەویستی کۆمەڵگای بۆ ڕادەکێشرێ
بە پێچەوانەشەوە سەربەخۆ نەبون و ناسەروەری یاسا وەک مرۆڤێکی ناڕاستگۆیە کە جگە لەوەی
قێزەون و بێزراوە ئامادەی ئەنجامدانی هەر کارێکی خراپی ترە کە بەدوای خۆیدا بهێنێت.
سەروەری یاسا بۆ حوکمڕانی و ڕاستگۆیی بۆ مرۆڤ دوانەی دانەبڕاون
وەک چۆن درۆکردن سەرچاوەی نەهامەتی و هەڵەی یەک
بەدوا یەک و دوور لە بەها کۆمەڵایەتیەکان و کاری نەشیاو و دوور لە مرۆڤایەتی بۆ
تاک دەهێنێت بە پێچەوانەشەوە ڕاستگۆیی دووری دەخاتەوە لە هەموو خراپەکاریەک و کارێکی
ناڕەواو نامرۆڤانە و قیبلەنمایەکە بۆ ڕێگای
ڕاست و دروست .
نمونەکەی شێخ عەبدوالقادری
گەیلانی و دایکی لە سەر ڕاستگۆیی نمونەیەکی جوانە، ( کاتێک شێخ عبدالقادر لە تەمەنی منداڵی بەرەو
بەغداد دەچێت و تاکە داوا کە دایکی لێی دەکات
ئەوەیە کە هیچ کات درۆ نەکات و چۆن بەهۆی ڕاستگۆیی لە ڕوداوێکی ڕێگری بۆ سەر
کاروانەکەیان بە هۆی ڕاستگۆییەکەی کاروانەکە دەپارێزێت و چەتەوڕێگرەکانیش لەسەر دەستی
ئەم واز لەم کارە خراپەیان دێنن و ڕێگای ڕاست دەگرنە بەر ) نمونەیەکی جوان و زیندوە
لەسەر ڕاستگۆیی و ڕێگای ڕاست و گێڕانەوەی خەڵکی خراپەکاریش بۆ ڕێگای ڕاست . ئەگەر ڕێگای
ڕاست دەرگای خراپەکاری بۆ مرۆڤەکان دابخات ئەوا سەروەری یاسا و سەربەخۆبوونی یاساش
هەموو دەرگاکانی دزی و گەندەڵی و پێشێلکاری ماف و تاڵانکاری و دزینی قوتی خەڵک و
قاچاخچێتی و سەرکوتکردن و دەمکوتکردن و زیندانیکردنی بێ هۆکار و جیاکاری دادەخات .
ئەگەر لە
کوردستان یاسا سەروەربێت و دادگاکان سەربەخۆ
بوون و یاسا بۆ هەموان یەک یاسا بێت و بەیەکسانی جێبەجێ بکرێت دەبێت بە ڕاستگۆییەکەی
شێخ عبدالقادری گەیلانی، کە تەنها چاکە بەدوای
خۆیدا دەهێنێت بەڵام بەداخەوە ئەوەی تا ئێستا بەشێکی زۆری گوزەری کردوەو پەیڕەو
کراوە دوور بوە لە ڕاستگۆییەکەی شێخ و پڕیەتی لە ناڕاستگۆیی و سەروەرنەبونی یاساو
پێشێلکاری زۆر و نەبونی مافی سەرەتایی مرۆڤەکانیش .
بۆیەش گەندەڵی،
دزینی سامانی میللەت، قاچاخچێتی، دزی لە داهاتی گشتی، جیاکاری چینایەتی، تەزویر لە هەڵبژاردن و بەکارهێنانی هێزی چەکدار
و بەکارهێنانی ئابوری میللی بۆ خزمەتی دەستەو تاقمێک تا ئێستا لەبرەودایە و هەموو
لایەنە باشەکانی ژیانیش لە پوکانەوە .
هەر کات یاسا سەروەر بوو، هەرکات دادگا سەربەخۆ بوو، هەرکات حزب دوورخرایەوە
لە دادگا، هەرکات دەسەڵاتی قەزائی وەک دەسەڵاتێکی سەربەخۆ کاری کرد، ئەوکات سیستەمێک و دەسەڵاتێک وحوکمڕانیەکە، کە ڕاستگۆییەکەی شێخ عبدالقادری گەیلانی جێبەجێ
بوە و دورکەوتوینەتەوە لە هەموو شتە خراپەکان . ئەوکات بەها کۆمەڵایەتی و یاسایی و کارگێڕی و دەستوری و ئاینی و مرۆڤایەتیەکانیش
پارێزراون و پەیڕەو کراون .