466وتار

باجی پارێزگاری کەرکوکیش بدەین ؟

1/27/2019 1:53:00 PM
پێشڕەو بابەشێخ


دوای بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکانی مانگی ئەیلولی ساڵی  ڕابردوو بۆ پەرلەمانی کوردستان،  بەهەموو ئەو قسەو گومانانەی لەسەر شێوازی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنەکان هەبوون و شێوازو ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەر ولە دواجاریشدا شێوازو جۆری پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن لەلایەن دوو حزبەوە بەو شێوە پڕ لە تەزویر و دورلە دیموکراسیەی هەبوو لەلایەک و کۆبونەوەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ لەلایەکی تر مایەی تێڕامانە . 

ئەوەی لێرە من مەبەستمە قسەی لەسەر بکەم کۆبونەوەی لایەنەکان و شێوازی گفتوگۆو داواکاری دانوستانەکانە . کۆبونەوەوگفتوگۆی نێوان لایەنەکان بە بیر جیاواز و هاوبیرەوە شتێکی جوانی دنیای سیاسەتە، گەیشتن و نەگەیشتن بە ئەنجام هۆکاری شێوازی داواکاری و بەرەو پێش چونی گفتوگۆی نێوان ئەو لایەنانەیە کە پێی وایە سەرکەوتن لە جێ بەجێ کردنی زۆرترین بەرنامە سیاسیەکەیەتی . کە ئەمەشیان گفتوگۆی سەرکەوتو و لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە دەست بەردار بوون لە بەشێکی کەم و بەدەست هێنانی بەشێکی زۆر لە داواکاری مسۆگەر دەکات . 

هەر تاکێکی دانیشتوی هەرێم دەکرێت چەند پرسیارێک بخاتە ڕوو لەسەر شێوازی کۆبونەوەکان و شێوازی داواکاریەکان لەلایەن هەریەک لە لایەنە جیاوازەکان :

٭ ئایا داواکاری بۆ جێکردنەوەی بەرنامە و زەمانەتی جێ بەجێکردنی لە داهاتوو بۆ خزمەتی تاک لە کۆمەڵگادا ساناتر و خێراتر بەرەو خاڵی هاوبەشت نابات ؟ لە بەرامبەر ناکۆکی و وەک خۆ مانەوە لەو شێوازەی لە ڕابردوو حوکمڕانی پێکراوە . هەر تاکێکی کورد ئامادەیە قوربانی لە پێناوی خاکی نیشتمان بدات (کەرکوک) ئەو شارەیە هەریەکێک لە ئێمە ئامادەی قوربانیدانین، بەڵام ئایا هەمان هەڵوێستمان هەیە لە پێناو پارێزگارەکەیدا ؟ قوربانی دان بۆ پارێزگایەک زۆر جیاوازە لە قوربانی دان بۆ پارێزگارێک . بە درێژایی مێژوو ئەو ڕاستیە سەلمێنراوە هەردەم تاکی کورد هەر بستێکی نیشتمان بە ماڵ و شاری خۆی دەزانێت بێ جیاکاری تەنانەت لە نێوان خودی شاروگوندێکی پارچەیەکی تری کوردستانیش . کەرکوک بۆ مهابادیەک مهابادە و بۆ کۆبانیەک کۆبانێیە ئیتر بۆ باشوریەک هەرچوار پارێزکاکەی هەرێمە . 

٭گەلۆ پارێزگاری کەرکوک چ پەیوەندیەکی بە هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەبوو ؟ ئەی پارێزگاری کەرکوک چ پەیوەندیەکی بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتەوە هەیە ؟ بۆ دەبێت دانانی پارێزگارێک ببێ بەهۆی ڕێکنەکەوتن و دواخستنی پێکهێنانی کابینەی نوێ . ئەو کاتەی پارێزگایەکە ڕادەستی حەشدی شەعبی کرا پرس بەکێ کرا ؟ تەنانەت دانیشتوانی خودی پارێزگایەکەش کە دەربەدەر و ماڵ وێران بوون چ پرسێکیان پێ کرا ؟ 

٭ ئایا بەستانەوەی یەکلاکردنەوەی پارێزگاری کەرکوک بە بەرنامەی کاری گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت چ سودێک بە باشتر بوونی بژێوی ژیانی خەڵک و موچە خۆرانی هەرێم دەگەیەنێت ؟ بە دانانی پارێزگارێکی حزبی،  نەوتی کەرکوک ڕادەستی پەرلەمان دەکات ؟ بژێوی ژیانی هاوڵاتی باشتر دەکات، بۆ مەگەر پێشوتر پارێزگاری کەرکوک کورد نەبوو، بۆ مەگەر ژیانی خەڵکی کەرکوک لە سەردەمی ئەودا باشتربوو ؟ بۆ مەگەر نەوتی شارەکە لە خزمەتی خەڵکی کەرکوک خرابوە گەڕ ؟ زێدەی داهاتی نەوتەکەی دەگوازرایەوە بۆ هەرێم و خزمەتگوزاری پێ دابین دەکرا ؟ 

٭هەڵبژاردن وئەنجامی هەڵبژاردن هەرچۆنێک بوبێت ئەوەیە کە ئێستا مامەڵەی لەسەر دەکرێت، ئیتر بۆ دەبێت ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ببێ بە بەشێک لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، ئایا خەڵک دەنگی دا بۆئەوەی خولێکی تری پەرلەمان و حکومەتێکی نوێی جیاواز لە حکومەتی پێشوو بێتە ئاراوە تا خزمەتی پێبکات و لە بێ موچەیی و کولە مەرگی نەجاتی بێت یاخود هەم دیسان باجی کۆنە قین و دەستەگەری و باڵباڵێنی حزبی بدات ؟

٭ تێکچونی دۆخی کەرکوک بەرهەمی ڕیفراندۆمە کات نەگونجاو ونەهاتوەکەی هەرێم بوو، لەدەستدانی کەرکوک بەرهەمی نەخوێندنەوەی دۆخی هەرێمی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی بوو . نەخوێندنەوەیەک لەلایەن دەسەڵات بەدەستانی هەرێم و بەشەخسی دانی بڕیار و نا دووربینیان بۆ داهاتوو . ئیتر گەلی کورد بە قوربانی دان و خاک بەدەستەوەدان و ئاوارەیی و ماڵوێرانی باجی خۆی دا، ئیتر بۆ دەبێت دوبارە گرێدانەوەیەک بۆ پێک هێنانی کابینەی نوێ بە دۆسیەی پارێزگارێکی حزبی لە  شارێکی کوردی بێتە ئاراوە . ئایا ئەمەش وەک بێدەنگ بون و بێدەنگ کردنی هاوڵاتیان لەسەر سەرجەم نەهامەتیەکانی تر بۆ ئەوانە دەچێتە سەر کە هەر ڕۆژەو بەپێی بەرژەوەندیەکانی خۆیان سیاسەت دەکەن، نەک سیاسەتکردن لە پێناوی گشتی . 

٭ گۆڕینی سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێم گرنگتروکاریگەرترە بۆ ژیانی داهاتوی خۆمان و نەوەکانمان یا کورسی و داتاشینی پۆست بۆ ئەندامانی حزب، ئیتر دەبێت ئەوە لەیاد نەکرێت ئەگەر ڕابردوتان بەو شێوازە هێناوە و بۆتان چۆتە سەر دەبێت لە خەمی داهاتوی خۆتان و هاوڵاتی بن، ڕێژەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان ئاگادارکردنەوەیەک بوو بۆ شێوازی حوکمڕانیتان . بەراوردکاری لە نێوان ڕێژەی بەشداری و هەبونی کورسی دوو شتی لێک جیاوازن و ئەوەمان پێدەڵێت ڕازیبونی هاووڵاتی لە ڕێژەی بەشداری و کەمی ڕێژەی بایکۆت دەردەکەوێت نەک زۆری وبۆری کورسی پەرلەمانی . کۆمەڵگای تەواو لە ئاسودەیی و گەلی بەختیار سەرچاوە دەگرێ نەک ناڕازیبون و زۆری ڕێژەی بایکۆت چونکە لە دواجاردا ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمان نەگۆڕن بەڵام ڕێژەی بەشداری و بایکۆت لە هەڵبژاردنەکان ڕێژەی گۆڕاون و بە دابەزینی ڕێژەی بەشداریکردن بەهۆی دابین نەکردنی بەختیاری بۆ ئەندامانی کۆمەڵگا، کۆمەڵگاکەمان بەرەو کۆمەڵگایەکی ناتەواو هەنگاوی خێراتر دەنێت . 

٭ ناکۆکی پێک نەهێنانی کابینەی نوێ و نەگەیشتن بە ئەنجام لەسەر بەرنامەی کاری حکومەتی داهاتوو بۆ خزمەتیگوزاری لە بەرژەوەندی هاوڵاتی هەرێم دایە یاخود جیاوازی لە سەر وەرگرتنی پۆست و بەرکەوتەی زیاتر ؟ ئایا دەکرێت منێکی هاوڵاتی باجی ململانێی وەرگرتنی پۆستێک بدەم کە دەنگم بۆی نەداوە، مافی خۆمان نیە بپرسین بۆ دەبێت پۆستی پارێزگارێک تێکەڵ بە بەرنامە و کارنامەی حکو مەتی داهاتوو بکرێت کە خودی دانیشتوانی ئەو پارێزگایەش سودیان لە شێوازی بەڕێوەبردن نەبینیوە تا ئەوەی دانیشتوانی هەرێم سود لە ئابوریەکەی ببینن . پارێزگارێک لە ژێر هەیمەنەی دەسەڵاتی فیدڕاڵی دەتوانێت چی بە نەتەوە و نیشتمانێکی ژێر دەستەی بێ دەسەڵات ببەخشێت ؟

ئەگەر بڕیارە پاکێجی تری تایبەت بە عێراق و هەرێم تێکەڵ بە بەرنامەی کاری حکومەتی داهاتوو بکرێت، ئەگەر پۆستە سیادی و بەرزەکانی عێراق تێکەڵ بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن،  پابەندبوون بە یاسای پەسەندکراوی بودجەی فیدڕاڵی بکەن بە باشترین کارنامەی خۆتان، چونکە بە پەسەندکردنی بودجەی عێراق ڕێگاکان ئاسانتر و کراوەترن بۆ خزمەت و خزمەتگوزاری، دەکرێت ببێ بە دەرفەتێک بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی خزمەتگوزار، کارێک هاتۆتە پێش ئاسانتر  جێ بەجێ کردنی ڕەنگڕێژی ئابووری بەدوای خۆیدا بێنێت، ئاسانیەک تەنها لەگەڵ بەغداد تێکی نەدەنەوەو پابەند بونێکی سادە بەکردار بکەن داواکاریەکی زۆری خەڵک لە موچە و ژیانی ڕۆژانەی بەردەست دەبێت . بە پەسەند کردنی بودجەی عێراقی بەو شێوازەی ئێستا بەشێکی گفتوگۆکانی بۆ ئاسان کردون . ئێستا دەکرێت پابەندبونی حکومەتی داهاتوو بە یاسای بودجەی فیدڕاڵی لە بڕی وەرگرتنی پارێزگارێک و پۆست و پلەیەکی حکومی بکەن بە باشترین پاکێجی پێک هێنانی حکومەت و ببێت بە باشترین موژدەی چاککردنی بژێوی ژیانی خەڵک و باشکردنی باری نالەباری ئابووری تاک لە هەرێم .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن