501وتار

نەوشیروان مستەفا ڕاپەڕینی کرد بە موڵکی هەموان

3/5/2020 10:31:00 AM
پێشڕەو بابەشێخ



یەکەم شۆڕشگێڕ و مێژوونوسە، خاوەندارێتی ڕاپەڕین و شۆڕشی لەمۆرکی کەسی و تایبەتەوە گۆڕی بۆ موڵکی گەل  ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱ بە وەرچەرخانێکی گرنگ و دیار دادەنرێت لە مێژووی خەباتی نەتەوەی کورد بەگشتی و گەلی کوردستان لە باشوری کوردستان بەتایبەت،   ڕوداوێکە بە هۆی گرنگی و لێکەوتەکانی ودەرەنجامەکانی بوە بە قۆناغێک لە قۆناغەکانی مێژووی گەلی کورد.

ئەوەی مەبەستمە باسی لێوە بکەم هۆکارەکانی ڕاپەڕین و دەرەنجامەکانی دوای ڕاپەڕین نیە، بەڵک و ئەوەی ئامانجەکەمە بتوانم شیکردنەوەیەک بۆ ڕۆڵی ( ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا)  بکەم وەک نەخشە داڕێژەر و ئەندازیارو کاراکتەری سەرەکی ڕاپەڕین و جێبەجێکاری ڕاپەڕین و لە پاڵ ئەمەشدا خۆ دەرنەخستن و خۆ بە پاڵەوان نەکردن و بەکەسی نەکردنی ڕاپەڕینەکە.

ڕاپەڕین خۆڕسکانە نەبوو، بەڵکو پلان بۆ داڕێژراوبو لەلایەن سەرکردایەتی شۆڕشی ئەوکات لەناویشیاندا بە سەرکردایەتی و ڕابەرایەتی خودی نەوشیروان مستەفا
ڕاپەڕینی بەهاری ۱۹۹۱ یاخود ڕاپەڕینی باشوری کوردستان ئەگەرچی دۆخی ناوخۆی عێراق و ناوچە کە و نێودەوڵەتیش لەباربوون و کوڵانی ناوچەکە بوو بەڵام هەر لە خۆوە و خۆڕسکانە نەبوو، بەڵک و پلان بۆ داڕێژراوو ئامادەکاری بۆ کراوبوو لەلایەن سەرکردایەتی شۆڕشی ئەوکات و لەناویشیاندا بەسەرکردایەتی و ڕابەرایەتی خودی نەوشیروان مستەفا ئەمین. بەتایبەت دوای جەنگی عێراق- ئێران و  شاڵاوەکانی ئەنفال و هەڕەشەکانی ڕژێمی دەسەڵاتداری  بەعسی عێراق بۆ دەوڵەتە دراوسێکانی و لە دواجاریشدا هێرشکردنە سەر وڵاتی کوەیت و هەڕەشەکانی هاوپەیمانان بۆسەر عێراق . هەموو ئەمانە هۆکاربوون بۆئەوەی بەرنامە ڕێژی خێرا و بەرنامەیەکی تۆکمە دابنرێت بۆ ڕاپەڕین و بەگژداچونەوەی ڕژێمی بەعس کە دەمێک بوو  زوڵم و زۆرداری بەرامبەر بە گەلی کورد گەیشتبوو بە ترۆپک. بە پێی هەموو بەڵگە نامەکان بیرکەرەوەوداڕێژەری هەموو ئەم بەرنامانەی بۆ ڕاپەڕین دانران دەگەڕێتەوە  بۆ خودی نەوشیروان مستەفا دەگەڕێتەوە.

بە وردبونەوەی تەنها چەند لایەنێکی ئامادە کاریەکان بۆ ڕاپەڕین دەگەین بەو ڕاستیەی کە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا ڕابەری ئەم بیرە بووە:
٭ پەیوەندیەکان / بە پێی هەموو بەڵگە نامە نوسراو و تۆمارکراو و شایەتحاڵەکانیش ڕێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی شار و شاخ و کۆکردنەوەی هێزە پەرتەوازەکانی دوای ئەنفال لەناو شارەکان و دروستکردنی هێزی چەکداری ( سرک ) بەسەر پەرشتی ڕاستەوخۆی نەوشیروان مستەفا بوە . پەیوەندی بە کەسایەتیە نیشتمانیەکان و کورد پەروەرە دێرین و دیارەکانی کورد لە شارەکان و لەلایەکی تر پەیوەندی کردن بە بەشێک لە چەکدارە کوردەکانی ئەوکاتی ڕژێمی عێراق و بەرپرسەکانیان بۆ هاوکاریکردن و هاندانیان تا لە ڕاپەڕین پشتیوان بن و بەشێک بن لە ڕاپەڕین دەگەڕێتەوە بۆ خودی نەوشیروان مستەفا لە ڕێگەی پەیوەندی کەسی و نامەوە . جگە لە پەیوەندیکردنی بە سەرکردایەتی بەشێک لە سەرکردایەتی هێزەکانی نێو بەرەی کوردستانی و هەوڵەکانی بۆ بەشداریکردنی کارایان لەم ڕاپەڕینە .

ڕادیۆ باشترین ئامێری بەیەک بەستنەوەی پەیوەندیەکانی شاخ و شار بوو بەتایبەت ئەو ڕادیۆ گەڕۆکەی لەگەڵ خودی نەوشیروان مستەفا بوو.

٭ ڕاگەیاندن / وەک ئەوەی ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستان تاکە کەناڵی بیستراوی ئەو سەردەمە بوە و بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی نەوشیروان مستەفا لەم کاتەدا بەڕێوە چوە ڕۆڵێکی کاریگەری هەبووە لە گەیاندنی ئاماژەکان و ئەو جفرانەی تایبەت بون بە ڕاپەڕین و ئەو کاسێت و نوسراوانەی پێویست بوون لەم کاتەدا و لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە بۆ داوای هاوکاریکردن. لەو کاتەدا ڕادیۆ باشترین ئامێری بەیەک بەستنەوەی پەیوەندیەکانی شاخ و شار بوو بەتایبەت ئەو ڕادیۆ گەڕۆکەی لەگەڵ خودی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بوو لەم کاتانەدا . جگە لە هەموو ئەو پەخشنامە و نوسینانەی گیانی شۆڕشگێڕی و یەکبون و گیانی هاریکاری لە نێو هێزەکان پتەوتر دەکرد کە لەلایەن ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفاوە دەنوسران . ئەگەر هەوان کۆکبین لەسەر ڕۆڵی ئەم ڕاگەیاندنە لەم کات و ساتەدا، ئەوە هەوڵ و کاریگەری سەرپەرشتیکاری ڕاگەیاندن کاریگەرترو بیرمەندانەتر دەردەکەوێت لەم سەرکەوتنە .

٭ سەربازی / هەرکات جەماوەری کوردستان دڵنیایی هەبوبێت لە پشتیوانیەکی سەربازی بەهێزوتۆڵەستێنی چیا ئاسا،  ئازایانەتروچاونەترسانەتر ڕوبەڕوی ڕژێم بۆتەوە، کاتێک هێزی پێشمەرگە ڕێکدەخرێتەوەوئامادەدەکرێن، بۆ دابەشکردن بەسەر ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و بەسەر چەند میحوەرێک دابەش دەکرێن لە ڕێگای چەند ڕەتڵێکی پارتیزانی، هۆکارێکن بۆ پاڵپشتیەکی بەهێز و هەستانەوە و دروستکردنەوەی ئومێد و ئیرادە بۆ جەماوەری کوردستان . هەموو ئەو شانە چەکدارانەی لەناوشارەکان لە لایەن ئەو  پێشمەرگانەی لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێم چەکیان دانابوو وە هەموو ڕێکخستنەکانی پێشوو و بەردەوامەکان و هەموو پارتیزانەکان و ڕەتڵە جیاواز جیاوازەکانەوە کە سەپەرشتی دەکران لە لایەن خودی (نەوشیروان مستەفا) وە. وە هەر جوڵەیەکی سەربازی بە ئاگاداری ئەو بەڕێوە چوە و بەفەرمانی ڕاستەوخۆی داڕێژەری ڕاپەڕین بوە . 

تەنها بە گەڕانەوە بۆ ئەم سێ لایەنەی پێکهێنەری ڕاپەڕین ئەوە دەسەلمێندرێت کە ڕاپەڕین بە بیر و کارکردن و  فەرمانی ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەستی پێکردوە بەڵام ئەوەی مایەی تێڕامانە بەشێکی زۆری باس و خواسی ئامادەکاری بۆ ڕاپەڕین و لە دواجاریشدا جێبەجێکردنی لە کاراکتەری ترەوە پێمان گەیشتوە نەک لە خودی نەوشیروان مستەفا، کە هەر یەکێک لەو کاراکتەر و شۆڕشگێڕ و بەشداربوانەی ڕاپەڕین لە باسکردن و گێڕانەوەی مێژووی ڕاپەڕین بەبێ ئاماژەدان بە ڕۆڵ و کاریگەری نەوشیروان مستەفا نەیانتوانیوە باسەکەیان تەواو بکەن و  ئەو ڕاستیەیان خستۆتە ڕوو کە لە دواجاردا هەموو فەرمانەکان لە ئەوەوە وەرگیراون.

نەوشیروان مستەفا بۆ جارێکیش هەموو ئەمانەی بەتەنها نەکرد بە موڵکی کەسی

 ئەوەی لای من مایەی تێڕامانە و شایەنی قسە لەسەر کردنە، بۆچی خودی نەوشیروان مستەفا
بۆ جارێکیش هەموو ئەمانەی بەتەنها نەکرد بە مووڵکی کەسی؟، بۆچی نەوشیروان مستەفا پێش هەمووان و وەک یەکەم سەرکردە دەڵێ خەڵک ڕاپەڕینی کرد؟

بۆچی ئەم ڕۆڵە گرنگ و کاریگەرە لە ڕۆڵی تاک و گروپ و لایەنێک و هێزێک کورت ناکاتەوە و دەیکات بە ڕۆڵێکی گشتی و دەیکات بە موڵکی گەلێک؟، بۆچی وەک یەکەم کەس و وەک ئەندازیاری ڕاپەڕین خاوەندارێتی ئەم قۆناغەی مێژووی کورد دەگێڕێتەوە بۆ جەماوەر و گەلی کوردستان؟.

ئەگەر بە لاپەڕەکانی مێژووی کورد دا بچینەوە زۆری شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد بە ناوی کەسایەتی و ڕابەران و ناوچەکانەوە بوە، لەگەڵ ئەوەی نمونەی (یەکێتی کوردانی ) شۆڕشەکەی شێخ عوبەیدوڵای نەهری و( خۆیبونی) سەردەمی  ئیحسان نوری پاشا و چەندانی ترمان هەیە بەڵام لە دواجاردا شۆڕشەکە بەناوی کەسایەتیەکەوە ناونراوە .

دەتوانم بڵێم لە مەشدا نەوشیروان مستەفا پێشەنگ بوو بۆ خزمەتی مێژووی گەلی کورد، نەوشیروان مستەفا نەک هەر خۆی نەکرد بە پاڵەوان و ئەندازیاری ڕاپەڕین، بەڵکو بە ئینسافەوە  ڕێگری کرد لە بەخشینی مۆرکی کەسی و ناوچەیی و هێز و لایەنێکی تایبەت و بەرەو عەشیرەت بە ڕاپەڕین و هەموو خەڵکی کوردستانی کرد بە خاوەنی ڕاپەڕینی گەلی کورد لە باشوری کوردستان .

ئەو دەیتوانی مۆرکی کەسی یا حزبی  بدات بە داینەمۆ و داڕێژەری ڕاپەڕین بەڵام مۆرکی نەتەوەیی و گشتی پێدا.
ئەو دەیتوانی مۆرکی بەرەی کوردستانی پێبدات و بیکات بە موڵکی بەشێک بەڵام بە بەخشینی مۆرکی جەماوەری هەر تاکێکی کرد بە خاوەنی ئەم قۆناغە پیرۆزەی مێژووی گەلە کەمان.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن