396وتار

(پول)ـەکەی هەرێم و هاتنی پاپا، ترس یا بیانوگرتنی تورکیا؟

3/11/2021 8:14:00 PM
پێشڕەو بابەشێخ


تا ئێستا ئەگەر پێمانوابوبێت تورکیا میراتگری دەوڵەتی عوسمانییە و دەیەوێت هەمان خەونی دەوڵەتی عوسمانی و سوڵتانەکانی عوسمانی وەدی بێنێ یا زیندویان بکاتەوە ئەوا بۆ کورد و کێشەی کورد جیاوازتر و سەرسەختتر لە هەوڵی زیندوکردنەوەی خەونی داگیرکردن و چەوساندنەوە و سەرکوتکردن بوە و دەبێت .

مەسەلەی پولەکە و هاتنی پاپا نەک هەر ئەم بیرکردنەوەی چەسپاند، بەڵکو قوڵتری کردەوە .

بەباوەڕی من دەوڵەتی تورکیا لە ئێستادا لە دو بابەتی فرە رەهەند نیگەرانە و یەکیانی کردوەتە بیانوی دەربڕین :

یەک: هاتنی پاپا بۆ عێراق و کوردستان و کاریگەری و کاردانەوەکانی سەردانەکە و کۆبونەوەکانی لەگەڵ گەورە مەرجەعی شیعەکان و سەردانی ناوچەی موسڵ و ناوچە شوێنەواریەکانی سوننەکان و کۆنەبونەوە لەگەڵ لایەنێکی دیاریکراو وەک سوننە کە لە بنەڕەتیشدا مەرجەعێک و کۆکەرەوەیەک بونی نیە بۆ کۆبونەوە .

دو: مەسەلەی پول و نەخشەیەکی کوردستان لەسەر پولەکان کە بە شێوەیەکی رەسمی لەلایەن وەزارەتێکی حکومەتی هەرێمەوە دروستکراوە. ئەمەش بۆ خۆی جگە جۆرێک لە فەرمی بونی نەخشەیەک کە وەزارەتێک دروستی کردوە ئەوەندەی تر پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لە کاتێکی دیاری کراوی وەک سەردانێکی پاپا فڕەنسیس دروستکراوە و لەهەمان کات و بۆ هەمان مەبەست خراوەتەڕو .

نیگەرانیەکانی دەوڵەتی تورکیا لە خاڵی یەکەم وەک دەوڵەتێکی موسڵمان و حوکمداریکردنی ئێستای ئاکەپە و بیری ئەردۆغانیانە و حیزبێکی ئیسلامی حوکمڕان چەند پەیوەندی بەدژایەتی کردنی مەسەلەی کورد و شیعەگەرایی هەیە ئەوەندەش پەیوەندی بە راکێشانی سۆز و عەتفی ئاینی وەک موسڵمان و عەتفی سوننە وەک مەزهەب هەیە، بەشێوەیەکی  شاراوەو ناڕاستەوخۆ بۆ خۆ بە برا گەورە زانین و بە مەرجەع زانین لەلایەن حکومەتەکەی ئاکەپەوە .

بەهەمان شێوە نیگەرانی لە خاڵی دوەم و لە نیگەرانی پول و نەخشەی کوردستان جگە لە دژایەتی گەلی کورد، کە ئەمە بیرکردنەوە و بیری ئەسڵی دەوڵەتی تورکیا و بیری ئەردۆغانیانە و بیری ناسیۆنالیزمی تورک و زیندوهێشتنەوەی بیری ئەتاتورکیە لەلایەک، راکێشانی سەرنج و بە ئاگا هێنانەوەی وڵاتانی تری داگیرکەری کوردستان و بیری ناسیۆنالیزمی و شۆڤێنی عەرەبیە لەلایەکی تر و دروستکردنی کۆدەنگیەکی بەردەوامە بۆ دژایەتی کردنی کورد و سەرکوتکردنی بەردەوام و وەهم دروستکردن .

ئەوەی مایەی تێڕامان و سەرنجە کە لە هەمان کات دەبێت بە بەڵگەی بەهێز کە دەوڵەتی تورکیا تەنها میراتگرێکی دەوڵەتی عوسمانی نیە، بەڵکو بیری دەوڵەتی عوسمانی و سوڵتانەکانی عوسمانی بۆ ژێردەستەیی و ژێردەستەکردنی نەتەوە بێ دەسەڵاتەکانی تێپەڕاندوە، چونکە لە سەردەمی حوکمڕانی بەشێک لە سوڵتانەکانی عوسمانی، میرنشینەکانی کورد لە نێوانیان میرنشینەکانی ( سۆران، بۆتان) رێگەیان بەخۆیان داوە نەک پول دروستبکەن و سەربەخۆیانە مامەڵەبکەن، بەڵکو ئازایەتی لێدانی سکە (دراو) یان هەبوە .

بەراوردکاریی سەردەم و قۆناغەکان و شێوازی حوکمڕانی و ژێر دەستەیی تەواوەتی ئەوسای کورد بۆ دەوڵەتی عوسمانی و هەرێمێکی سەربە عێراق و جیا لە تورکیای ئێستا، زۆر جیاوازو تایبەتترە بەتایبەت ئەگەر سەیری نفوز و دەسەڵاتی وڵاتە زلهێزەکان لەناوچەکە بکەین و بابەتی ماف و ئازادی و دیموکراسی و مافی چارەنوسی گەلان و ئەو پێشکەوتنە ژیاریەی ئێستا لە بواری گەیاندن و تەکنەلۆجیا و بیری نوێی دور لەبیری کۆنە پەرستی و کۆتایی هاتنی سەردەمی داگیرکاری و بەسەرچونی ئیمڕاتۆریەتەکان بەراوردبکەین،
ئەوا جێگای سەرسوڕمانە بەم هەمو جیاوازیانەی ئێستا و رابردو کەچی ئێستا دەوڵەتی تورک هەر بەوە ناوەستێ سنور ببەزێنێ، هەر بەوە نەوەستاوە ببێ بە هاوبەش لە بواری نەوت و داهاتی نەوتی و دەست لە کاروباری ناوخۆیی وەردان و بۆردومانکردنی خەڵکی مەدەنی تەنانەت ناهێڵێت پولێکی مامەڵەش کە نەخشەیەکی کوردستانی لەسەرە لە هەرێم بەکاربێت و کاری پێ بکرێت .

ئێستا ئەگەر تێکشکانەکەی گارا و هاتنەکەی پاپا و دیداری شیعە و نەخشەکەی سەر پولەکە ئازار بن بە جەستەی دەوڵەتی تورکیا و ئاکپارتی، بەڵام ناتوانێت ئەوە بشارێتەوە کە ئێمە گەیشتوین بە یەقین (بێ گومانی) کە حکومەتی ئاکپارتی هەردەم دژ بە نەتەوە و خاک و نیشتمانی کوردان لە بۆسەدان و ناتوانن هیچ کات وەک دۆست و دراوسێ و فریادڕەس سەیر بکرێن.

ئایا ئەگەر ناتوانین سکە (دراو)  لێبدەین؟ ناشتوانین پارێزگاری لە پولێکی نەخشەداری کوردستان بکەین؟

ئەوەی گرنگە ئایا لە بەرامبەر هەڕەشەیەکی ئێستای تورکیا دەسەڵات بەدەستانی هەرێم و حوکمڕانی ئەم هەرێمە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ ئازایەتی و کوردایەتی و نیشتمان پەروەری سەردەمی میرنشینەکان یاخود وەک هەمیشە تەسلیم بە بێ ئیرادەیی دەبێت و لەژێر لێدوان و هەڕەشەی میدیایی تورکیا لە پول دەرکردن و نەخشەی کوردستان پاشگەز دەبنەوە و دەستبەرداری بیری سەربەخۆیی و تەنانەت دەستبەرداری (خەون بەقسەی) راگەیاندنی دەوڵەتی کوردیش دەبێت، یاخود لە بیانوی تورکیا بۆ هاتنی پاپا و ئازارەکانی دەوڵەتی تورکیا  تێدەگەین و بەردەوام لە ترس و دڵەڕاوکێ دەیهێڵینەوە یا ترسەکەی دەڕەوێنینەوە. ئومێدەوارین پولەکەی هەرێم نیگەرانی کوردان بڕەوێنێتەوە و تورکیا نوقمی نیگەرانی بکات.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن