610وتار

نەوشیروان مستەفا بنیادنەری قەوارەی هەرێم

7/1/2020 3:13:00 PM
پێشڕەو بابەشێخ

بە گەڕانەوە  بۆ مێژوو دەبینین هەر گەل و نەتەوەیەک بە شێوازی جیاجیا لەهەوڵدابوون بۆ دامەزراندن و دروستکردنی قەوارەیەک و کیانێک یا دەوڵەتێک. وەک چۆن لەئێستاشدا هەمان هەوڵ و تێکۆشان هەیە و کۆتایی نەهاتوە و نایە، بەهۆکاری ئەوەی چەندین نەتەوەو گەلی جیاواز ئێستاش لەژێر هەیمەنەو داگیرکاری دەوڵەتانی تر ماونەتەوە کە بە ئومێدی ڕزگاری ژیان دەکەن،   فەلەستین و کوردستان دوو نمونەی زیندوون . 

گەلی کورد یەکێکە لەو نەتەوانەی بەدرێژایی مێژوو هەوڵیداوە و ئێستاش لەهەوڵدایە بۆ گەیشتن بە ئازادی و سەربەخۆیی و خۆ بەڕێوەبەری و خۆسەری و ڕزگار بوون لە دەستی داگیرکەران . 
خەباتی میللەتی کورد لەم پێناوە گەیشت بەوەی لە دوو پارچەی باشور و  ڕۆژئاوا بتوانێت دوو قەوارەی سەربەخۆ و خۆ بەڕێوەبردن دوور لەدەستی دوو دەوڵەتی کوردستان بەسەر دابەشکراو و لکێنراوی وەک عێراق و سوریا دابمەزرێنێ .

ئەگەر چی شێوازی بەڕێوەبردن و حوکمڕانی لە باشوری کوردستان بە پێی خواست و خەباتی گەلی کورد نەبوە و نیە، ئەگەرچی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتی لەوپەڕی خراپیدا بوە، یاساسەروەری و دادگەری لە ڕێڕەوی ڕاستەقینە لایداوە، ئەگەرچی لە حوکمڕانی دادی کۆمەڵایەتی بەرجەستە نەکراوە و بێدادی جێگای گرتۆتەوە ، گەندەڵی و بردنی داهاتی گشتی شوێنی خزمەت بەهاوڵاتی و خۆشگوزەرانی گرتۆتەوە،  بەڵام لە دواجاردا قەوارەیەک هەیە کە موڵکی هەر تاکێکی کورد بێت لە باشور و هەندێک کات و سات بۆ کوردانی پارچەکانی تری کوردستانیش .

دروستبونی قەوارەی هەرێم : 
ئەگەرچی هەوڵ و  خەباتی گەلان بۆ سەربەخۆیی و بوون بە دەوڵەتە، گەلی کوردیش بەهەمان شێوە خەباتی دورودرێژی بۆ هەمان مەبەست و ئامانج بوە بەڵام بەداخەوە تا ئێستا وەک قەوارەیەک ماوەتەوە و هەنگاوی تری نەبڕیوە،  چونکە بەداخەوە هێشتا هەنگاو نەنراوە بۆ دامەزراندنی پایەکانی دەوڵەت کە هۆکارەکەی حوکمڕانیکردنێکی نا تەندوست و دور لە خەمخۆری و دڵسۆزی بوە لەلایەن دەسەڵات بەدەستانی هەرێم .
کەناوی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەهێنین مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوای ڕاپەڕینەکەی خەڵکی کوردستان لە ساڵی ۱۹۹۱  و یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی یەکەم کابینەی حکومەتی هەرێم لەساڵی ۱۹۹۲.
واتە مێژوی هەرێمی کوردستان وەک قەوارە لەدوای ڕاپەڕینی ۱۹۹۱ دەست پێدەکات . 
ڕاستیەکی بەڵگەدارە  کە ڕاپەڕین بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەبات و ماندوبونی خەباتکارانی ئەوێ ڕۆژێی مەیدانی ڕزگاری نیشتمانی بوو . بۆیە دەبێت ئەو ڕاستیە بزانین کە قەوارەی هەرێم بەرهەمی خوێنی شەهیدان و چەندین دەیە لە خەباتی نەتەوەیی میلەتی کوردە لە پێش ڕاپەڕین،  کە ڕاپەڕین و ئازادبونی شارودێهاتی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمی بەعسی حوکمڕان لە  عێراق هۆکاری ڕاستەوخۆی بوو . 
کەواتە یەکێک لە بەرهەمەکانی ڕاپەڕین دروستبونی قەوارەی هەرێمی کوردستانە کە بەداخەوە بەهۆی حوکمڕانیەکی ناتەندروست لەلایەن هەردوو هێزی باڵا دەست لەهەرێم و زۆری گەندەڵی و نا عەدالەتی و برسیکردنی خەڵک و بەرقەرارنەبونی یاسا زۆرجار گوێ بیست دەبین کە خەڵک نەفرەت قەوارەکەش دەکات نەک تەنها کابینەو حکومەت و دەسەڵات کە دوو شتی جیاوازن لە یەکتر . 
بە مانایەکی تر دەتوانین بڵێین قەوارەی هەرێم یەکسانە بە نیشتمان کە موڵکی تاک بەتاکی کوردە بە پێچەوانەی دەسەڵات و کابینەی وزاری  کە تەنها لەدەست دوو حزب و چەند بنەماڵەیەک و چەند کەسێک بوە بەدرێژایی حوکمڕانی لە باشوری کوردستان  . 
کەواتە دەکرێت ومافێکی ئاساییە دژ بە حوکمڕانی و شێوازی حوکمڕانی و حکومەت بیت و داوای هەڵوەشانەوەی بکرێت بەڵام بۆ ئێمەی کورد و بە گەڕانەوە بۆ مێژووی دوورونزیکمان دەکرێت بڵێین قورسە هەڵوەشانەوەی قەوارە و نەمانی داواکاریمان بێت .  فەڵەستین یەکێک لەم قەوارە سیاسیانەی  کە لە لایەن زۆرترین وڵاتانی عەرەبی و موسڵمانان پشتیوانی دەکرێت و لە هەوڵی بەرەو بەدەوڵەتبونی دان بە پێچەوانەی هەرێمی کوردستان کە زۆرترین دژایەتی دەکرێت . 
وەک چۆن لەنێوان دژایەتی و پاڵپشتی هەرێم وەک حکومەت و  قەوارە ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا دەڵێ : حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک قەڵایەکە بەرهەمی سەد ساڵی خەباتی گەلەکەمانە،  ئێمە ڕەخنەمان لێی هەیەو سێ ڕێگەمان لە بەردەمدایە : یا بیڕوخێنین، یا بێدەنگ بین، یا شوێنە خراپەکانی چاک بکەینەوە، ئێمە بڕیارمان داوە لە کوێ خراپە چاکی بکەینەوە .

قەوارەیەک کاریزمایەکی وەک نەوشیروان مستەفا دروستکەرو بنیادنەرێتی . 
گومان لەوە ناکرێ کە ئەندازیاری ڕاپەڕین ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا بوو، ئەمەش بە بەڵگەو شاهێدی و گەواهیدانی یارو نەیاری ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا  کە سەلمێنراوە و هیچ کەس و لایەنێک نەیتوانیوە نکۆڵی ئەم ڕاستیە بکات.  ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە نەوشیروان مستەفا لەمێژووی کورد ئەندازیاری ڕاپەڕین و ڕووداوێک بوە کە قەوارەیەکی وەک قەوارەی هەرێمی کوردستان بەرهەمەکەی بوە . 
سەرکردەو کاریزماکان ئەوانەن کە دەتوانن کارێکی گەورەو مێژوویی و پێشەوایەتی ڕووداوگەلێک بکەن بۆ گەلەکەیان کە حەتمی و قورس بوبێت،  بۆیەش ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا هەم وەک خەباتکارێک و ئەندازیارێکی ڕاپەڕین و دامەزرێنەری قەوارە و هەم وەک سەرکردەیەک کە توانی کۆمەڵانی خەڵک ئاڕاستە بکات بێ ئەوەی پارەو هێزی سەربازی و چەکداری بەکار بێنێت وەک کاریزمایەک لە دڵ ودەروون و بیروهزری خەڵک بۆ ئەبەد دەمێنێتەوە .

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن