پارێزگاری هەولێر ڕاستگۆ بوو بەڵام بە نوکتە لێمان وەرگرت
1/13/2022 8:13:00 PM
پێشڕەو بابەشێخ
پارێزگاری هەولێر
ڕاستی گوت و ڕاستگۆیانە دوا چونکە، ئەوەی
لە هەولێر دەیبینین لافاو نیە و کۆبونەوەی ئاوە .
بەڵێ لە دەربڕیندا
کۆبونەوەی ئاو بێ زیانتر دەردەکەوێت وەک ناوهێنانی بە لافاو. ئەوان پێیان وایە بەم
شێوازە دەربڕینە کوردەواری گوتەنی نەک مێشێک ناکەن با گایەک بەڵکو گایەکیان کردوە
بە مێشێک . بەڵام لەدواجاردا پێویستە بزانین چۆن ڕاستی کردوە کە گوتی :
ئەوەی هەولێر لافاو نەبوو بەڵکو کۆبونەوەی ئاو بوو چونکە:
١- لافاو دیاردەیەکی
سروشتیە و زەرەروزیانەکانیشی لە چوارچێوەی کارەساتی سروشتی ئەژمار دەکرێن و هەندێک
جار لە توانای مرۆڤ و حکومەت بەدەرە و تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتوەکانیش ناتوانرێت
کۆنتڕۆڵی تەواوەتی بکرێت چ جای حکومەتێکی پڕ لە گەندەڵی و بەهەدەردان و بێ خزمەتگوزاری، کە تەنها ناوێک بێت و شیاوی حوکمداری نەبێت .
٢- کۆبونەوەی ئاو و زیانگەیاندن
واتە نەبونی ماستەر پلان و بێ توانایی دام
و دەزگاکانی حکومەت و شکستی حوکمڕانی و بێ پلانی لە ڕابردوو و بێ بەرنامەیی لە ئێستا
و داهاتوش .
ئەگەر بێ پلانی و بێ توانایی و
ناشارەزایی و تەنها بەهەدەردان و پڕۆژەی ڕوکەش
نەبێت چۆن ئاو کۆدەبێتەوە ؟
چۆن دەبێت ئاو کۆببێتەوە و پایتەخت ئاوەڕۆی نەبێت یا ئاوەڕۆکان وا
دروستکرابن لەناو شار و گەڕەکەکانی پایتەخت زیان بە ماڵ و موڵک و کەلوپەل و ڕێگاکانی
هاتوچۆی هاوڵاتیان بگەیەنێت .
کۆبونەوەی ئاو لە ناو جەرگەی شار و گەڕەک و شەقامەکان واتە بێ توانایی لە ئیدارەدان
و فەشەلی حوکمڕانی. بەڵێ لافاو نەبوو بەڵکو کۆبونەوەی ئاو بوو، کۆبونەوەی ئاویش بەهۆی بارانێکی نیو کاتژمێری
واتە نەزانی و ناشارەزایی و نەبوونی دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ هاوڵاتی و خاک و نیشتمان . واتە دووربین نەبوون بۆ ئیدارەدانی شاروخۆ بە
خاوەن نەزانینی شارو هاوڵاتی و بێ بەرنامەیی لە فراوانبونی شار .
٣- بەڵێ ڕاست دەکات ئەوان
وا کاریان کردوە ئاوی باران و لافاو لە ناو شارو گەڕەکەکان کۆببنەوە و دەشت و دەرو
گردو تەپۆلکەکانیش دوور لە دروستکردنی بەنداو و بەربەست و پۆند بێت و بە هەدەر بڕوات
و سودی نەبێت بۆ خەڵک وەک چۆن سامانە سروشتیەکانی تر بە هەدەر دەدرێت .
دەسەڵاتدارانی هەرێم چۆن هیچیان نەکردوە
تا ئاو لە شەقام و گەڕەکەکانی شار کۆنەبێتەوە ئاواش هیچیان نەکردوە بۆ دروستکردنی
بەنداو و بەربەست و پۆندەکان و گلدانەوەی ئاو، ئەو ئاوەی سەرچاوەی ژیارو ژیانی مرۆڤ و بەردەوامی مرۆڤایەتیە. ئەو سەرچاوە نیشتمانیە لە ناو شارو گەرەکەکان کۆدەکەنەوە بەڵام لە دەشت و چۆڵەوانی
بەهەدەر دەڕوا . ئیتر ئەمەیە جەوهەری حوکمڕانی
چەندین ساڵەیان .
بەڵێ ڕاستی فەرموو بەڵام ئەوە ئێمەین کە لە بری تێگەیشتنمان و لێکدانەوەکانمان
وتەکانیان دەکەین بە نوکتەو بازاڕی سۆشیال میدیای پێ گەرم دەکەین .
بە ئومێدی سەلامەتی بۆ سەرجەم هاونیشتمانیان و پارێزراوی نیشتمان و حوکمڕانیەکی
ڕەشید و خەمخۆر بۆ داهاتوو .