233وتار

دادگای فیدراڵی، چۆن بۆ کورد باشە؟ دادگای فیدراڵیی و سەرنجێک

2/5/2023 3:37:00 PM
هاوڕێ تۆفیق

لە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا ، لە یەکەم دەستوری سەردەمی پاشایەتیدا کە  لە ساڵی(١٩٢٥) دەرکراوە بە گوێرەی ماددەی (٨١ )قانونی بنەڕەتی ئەو سەردەمە دادگای دەستوری ھەبوە، ئەو وەختە پێی وتراوە (دادگای باڵا )لە نۆ ئەندام پێکھاتوە، چوار لە ئەندامانی لە دادگای تەمیزەوە ھێنراون و چوارەکەی تری لە ئەندامانی ئەنجومەنی ئەعیان ھەڵبژێردراون و سەرۆکەکەی خودی سەرۆکی ئەنجومەنی ئەعیان بوە.

 

لەو سەردەمەیا، بە پەرلەمانی عێراقیی وتراوە ئەنجومەتی میللەتی عێراق(مجلس الامة) کە لە دوو ئەنجومەن پێکھاتوە، یەکەمیان ئەنجومەنی نوێنەران بوەو ژمارەیان ٨٨ ئەندام بوە، لەلایەن میللەتەوە بەدەنگدان ھەڵبژێردراون، دووەمیان پێی وتراوە ئەنجومەنی ئەعیان کە لەلایەن مەلیکەوە بەبێ ھەڵبژاردنی گەل، ڕاستەوخۆ مەلیکی وڵات خۆی دایناون و لە کەسانی ناوداری ڕۆشنبیر و ئاینیی و سەرۆکی خێڵەکان پێکھاتوە، یەکەم سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، رەشید عالی گەیلانی بوەو ئەنجومەنی ئەعیانیش یوسف سویدی سەرۆکی بوە.

 

بەپێی ئەو راستییە مێژووییانەی باسمانکرد ئاشکرایە کە یەکەم دادگای باڵا لە مێژووی عێراقا کە دروستکراوە، بەتەنھا لە دادوەران پێکنەھاتوە، بەڵکو تێکەڵاو بوە لە دادوەران و ئەندامانی ئەنجومونی ئەعیان و ھەریەکەیان پیشەی جیاواز لە دادوەرییان ھەبوە.

 

دواتر بەپێی دەستوری کاتی ١٩٦٨ ی بەعسییەکان ،قانونی ژمارە١٥٩ لە ساڵی ١٩٦٨ بۆ دادگای دەستوری دەرکردوەو پاشان لە ساڵی ١٩٦٩ ھەموارییان کردۆتەوە، بەگوێرەی ئەو قانونە دادگای دەستوری بەھەمان شێوەی سەردەمەی پاشایەتی و دادگای فیدراڵی ئێستا لەرووی ژمارەوە  ھەر لە (٩)نۆ ئەندام پێکھاتون، ئەندامانی تێکەڵاو بوە لە دادوەر و ژمارەیەک فەرمانبەری باڵای دەوڵەت، بەمشێوەیە؛

 

١.سەرۆکی دادگای تەمیز، سەرۆک.
٢ . سەرۆکی چاودێری دارایی، ئەندام.
٣ .سەرۆکی تەدوینی قانونی، ئەندام.
 ٤ .دادوەرێکی ھەمیشەیی تەمیز، ئەندام.
 ٥ .دادوەرێکی ھەمیشەیی تەمیز، ئەندام.
 ٦ .دادوەرێکی ھەمیشەیی تەمیز، ئەندام.
 ٧ .ڕاگیری کۆلێژی ماف، ئەندام.
٨ .سەرۆکی فەرمانگەی پشکنینی وەزارەتی ناوخۆ، ئەندام.
٩.بەڕێوەبەری گشتی بودجەی گشتی ئەندام.

 

پاشان لە دوای ڕوخانی رژێمی دیکتاتۆری بەعس لە٢٠٠٣ ، بە پشتبەستن بە قانونی ئیدارەی دەوڵەت بۆ قۆناغی گواستنەوە ، قانونی دادگای فیدراڵی ژمارە٣٠ ساڵی٢٠٠٥یان دەرکرد، بەپێی ئەو قانونە دادگاکە ھاوشێوەی قۆناغەکانی پێشوتر ژمارەی ئەندامانی ھەر بە ٩ نۆ ئەندام مایەوە. بەڵام جیاواز لە مێژووی دادگای فیدراڵی ھەر ٩ نۆ ئەندامەکەی جگە لە کەسانی دادوەر، کەسی تری تیانەبوو .

ھەقی وابوو سەرۆکایەتی پەرلەمان و ھەموو ئەندامان مەسەلەی دادگای فیدراڵیان لەناو ھۆڵی پەرلەمانا قەتیس نەکردایە، ئەم قانونە کۆڵەکەو پایەکی گرنگی باڵەخانەی سیستەمی دەستوریی و سیاسی وڵاتە، پەیوەندی بەھەموو خەڵکەوە ھەیە، ئەبوایە پەرلەمان ،کراوەتر لەسەر ئەم قانونە گفتوگۆی بکردایە، دەیان کۆرو سیمیناری لەدەرەوەی پەرلەمان لەسەر بکرایە، زانکۆو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ڕۆژنامەوانان و دادوەران قسەیانبکرایە.

 

بەشێوەیەکی گشتی چۆن دادگاکە دروست بکرێ ؟ بە چ شێوەیەک ئەم دادگایە بۆ کورد باش ئەبێ؟ ئەمە خودی پرسیارە جەوھەرییەکەیە، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە ،سەرەتا پێویستە سود لە ئەزمونی دادگا دەستورییەکانی وڵاتانی تریش ببینین. لە ئەمریکا  پێی ئەڵێن دادگای باڵا بەھەمان شێوە لە ٩ کەس پێکھاتوە، بەڵام رەچاوی یەکسانی ژنان و پیاوانی تیاکراوە. ھەر بۆیە دادگاکە لە ٦ شەش پیاو و ٣ سێ ژن پێکھاتوە. ئەم دادگایە کۆمەڵێک چوارچێوەی پرۆتۆکۆڵی خۆی بۆ رایکرنی کارەکانی ھەیە. بۆ وێنە مەسەلەی تەمەنی ئەندام خاڵێکی زۆر گرنگە، لەکاتی دانیشتن لە کۆڕی دادگاکە بە تەمەنەکان لە پێشەوەو ئەوانی تر کە تەمەنیان کەمە لە دواوە دائەنیشن.

 

بەھەمان شێوە لە کاتی وێنەگرتنی بە کۆمەڵیش بەتەمەنەکان لەریزی پێشەوەو ئەوانی تر ،ئەبێ بچنە ڕیزی دواوە، شێوازی بریاردانیش بە دەنگدانی زۆرینەیە. لە فەرەنسا پێی ئەڵێن ئەنجومەنی دەستوریی، لەرووی پلەی دادگاکەوە بە باڵاترین پلەی داگای وڵاتەکە دانانرێ لەگەڵ ئەوەشدا بریارەکانی یەکلاکەرەوەو بنەبڕو پلەی کۆتاییان ھەیە. ئەم دادگایە کەوەکو باسمانکرد پێی ئەڵێن ئەنجومەنی دەستوری لە نۆ ئەندام پێکھاتوە لەگەڵ سەرۆک کۆمارەکانی پێشوو بەو مەرجەی بریاری نەگەڕانەوە بۆ سیاسەت بدەن.

 

ماوە تەمەنی یاسایی ئەندامەکانی نۆ ساڵەو شایەنی درێژ کردنەوە نیە . بریاردان بە زۆرینەیەو لەکاتی ھاوتابونی دوو رایی وەکو یەک ،ئەو کاتە دەنگی سەرۆک یەکلاکەرەوە ئەبێ. سەبارەت بەدادگای دەستوری تورکیاش، پێکھاتوە لە ١١ ئەندام و تێکەڵاوە لە دادوەران و گەورە فەرمانبەرانی دەوڵەت، ھەریەکە لە (سەرۆکی دادگاکانی تێھەڵچونەوە، تێھەڵچونەوەی باڵای سەربازی، دادگای وردبینی،کارگێری سەربازی باڵا، لەگەڵ ھەریەکە لە سەرۆکی ئەنجومەنی دەوڵەت و ئەنجومەنی خوێندنی باڵا، لەگەڵ ژمارەیەک فەرمانبەری کارگێری و پارێزەران)

سەبارەت بە دادگای فیدراڵی عێراق، ئەم راو و پێشنیارانە ئەخەینەڕوو؛

یەکەم؛ پێکھاتەی دادگاکە ھەر وەکو ئێستا لەدادوەران ببێ باشترە، بەڵام بەو پێیەی لە ماددەی ٩٢ بڕگەی دووەم لە دەستوری عێراقا ھاتوە (کە دادگای فیدراڵی پێک دێ لە ژمارەیەک لە دادوەران و شارەزایانی فیقھی ئیسلامی وفوقەھای قانون .بە قانون کاری دادگاکەو ژمارەیان دیاری ئەکرێ، شێوازی ھەڵبژاردنیان ڕێکدەخرێ) لەم بارەیا، مەسەلەی  ژمارەو پێکھاتەکەی بۆ کورد زۆر گرنگ نابێ، باشتریش وایە کورد لەسەر ئەو پێشنیارە جێگیر ببێ کە شارەزایانی ئیسلامی و یاسا ناسان ببن بە ئەندام دادگاکەدا بەڵام بە سیفەتی راوێژکاریی و لەگەڵ ئەوەشدا لەمەسە غەیرە ئیسلامییەکان بۆیان نەبێ دەنگ بدەن،بەڵکو تەنھا دەوریان مەشورەت پێشکەش بکەن.

 

دووەم: ئەگەر ئەو رایەی، ئەڵێ (با ژمارەی ئەندامانی دادگاکە ١٣ سیانزە کەس بێ)سەرکەوتوو بوو. ئەمە لەگەڵ ئەوەی ھەر خۆی ژمارە١٣ ژمارەیەکی شومە! بەڵام ئەمەیان باسێکی ترە، لەم بارەیا ئەکرێ ، کورد پێشنیاری بونی ژنان لە ئەندامێتی دادگاکە بکا، ھەم وەکو پابەندییەکی دەستوریی و لەگەڵیشیدا جۆرە ھاوسەنگییەک بۆ ژیانی مەدەنی ناو دادگاکە ئەگێرێتەوە، وا پێویست ئەکا، دوو ژن بکرێن بە ئەندام. بەرگێکی شارستانیش بە باڵای دادگاکەیا ئەکاو لە ھەمان کات زۆر گرنگیشە بۆ چەسپاندنی یەکسانی نێوان ژنان و پیاوان.

 

سێیەم:شێوازی دەنگدانی ئەندامانی دادگاکە بۆ بریاردەرکردن، لە ھەموو بابەتێکی تری دادگاکە گرنگترە، ھەر ئەو برگەیەشە بۆتە گرێکوێرەی دەرنەکردنی قانونەکە. بۆ کورد واباشە شێوازی دەنگدان بۆ بریار دەرکردن، بکرێ بە سێ جۆرەوە؛


١: ئەو بابەتانەی کارگێڕین و تانەی دادگا کارگێرییەکانن ھاوشێوەی ئێستا ،بە زۆرینە دەنگ بریار بدرێ.

 

٢: ئەو بابەتانەی تایبەتن بە کێشەی ھەرێمەکان و تەفسیری دەستوریی و ماددەی١٤٠ بە تێکرای دەنگ بێ(الاجماع) بریار بدرێ،ئەگەر ئەمەش نەسەلمێنرا ،پەیڕەوی ژمارە بکرێ واتە بۆ نمونە ئەگەر نۆ ئەندام بوو بە ھەشت دەنگ پەسەند بکرێ، لە خراپترین حاڵیشدا بە دوو لەسەر سێ بکرێ کە ئەمەیان بۆ کورد باش نیە .

 

٣: ئەو بابەتانەی تایبەتن بە کێشەکانی دابەشکردنی داھات و نەوت و گاز پێویستە بە تێکرای دەنگ بێ(الاجماع) بڕیار بدرێ،ئەگەر ئەمەش نەسەلمێنرا، پەیڕەوی ژمارە بکرێ واتە بۆ نمونە ئەگەر نۆ ئەندام بوو بە ھەشت دەنگ پەسەند بکرێ


سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن