145وتار

سەرژمێری گشتی دانیشتوان و نیشتەجێبوون گسکی کارەبایی بەکاردەهێنیت؟

11/6/2024 8:52:00 PM
هاوڕێ تۆفیق

ئەو پرسیارەی سەرەوە یەکێکە لە پرسیارەکانی فۆرمی ئەلکترۆنی سەرژمێری کە لە هاوڵاتیان دەپرسێت ، دواتر بە وردی دێینەوە سەر ئەو پرسیارەو ڕووناکی دەخەینە سەری .
جاران دەوترا سەرژمێری ، بەڵام لە ئێستایا وەکو لە ناونیشانەکەیدا دیارە هەر سەرژمێری خەڵک نیە بەتەنها ، بەڵکو لەپاڵیدا سەرژمێری نیشتەجێبونیشە، ئەمەش پرۆسەکەی گشتگیر و فراوانتر کردوە ، کە تەنها زانیارییە کەسیەکانی هاوڵاتیان تۆمار ناکەن ، بەڵکو چەندین زانیاری تر دەربارەی ماڵ و ژیانکردن و باری خێزان و ئاستی خوێندەواری و زۆر بواری تری ژیانی خەڵکە تۆمار دەکەن ، فۆرمە لە شەش برگەی زانیاری گشتی پێکهاتوە،کە ئەمانەی خوارەوەن.
١: زانیاری خۆناساندن.
٢: زانیاری دەربارەی سروشتی خێزان.
٣: زانیاری دەربارەی تەسکەرەو کارتی نیشتمانی .
٤: زانیاری دەربارەی تایبەمەندی ماڵ و نیشتجێبونی خێزان و زانیاری کۆبونی خۆراک .
٥: زانیاری دەربارەی مردوەکان .
٦: خاوەندارێتی خێزان بۆ کەلوپەل و شمەک.
بێگومان هەر یەکێک لەو ناونیشانە سەرەکیانەی سەرەوە لە ژێریدا دەیان پرسیاری وردی بۆ دانراوە ،بۆ ئەوەی زانیاری هەمەلایە کۆبکرێتەوە.
جاران سەرژمێری بەشێوەی دەستی بوو، واتە کارمەندی ژمێرکار لەرێگای فۆرمێکی کاغەزییەوە زانیارییەکانی بە پێونوس ئەنوسی، ئەمەش کارێکی قورس و گران بوو، جگەلەوەش بەسەدان هەزار کارمەندی پێویست بوو، بۆیە پرۆسەکە وەختێکی زۆری پێ ئەچوو، لەوەش گرنگتر جاران ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر نەبوو، بۆیە ئەم هەموو زانیارییانە پاش ساڵێک ئەتوانرا کۆبکرێتەوەو یەک بخرێ، هەر بۆیە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ پاش چەند ساڵێک ئینجا دەوڵەت توانی ئەنجامی کۆتایی رابگەیەنێت. لە ئێستادا بەهۆی پێشەکەوتنی زانستی و تەکنۆژیای ژمارەییەوە گۆرانکاری جەوهەری روویانداوە، ئەم سەرژمێرییەی ئەم ساڵ کە بریاروایە لە رۆژانی ٢١ و ٢٢ ی ئەم مانگە ئەنجام بدرێت، سەرژمێری جۆری ئەلکترۆنیە، دەستەی ئاماری فیدراڵی بەرنامەسازی ئەلکترۆنی داناوە، پرسیارەکانی فۆرمە کراون بە ئەلکترۆنی، رۆژانی سەرژمێری کارمەندەکان ئایپادێکی پێیە کە بەشێوەی ئەلکترۆنی پری دەکەنەوە و هیچ قەڵەم و کاغەزێکیان پێ نیە و راستەوخۆ زانیارییەکان دەگوازرێتەوە بۆ ناوەندی سەرەکی زانیارییەکان لە بەغدا. لەلایەن حکومەتی هەرێم و دانیشتوانی ناوچەکانی کەرکوک و مادەی ١٤٠ ی دەستور، ترس و نیگەرانی هەبوون بەو هۆیەی کە لە فۆرمەکەدا لە رۆژی سەرژمێری هاوڵاتی لەو کاتەدا لە هەر شارێک ئامادەبوایە، ئەوا رێکوپێک لەسەر ئەو شارە ناونوسیان دەکرد. ئەمەش بۆ چارەنوسی کەرکوک ئێجگار مەترسیدار ئەبوو ،لەهەمان کات ئەمە جەوهەری ئامانجی سەرژنێری ئەگۆڕی لە پرۆسەیەکی گرنگی گەشەپێدان و پلانینەوە دەبوو بە هۆی گۆرانکاری دیموگرافی لە ناوچەکەدا، لە هەفتەی رابردوو وەفدی رەسمی حکومەتی هەرێم چوون بۆ بەغدا، لەوێ لە کۆشکی سەلام لەبارەگای سەرۆکایەتی کۆمار لەگەڵ بەڕێز سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف رەشید کۆبونەوەو تێبینی و سەرنجی خۆیان پێشکەشکردو داوایان کرد. سەرۆک کۆمار رۆڵی خۆی بگێرێ بۆ چارەسەرکردنی تێبینیەکانیان ، دواتر سەرۆک کۆمار کۆبونەوەیەکی گرنگی سەرۆکایەتی لە کۆشکی بەغدا رێکخست بە ئامادەبونی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ و وەزیرە پەیوەندیدارەکانی فیدراڵ وەفدی حکومەتی هەرێم ، دووبارە تیمی هەرێم بەدورودرێژی و بە وردی سەرنج و تێبینیەکانیان خستەروو، جەوهەری تێبیبی هەرێم لەسەر خاڵێک بوو لە پاڵ چەند سەرنجێکی تر، ئەویش ( بەگوێرەی فۆرمی سەرژمێری
هاوڵاتیان لە رۆژی سەرژمێریدا لەسەر ئەو شارە تۆمار دەکرێن کە لێی نیشتەجێن، ئەمەش دەبێتە گۆرینی دیموگرافی، بەڵکو پێویستە خەڵک تۆمار بکرێت بە گوێرەی شوێنی ئەسڵی نیشتەجێبونیان کە لە کارتی نیشتمانیدا تۆمار کراوە )پاش گفتوگۆیەکی چڕوپڕ سەرۆک وەزیران رایگەیاند لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا بریاری پێویست بۆ چارەسەرکردنی تێبینەکان دەردەکەن، دوێنی رۆژی سێ شەممە وەکو وەڵامێک بۆ کۆبونەوەکەی سەرۆک کۆمار لە کۆشکی بەغدا، ئەنجومەنی وەزیران بریاری پێویستی دەرکرد کە پێکهاتوە لە حەوت(٧) بەگشتی بریاری باش و چاکن. ئەمەی لای خوارەوە پوختەی جەوهەری حەوت برگەکەی بریارەکەیە:
١: حکومەتی عێراق باپەندی خۆی دوپات کردەوە، بە بریارێکی پێشوی دادگای فیدراڵی کە لەساڵی ٢٠١١ دەرچوە، بریارەکە مەسەلەی پرسیارکردنی دەربارەی نەتەوەو مەزهەب لە هاوڵاتیان قەدەغەکردوەو هەروەها دەڵێت ؛ئەنجامی سەرژمێری نابێت بۆ چارەنوسی کەرکوک و مادەی ١٤٠ حساب بکرێ.
٢: بۆ کەرکوک و ناوچەکانی تری مادەی ١٤٠ لە بری ئەوەی یەک کارمەند کاری سەرژمێری بکات تیمێکی سێ کەسی لە نەتەوەکانی کوردو عەرەب و تورکمان سەرژمێری دەکەن . لەو ناوچانەشی کە زۆرینەی مەسیحین ،لە بری تورکمان لە نەتەوەی مەسیحی کارمەند هەڵدەبژێرن.
٣: هەردوو دەستەی ئاماری هەرێم و فیدراڵ پێکەوە، بەهاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵ پاش تەواوبونی سەرژمێری هەڵدەستن بە بەراوردکردنی زانیارییە تۆمارکراوەکان بۆ ناوچەکانی مادەی ١٤٠ و بەراوردی ئەکەن بە داتای سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ .لەهەمان کاتدا بەراوردی ئەکەن لەگەڵ تۆماری ئاوارەکانی وەزارەتی کۆچبەران، بۆ نمونە هاوڵاتیەک کە لە رۆژی سەرژمێریدا لە کەرکوک دانیشتوەو خۆی لەوێ تۆمارکردەوە، ئەم لیژنە هاوبەشە سەیری تۆمارە کۆنەکەی ساڵی ١٩٥٧ دەکەن، بزان لە سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ ناوی هەیەو تۆمارن ،یان بە پێچەوانەوە ، ئەگەر تۆمار نەبوو ،ئەوا لەسەر کەرکوک ناونوس ناکرێن و دەخرێنەوە سەر شارە ئەسڵیەکانیان، نمونەیەکی تر ،هاوڵاتیەک ئاوارەی سەلاحەدینەو لە کەرکوکە دانیشتوە لەسەر کەرکوک تۆمارکراوە، دووبارە پاش سەرژمێری ،لیژنە هاوبەشەکە بەراوردی ناوەکەی دەکات بە ئاماری کۆچبەران، ئەگەر ناوی هەبوو لە تۆماری کۆچبەراندا کەواتە خەڵکی کەرکوک نیەو لەسەر سەلاحەدین ناونوس دەکرێ.
٤: هەردوو وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و فیدراڵی پێکەوە ئەو کارەی برگەی ٣ ی سەرەوە ئەنجام دەدەن .
٥: پابەندکردنی وەزارەتی پلان دانانی فیدراڵی بە ئامادەکردنی خشتەی ئامار دەربارەی ئەو هاوڵاتیانەی کە بەشێوەی میوانداری لەشارێکی ترن، بۆ کاروکاسبی نیشتەجێن لە ناوچەکانی مادەی ١٤٠ و باقی پارێزگاکانی تر، ئەمەش وەکو وەڵامێک بۆ سەرنجەکانی هەرێم ، بۆ نمونە ،هاوڵاتیەکی عەرەب لە رۆژی سەرژمێریدا لەهەولێر دانیشتوەو لەسەر ئەوێ تۆمار کراوە، بەڵام دواتر لیژنەکە بەراوردی دەکات لەگەڵ خشتەی ئامار کە ئامادەکراوە ، دەردەکەوێ ئەو هاوڵاتیە بەئەسڵ خەڵکی هەولێر نیە، بۆیە لەسەر شارەکەی خۆی کە پێشووتر لێی بوە تۆمار دەکرێ، نەک لەسەر هەولێر.
٦: تیمی هونەری دەستەی ئاماری هەرێم ،پێویستە لە ژوری ئۆپراسیۆنی سەرژمێری کە لە بەغدایە هەر لەسەرەتای پرۆسەکەوە هەتاوەکو کۆتایی ئامادەبن ئەمەش بۆ دڵنیایی و شەفافیەتی پرۆسەکە .
٧: پێویستە دەستەی ئاماری هەرێم بە خێرایی پرۆسەی راهێنانی کارمەندانی سەرژمێری تەواوبکات.
لە راستیدا ئەمە گۆرانکارییەکی جەوهەریە بۆ پێدانی دڵنیایی بە خەڵکی کوردستان ، کە پرۆسەکە تەنها ئامانجی زانستی و گەشەپێدانەو هیچ بەرنامەیەکی سیاسی لەپشتەوە نیە.
دەگەڕێینەوە سەر وەڵامی پرسیاری گسکی کارەبایی ماڵان! کە لە فۆرمی سەرژمێرییەکەدا هەیە، لە راستیدا هەندێک پرسیار دانراون لەسەرەتادا بۆ هاوڵاتی کەمێک سەیر و پێکەنیناویین! بەڵام ئەگەر لێییان وردبینەوە دەردەکەوێت کە پرسیاری زانستین و زانیاری ئاماژەن بۆ گەشەپێدان و پلانین. کاتێک پرسیارت لێ دەکات لە ماڵەوە گسکی کارەبایت هەیە؟ بەفرگرت هەیە، راوتەری ئینتەرنێتت هەیە، پاسکیل، موبەریدە، جلشۆری ماڵ، تەلەفزیۆن؟ هتد.. ئەمانە بە گوێرەی پێوەری گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ئاماژەن بۆ دیاریکردنی هێڵی هەژاری و ئاستی خۆشگوزەرانی. هەقی خۆیەتی بڵێین، ئەم پرۆسەیە خاڵێکی وەرچەرخانە بۆ بیناکردنی بنکەیەکی زانیاری راست و دروست کە دەوڵەت و خەڵک و زانکۆ و کۆمپانیاکان هەموولایەک سودی لێ وەربگرن. لە کۆتایدا لە فۆلکلۆری کوردیدا وتەیەکی بەناوبانگ هەیە، کاتێک کە حیکایەتخوان کۆتایی بە گێرانەوەی حیکایەتەکەی ئەهێنێت، هەمیشە دەڵێت ؛ منیش تەواوبوم هیچیان پێ نەدام.

سۆشیال میدیا

ڕۆژنامەی زەمەن